مەسرور بارزانی: پێویستە لە هەر پڕۆژەیەکدا 75٪ی هەلی کار بۆ هاووڵاتییانی کوردستان بێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەبێ کۆسپەکانی بەردەم کەرتی پیشەسازی بە مەبەستی پێشخستنی لابدرێت و ئاماژە بەوەش دەکات، ''پێویستە لە هەر پڕۆژەیەکدا 75٪ی هەلی کار بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت.''
رۆژی پێنجشەممە، 22-06-2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی کارگەیەکی چیمەنتۆ لە هەولێر، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''هیوادارم ئەم پڕۆژەیە وەک بەڵێن دراوە، بە کوالێتییەکی بەرز لە ماوەیەکی دیاریکراودا تەواو بکرێت و لە دروستکردنیشی مەرجەکانی سەلامەتیی کرێکاران و ژینگەپارێزی لەبەرچاو بگیرێت.''
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا لە کاتی بەگەڕکەوتنی ئەم کارگەیە، بە سەدان هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێت؛ گوتیشی، ''پێویستە 75٪ی دەرفەتەکانی کار لە هەر پڕۆژەیەکدا بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شارەزاییش لە کارەکەدا، راهێنان بە کرێکاران و ئەندازیارانی کوردستان بکرێت.''
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوایکرد، لە دروستکردنی ئەم کارگەیەدا بابەتی ژینگەپارێزی، گەرمبوونی زەوی و سنووردارکردنی دەرچوونی گازە زیانبارەکان لەبەرچاو بگیرێت.
مەسرور بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی خۆی لەبواری هەمەجۆرکردنی ئابووریدا، بایەخێکی زۆری بە هەردوو کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ داوە و دەڵێت: ''دەڤەرەکەمان کەرەستەیەکی خاو و سەرەتایی زۆری هەیە کە دەکرێت ببێتە هەوێنی دروستکردنی زۆر لە کارگەکان، بوژاندنەوەی پیشەسازی و دابینکردنی پیداویستیی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت هەناردەکردنیشی بۆ ناوچەکە.''
ئەم کارگەیە بۆ دروستکردنی چیمەنتۆ، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە کەرەستە و کەرەستەی خاوی نێوخۆیی دەبەستێت. وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زۆربەی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان لە هاوردە دەکرێت، ئەوە لەکاتێکدایە ''دەتوانین بەشێکی زۆری ئەم بەرهەم و پێداویستییانە لە نێوخۆی کوردستان دروست بکەین، ئەوکات هەم کەرتی پیشەسازیمان دەبووژێتەوە، هەم بێکاری کەمتر دەبێت و پشتبەستنیشمان بە دەرەوە سنووردار دەبێت.''
مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، گەشەسەندنی کەرتی پیشەسازی پێویستی بە هەر هاوکارییەک بێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان درێخی ناکات و گوتی''لێرەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی رادەسپێرم کە ئاسانکاریی زیاتر بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی بکەن و هەر ئاستەنگ و لەمپەرێکیش هەبێت، پێویستە لابدرێت.''