هەرێمی کوردستان بۆ پێشگرتن لە تای خوێنبەربوون شەش رێکار دەگرێتەبەر
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان گرتنەبەری شەش رێکاری بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون راگەیاند، بەڕێوەبەری ڤێتێرنێریی راپەڕینیش دەڵێت، هەڵمەتێک دەستپێدەکەن.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەپێناو رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان، کە ئێستا هەندێک لە پارێزگاکانی عێراقی گرتووەتەوە، وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێم شەش رێکارى دەرکرد.
رێکارەکان ئەمانەن:
یەکەم: پێویستە سەربڕینى ئاژەڵان لە سەربڕخانە فەرمییەکان بێت و بە پشکنین و مۆری فەرمیی ڤێتێرنێری بکەوێتە بازاڕ، سەربڕین لە سەر رێگە و شەقام و لاکۆڵانەکان قەدەخەیە.
دووەم: پشکنینى پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بۆ ئاژەڵەکان بکرێت بە مەبەستی دڵنیابوون لە تەندروستییان.
سێیەم: پێویستە رێکارە تەندروستییەکان لە پۆشینی جلوبەرگی تایبەتمەند و بەکارهێنانى کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکان رەچاو بکرێت.
چوارەم: پێویستە لە خاڵە سنوورى و فڕۆکەخانەکان پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکرێت کە دێنە نێو هەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی دڵنیابوون لە تەندروستییان.
پێنجەم: وەزارەت رێکاری پێویست دەگرێتەبەر بە مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شووشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆر (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونە لەنێوان ئاژەڵەکان و ئەم هەڵمەتە هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
شەشەم: کۆنترۆڵکردنی دیاردەی بازرگانیی ئاژەڵان بە شێوەی نافەرمی لە دەرەوە و نێو هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها رێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵی ئەو پارێزگایانەی کە نەخۆشییەکە تێیاندا بڵاو بووەتەوە.
سەعدی تەیب، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنێریی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تای خوێنبەربوون یەکێکە لەو نەخۆشییانەی ئەگەری بڵاوبوونەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە و لە رێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوێزرێتەوە، بۆیە بۆ کۆنترۆڵکردنی بەدوای بنبڕکردنی هۆکارەکانیەوەین لە رێگەی رشاندنی گەوڕی ئاژەڵان و شووشتنی ئاژەڵان و بەکارهێنانی دەرزیی تایبەت، بۆیە ئێمە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەڵمەتێک دەستپێدەکەین و کۆمەڵێک رێکار دەگیرێتەبەر."
هەروەها گوتی، "ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی تایبەت بەو نەخۆشییە و بەرگرتن لێی دەبێت."
هەینی 17-05-2024 سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشکرای کرد، لە عێراق 39 کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون و پێنج کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسی هاوبەشە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا، لە رێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ بەشێوەیەکی سەرەکی دەگوازرێتەوە؛ ئاژەڵی ماڵی و کێوی وەک گوێزەرەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ دادەنرێن؛ بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا نوێ نییە و سەرەتاکەی بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە.
نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە ئەمانەن: سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵ دەبێت.
تای خوێنبەربوون ئەم ساڵ سەرەتا لە پارێزگاى زیقارى باشوورى عێراق بڵاوبووەوە، کە ژمارەى دانیشتووانى زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە و زۆرینەى تووشبووەکانیش لە عێراقدا هەر لەو پارێزگایەن، ئێستا لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە.
مێژووی تای خوێنبەربوون لە عێراق بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە، نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ، لە رێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ بەشێوەیەکی سەرەکی دەگوازرێتەوە، دیارترین نیشانەکانى بریتین لە تا، ئازارى ماسوولکە و سکچوون.