لە هەولێر پیاوێک بەبێ ئاگاداریی خاوەنەکانیان، 40 خانووی خەڵکی فرۆشتووە
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی نۆ ساڵە خاوەن نووسینگەیەکی خانووبەرە لە کۆمەڵگەی شاوێس سەرجەم ئەو خانووانەی کە لەلای داندرابوون بۆ کرێ، بەبێ ئاگاداریی خاوەنەکانیان فرۆشتوون، ئەو خانووانەی فرۆشتوونی تاپۆ نین و پێشتر بە زێدەڕۆ دروستکراون.
قاسم و مام ئەمین هەر دووکیان خاوەنی ئەو خانووەن کە لەبەردەمی وەستاون؛ قاسم 15ی مانگی ئابی 2020 خانووەکەی بە 30 هەزار دۆلار کڕیوە. دوای 15 رۆژ بەبێ ئاگاداری قاسم، خاوەن نوسینگەیەکی خانووبەرە خانووەکەی فرۆشتۆتە مام ئەمین بە 30 هەزار و 500 دۆلار. ئەو دوو پیاوە ماوەی 10 رۆژە بۆیان دەرکەوتووە کە خاوەن نوسینگەکە فێڵی لێکردوون.
قاسم سەمەد دەڵێت، ئەو کەسە "هەستابوو خۆی کردبووە خاوەنی خانووەکە، گوتبووی هی منە و دابووە کاک حاجی. ئەو خانووە تاپۆ نییە، تەنیا گرێبەستی هەیە."
ئەمین کانەبیش دەڵێت، "تاوەکو ئەمە روویدا نەمانزانیبوو. ئەو کەسە تەلەفۆنی کرد، ئەوکاتە زانیمان کە خانووەکە خاوەنێکی دیکەی هەیە." دەشڵێت، "پارەکە رۆیشت، لەکێ وەریگرمەوە؟"
هێمن ئەحمەد کەسێکی دیکەیە کە فێڵی لێکراوە و دەڵێت، "حەزی نەدەکرد کارەبا و ئاوەکەی بە ناوبکەن. دیارە دەیزانی شتێک روودەدات. کێشە دروستدەبێت. هەرسێکمان تەنیا گرێبەستمان هەیە. کرێشمان وەردەگرت. من کرێم وەردەگرت. کرێی دەدایە دوو کەسی دیکەش."
خاوەن نوسینگەکە نزیکەی 40 خانووی لە شاوێس فرۆشتوون، لەم مامەڵەیەش نزیکەی ملیۆنێک دۆلاری دەستکەوتووە.
کوڕی خاوەن نوسینگەکەش دەڵێت، باوکی لە مامەڵەی هەوایی دۆلار ئیفلاسی کردووە و نازانن بۆ کوێ رۆیشتووە.
(ح ، م) جگە لە کاری کڕین و فرۆشتنی خانوو، 15 ساڵیشە مامۆستای بیرکاری بووە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاوێس. تۆمەتبار 13 سکاڵای لەسەرە و فەرمانی دەسگیرکردنی بەپێی مادەی 457 تایبەت بە فێڵکردن بۆ دەرچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە.