رووداو دیجیتاڵ
دوای بارینی بارانی بەلێزمە لە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان، لافاو دروستبوو و زیاتر لە 200 ماڵ و 50 شوێنکار پڕ ئاو بوون.
شەپۆلێکی باران بەشێکی زۆری پارێزگاکانی باکووری کوردستان و تورکیای گرتووەتەوە. لە ئێوارەی دوێنێ (چوارشەممە، 21-6-2023) لە شارۆچکەی هاسانکەلە لە سنووری پارێزگای ئەرزەڕۆم باران بەردەوام بوو و لە چەند شوینێکدا لافاو هەستا.
هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆش (پێنجشەممە، 22-6-2023) لە ناوەندی شارۆچکەکەدا لافاو هەستا و لە ماوەیەکی کەمدا ئاستی ئاو بە شێوەیەک بەرزبووەوە کە هاونیشتمانیان تەنانەت نەیانتوانی لە ماڵەکانیان بڕۆنە دەرەوە و کاسبکارانیش نەیانتوانی دووکانەکانیان بکەنەوە.
لە شارۆچکەکەدا زیاتر لە 200 ماڵ و 50 شوێنکار پڕ ئاو بوون و زیانی ماڵیی زۆریان بەرکەوت. تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی گیانی بڵاونەکراوەتەوە.
تیمەکانی شارەوانی بەردەوامن لە کردنەوەی ئەو کەناڵ و ئاوەڕۆیانەی گیراون. هاوکات تیمەکان دەگەڕێن و ئەو هاونیشتمانییانە رزگار دەکەن کە بەهۆی لافاوەوە گیریان خواردووە.
بەگوێرەی داتای دەزگای کەشناسیی تورکیا، ئەمڕۆ پلەی گەرما لە پارێزگای ئەرزەڕۆم لەنێوان 9 بۆ 17 پلەی سیلیزی دەبێت، رێژەی هەور 85٪ـە و باران بەردەوام دەبێت. خێرایی با لەو پارێزگایەدا 15 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ