کوردە ئێزدییەکان نامەیەک دەدەنە ئەنجلینا جولی

رووداو - باکووری کوردستان

ئاوارە کوردە ئێزدییەکانی باشووری کوردستان کە روویان لە باکووری کوردستان کردووە نامەیەک دەدەنە ئەنجێلینا جولی، ئەکتەری بەناوبانگی ئەمریکی و داوای لێدەکەن کە وڵاتانی ئەوروپا وەک پەنابەر وەریانبگرێت.

جولی، کە هاوکات نوێنەری نیازپاکی نەتەوەیەکگرتووەکانیشە رۆژی شەممە 20ی حوزەیران سەردانی کامپی ئاوارەکانی شەڕی داعشی کرد لە شارۆچکەی میدیات لە باکووری کوردستان و لەوێ کوردە ئێزدییەکان نامەیەکیان پێداوە کە تێیدا داواکراوە"منداڵ و ژنەکانمان لێرەش هەست بە مەترسی داعش دەکەن، ناتوانین بەم ترسەوە بگەڕێینەوە خاکی خۆمان".

 لەکاتی بەستنی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێریس، كۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران، ئەنجلینا جولی ئاماژەی بەوەدا، کە" ئەو چاودێری دۆخی پەنابەرە کوردە ئێزدییەکان دەکات لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا".

ئەنجلینا جولی لە قسەکانیدا گوتی: " دەزانم بەشێکی زۆریان خوازیاری وەرگرتنی مافی پەنابەریێتین لە وڵاتانی ئەوروپا، سەرەڕای ئەوەی لە دیدارەکانی پێشووم لەگەڵیاندا داوای باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانیان دەکرد لە کەمپەکان".

جولی گوتیشی : "بەداخەوە، من سەرۆکی یەکێک لەو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا نیم، بەڵام لێرەوە داوا لە سەرجەم وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکەم، دەرگەکانیان بەڕووی پەنابەرە کوردە ئێزدییەکاندا بکەنەوە و چارەسەرێک بۆ پاراستنی ئەو کەسانە بدۆزنەوە، کە ناتوانن لە وڵاتەکانیان بمێننەوە".