سەرۆکی یەکێتیی بەیت نەهرێن: داوای جیاکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی پێکهاتەکان دەکەین

22-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حیزبی یەکێتیی بەیت نەهرێنی نیشتمانیی کریستیانەکان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو داوایەک بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەرزدەکەنەوە و داوا دەکەن؛ پێکهاتەکان تۆماری دەنگدانی تایبەت بەخۆیان هەبێت.
 
یوسف یەعقووب مەتێ، سەرۆکی حیزبی یەکێتی بەیت نەهرێنی نیشتمانی، کە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەسەر بنچینەی تانەکەی ئەو، پێنج کورسیی بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان تەرخانکرد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بڕیارەکە چەند وردەکارییەکی تێدا نییە، ئەو وردەکارییانە رێکارن و کۆمیسیۆن دەیانگرێتەبەر، لەوانە دابەشکردنی کورسیی پێکهاتەکان کە دەبێت دادپەروەریی تێدا بێت، جگە لە نەبوونی تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بە پێکهاتەکان."
 
سەرۆکی حیزبی یەکێتیی بەیت نەهرێنی نیشتمانی گوتی "لەدوای بڕیارەکەی رۆژی 20ـی ئەم مانگەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کۆمیسیۆن دەست بە رێکارەکانی دەکات، بۆیە ئێمە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو لە کۆمیسیۆن، لەبارەی ئەو دوو خاڵەوە داوایەک بەرزدەکەینەوە و ستەملێکراویی خۆمانیان پێڕادەگەیەنین."
 
یوسف یەعقووب مەتێ دەڵێت لە داواکارییەکەیاندا داوا دەکەن بۆ هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، تۆماری دەنگدانی تایبەت بەخۆیان هەبێت.
 
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی 20ـی ئەم مانگە و لەسەر بنچینەی تانەیەکی یوسف یەعقووب مەتێ، بڕیاری تەرخانکردنی پێنج کورسی کۆتای بۆ پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستانی لە چوارچێوەی 100 کورسییەکە دا، بەپێی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو کورسییانە بۆ دوو پێکهاتە لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان دەبن و بەمشێوەیە "لە سلێمانی دوو کورسی (یەک بۆ تورکمان و یەک بۆ کریستیان) لە هەولێر دوو کورسی (یەک بۆ کریستیان و یەک بۆ تورکمان) لە دهۆک یەک کورسی بۆ ئەرمەن."
 
رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2024، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام چەند سکاڵا و تانەیەک لە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان و دادگەی فیدراڵی تۆمارکراون و، بڕیار لەبارەی هەندێکیان دەرچووە و خشتەی کارەکانی کۆمیسیۆنیان دواخستووە.
 
رۆژی 6ـی ئایاری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵایەکی لە دژی سیستمی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و لابردنی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لە دادگەی فیدراڵی سکاڵای تۆمار کرد. داوایکرد دادگەکە مادە دووی سیستەمی تۆمارکردنی لیستی بەربژێران و پەسەندکردنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ـی ساڵی 2024 بە نادەستووری بزانێت، بەڵام رۆژی چوارشەممە دادگە سکاڵاکەی رەتکردەوە.
 
 
پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 100 کورسی پێکدێت، بەسەر ئەم بازنانە دابەشکراوە:
 
1- پارێزگای هەولێر: 34 کورسی
2- پارێزگای سلێمانی: 38 کورسی
3- پارێزگای دهۆک: 25 کورسی
4- پارێزگای هەڵەبجە: 3 کورسی

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."