بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم: هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر کۆمپانیای دانەگاز لە کۆرمۆر

22-06-2022
هێمن بابان رەحیم
ئەو شوێنەی کە مووشەکی لێکەوتووەتە خوارەوە
ئەو شوێنەی کە مووشەکی لێکەوتووەتە خوارەوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە مووشەک هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی بەرهەمهێنانی گازی کۆرمۆر کە کۆمپانیای دانەگاز کاری تێدا دەکات و هێشتا دیارنییە بە چەند مووشەک هێرشکراوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 22-6-2022، سدیق محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 16:45ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی بەرهەمهێنانی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ کە کۆمپانیای دانەگاز کاری بەرهەمهێنانی گازی تێدا دەکات و مووشەک بە دیاریکراوی لە پەرژینی کۆمپانیاکە کەوتووەتە خوارەوە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هێزەکانی دژەتیرۆر_CTG لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دا، "یەک کاتیۆشا لە شوێنێکی نادیارەوە ئاڕاستەی کێڵگەی کۆرمۆر کرا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە."
 
کۆرمۆر یەکێکە لە گوندەکانی شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی و کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی گازی تێدا دەکەن و یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان بەتایبەت نەوت و گاز.
 
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
 
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008 بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە