عەرەبی هاوردە پەلاماری گەنجێکی کورد دەدەن و بە سەختی برینداری دەکەن

22-05-2024
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
پەلاماردانی گەنجێکی کورد لەلایەن عەرەبی هاوردەوە
پەلاماردانی گەنجێکی کورد لەلایەن عەرەبی هاوردەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندی نادراوەی سەر بە قەزای دوبز، عەرەبی هاوردە هەوڵی کوشتنی گەنجێکی کورد دەدەن و بە سەختی بریندار دەبێت.
 
گەنجە کوردەکە دەڵێ عەرەبە هاوردەکان مەڕیان کردبووە نێو دەخل و دانەکانیانەوە ''داوام لێکردن مەڕەکان دەربکەن، کەچی پەلاماریان دام.''
 
گەنجە بریندارەکە ناوی دانا ئەحمەدە. بە رووداوی گوت بە عەرەبە هاوردەکانی گوتووە "مەڕەکانتان دەربکەن، هێشتا دروێنەمان نەکردووە، کەچی یەکێکیان گوتی 'ئێوە کوردن، کورد لێرە زەویی نییە و دەریان ناکەین.' بووە شەڕمان، ئەوان دوو کەس بوون و لە منیان دا، بە بۆڕی و دەمانچە."
 
ئەحمەد عومەر، باوکی دانا دەڵێ "خاڵێکی سەربازی لێرەیە لە گوندەکەمان. گوێیان لە تەقەکان بوو و رۆیشتن. سەربازەکان رۆیشتن. یەکێکیان (لە دوو عەرەبە هاوردەکەی پەلاماری دانای کوڕیان داوە) هەڵات و یەکێکیان بە دەمانچەوە دەستگیرکرا، ئێستا لە زیندانە."
 
ئەو عەرەبە هاوردانەی پەلاماری گەنجە کوردەکەیان داوە، ماوەی چەند ساڵێکە لە خوارووی موسڵەوە هاتوونەتە سنوورەکە و لە بارەگایێک نیشتەجێن، کە پێش 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 سەنگەری پێشمەرگە بوو.
 
خەڵکی ناوچەکە بەدەست هاتنی بەلێشاوی عەرەبە هاوردەکان هەراسانن.
 
ناهیدە کوڕێکی شەهیدە و تەواوی زەویوزاری لەلایەن هاوردەکانەوە داگیرکراوە. دڵی پڕە لەو دۆخە خراپەی لە سنوورەکەیاندا بەسەر کورددا دێت.
 
ناهیدە خدر، خەڵکی گوندی نادراوە بە رووداوی گوت "کە زەویت رۆیشتبێت، باشیت چییە؟ ترس و لەرزە، ئەوە باشە؟ زۆر بەداخم زۆر. زۆر دڵم پڕە و زۆر هیلاکم."
 
عومەر شاسوار، موختاری گوندی چەخماخە باسی ئەوە دەکات "هەموو سنوورەکە، سنووری کوردە و موڵکی کورد بووە. ئێستا ئەم زەوی و موڵکانەمان هەمووی لێ زەوتکراوە."
 
عوسمان خدر، موختاری گوندی نادراوەیە و دەڵێ "دۆخی کورد زۆر خراپە بەڕاستی، هەتا بڵێی خراپە. هیچ دەرفەتێک نییە کورد جوڵە بکات."
 
تەعریب و داگیرکاری زەوی لە هیچ ناوچەیەکی پارێزگەی کەرکووک هێندەی ئەم سنوورە بەچڕی نەبووە. زۆربەی گوندەکان دەکەونە رۆژهەڵاتی قەزای دوبز و ئەگەرچی بەشێکیان بەناوی نائارامیی دۆخی ئەمنییەوە چۆڵکراون، بەڵام خەڵک بڕوایان وایە ئەو دۆخەش بەدەستی ئەنقەستە و ئامانج لێی هەراسانکردنی کوردانی ئێرەیە.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە