داواكاری گشتی لەسەر زبڵی زاخۆ دێتە دەنگ
رووداو- زاخۆ
كۆكردنەوەی زبڵی ماڵەكانی زاخۆ لەلایەن كۆمپانیایەك و فڕێدانی لەنێو سەنتەری شاردا، هاووڵاتیانی ئەو شارەی بێزار كردووە. داواكاری گشتیش لەسەر ئەو زبڵە دێتە دەنگ.
لە مانگی 10ی 2015ەوە خاوێنكردنەوەی قەزای زاخۆ دراوەتە كۆمپانیای سوار، بەڵام تاوەكو ئێستا گرێبەستەكەی ئیحالە نەكراوە و كۆمپانیاكەش مافی خۆی وەرنەگرتووە.
بژار مونیب، سەرۆكی شارەوانی زاخۆ بە (رووداو)ی راگەیاند، لە شەش مانگی رابردوودا 11 هۆشدارییان داوەتە كۆمپانیاكە و سێ جاریش سزایان داوە، بەهۆی ئەوەی ئەو زبڵەی كۆی دەكاتەوە، هەر لە سەنتەری شار فڕێی دەدات، ئەو شوێنەی زبڵەكەی لێ فڕێ دەدات تەنیا 500 مەتر لە ئاوەدانی دوورە.
داواكاری گشتی بەدەنگ دێت
زبڵەكە جگە لە بۆنەكەی، زۆرجار دووكەڵی سووتانەكەشی بەسەر شاردا بڵاودەبێتەوە، ئەوەش ناڕەزایی هاووڵاتیانی لێكەوتووەتەوە، بەو هۆیەشەوە داواكاری گشتی هاتووەتە سەر هێڵ.
عەلی فەیسەڵ، داواكاری گشتی لە زاخۆ بە (رووداو)ی راگەیاند، دوای قسەكردن لەگەڵ قایمقام و سەرۆكی شارەوانی، ئەوان بەپێی یاسا سكاڵا تۆمار دەكەن و ئێمەش بەدواداچوونی بۆ دەكەین، چونكە ئەو زبڵە زیانێكی زۆر بە خەڵك دەگەیێنێ.
ئەو شوێنەی كە كۆمپانیاكە كارەكانی تێدا رایی دەكات و ئۆتۆمبێلەكانی تێدا دەوەستێنێ، پێیدەڵێن بەرزیرێ. بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) ئەو شوێنە سەرەتا كەسێك لەگەڵ خاوەن كۆمپانیاكە بە واستە دەستنیشانی كردووە و كۆمپانیاكە مانگانە كرێی دەداتێ.
هێرش عیسا سوار، خاوەنی كۆمپانیای سوار ئامادە نەبوو قسە لەسەر ئەو شوێنە بكات و گوتی "گەندەڵی زۆر گەورەتر هەیە قسەی لەسەر بكرێت". گوتیشی "تا ئێستا شارەوانی هیچ شوێنێكی بۆ ئۆتۆمبێل و ئامێرەكانی كۆمپانیاكەمان دیاری نەكردووە".
سەرۆكی شارەوانیی زاخۆ دەڵێَت "نووسراومان بۆ پارێزگا كردووە بۆ ئەوەی شوێنێك بۆ كۆمپانیا دیاری بكەن، بەڵام دەڵێن تاوەكو گرێبەستەكە ئیحالە نەكرێت، ناتوانین".
هێرش عیسا سوار خاوەن كۆمپانیای سوار دەڵێت "خودی پارێزگاری دهۆك هۆكاری ئیحالەنەكردنی گرێبەست بووە، پارێزگار شەش مانگ كاری ئێمەی دواخستووە كە دەبووایە مانگانە 388 ملیۆن دینارمان وەربگرتایە، بەڵام بۆچی دەسەڵاتی داوەتە خۆی دوو جار بۆ ماوەی شەش مانگ گرێبەستی كۆمپانیای خاوێنكردنەوەی سێمێل درێژ بكاتەوە، شەش مانگە بەبێ ئەوەی یەك دینارمان بدەنێ بەردەوامین لە كاركردن".
بەڵام سەرۆكی شارەوانیی زاخۆ دەڵێت "پارێزگار بە ئێمەی راگەیاندووە تاوەكو هەموو ئامێر و پێداویستییەكانی دابین نەكات، گرێبەستەكە ئیحالە ناكەین، هەر بۆیە ئێستا حكومەت دوو ملیار و 328 ملیۆن دیناری كۆمپانیای سوار قەرزدارە".
خاوەنی كۆمپانیای سوار دەڵێت ئەگەر تاوەكو سەری مانگ گرێبەستەكە ئیحالە نەكرێت، ئەوە ئیشەكە بەجێدێڵێ و رێگە بە كەسی دیكەش نادات كار بكات، چونكە بەگوتەی خۆی بایی 3 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار ئۆتۆمبێلی كڕیوە.
خاوەنی كۆمپانیای سوار ئاشكرای كرد كە ئەو كۆمپانیایەی پێش ئەوان زاخۆی پاك دەكردەوە، هەشت دۆنم زەوی بەشێوەی موساتەحە بۆ ماوەی 25 ساڵ وەرگرتووە.
سەرۆكی شارەوانیی زاخۆش ئەوەی پشتڕاست كردەوە و گوتی ئەوە هەڵە بووە، بۆیە دەڵێت "لەمەودوا زەوییەك دەستنیشان دەكەین، هەر كۆمپانیایەك بێت ئیشی خۆی تێدا دەكات، كە رۆیشت بە كۆمپانیای دوای ئەو دەدرێت".