رووداو - هەولێر
بەرەبەیانیانی زوو جووتیارانی ناوچەی زرارەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەچنە نێو بێستانەکانیان و بە هەرەوەزی شووتی لێدەکەنەوە، بەرهەمی شووتی ئەمساڵ بەگوتەی جووتیاران زۆرە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆ بە ئەستەم دەتوانن بەرهەمەکانیان ساخبکەنەوە.
محەممەد سالم، جووتیارە و لەبارەی بەرهەمی شووتی ئەمساڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمساڵ بەرهەمی شووتی زۆربوو، بەڵام ساخکردنەوەی لە عەلوەکان ئەستەم بووە و دەشڵێت، ئەمساڵ شووتییەکانی بردووەتە عەلوەکانی موسڵ و لەوێ ساخیکردوونەتەوە.
بەگوتەی ئەو جووتیارە نرخی شووتی خۆماڵی لە عەلوەکانی موسڵ گرانترە و سوودی زیاتری هەیە بۆ ئەوان. چونکە "لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان شووتی خۆماڵی زیاترە هەر لەبەرئەوەشە نرخەکەی هەرزانترە".