بەڕێوەبەری ئاوی ورمێ: ئاستی گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکانمان 12٪ زیادی کردووە

رووداو دیجیتاڵ

ئەمساڵ دۆخی بەنداوەکانی ورمێ باشە و بەراورد بە پار، بڕی ئاوی گلدراوە لە بەنداوەکاندا 12.5٪ زیادیکردووە. 
 
مەجید رەستگاری، بەڕێوەبەری ئاوی پارێزگای ورمێ ئەمڕۆ (چوارشەممە، 22-5-2024) رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە وەرزەکانی زستان و بەهاری ئەمساڵدا بڕێکی باشی بەفر و باران لە سنووری پارێزگای ورمێ باریوە، قەبارەی ئاوی گلدراوە لە بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە زیاترە لە پار.
 
رەستگاری گوتی، ئێستا 1 ملیار و 383 ملیۆن مەتری سێجا ئاو لە بەنداوەکانی پارێزگای ورمێ گلدراوەتەوە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی پار کە 1 ملیار و 272 ملیۆن مەتر سێجا بوو، 12.5٪ زیادیکردووە.
 
بەگوتەی مەجید رەستگاری، زیاترین ئاو لە بەنداوی بۆکان گلدراوەتەوە، کە 651 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
 
بەڕێوەبەری ئاوی پارێزگای ورمێ ئاماژە بەوەش دەکات، بەنداوی سەردەشت بە گلدانەوەی 360 ملیۆن مەتر سێجا، بەنداوی مهاباد بە گلدانەوەی 161 ملیۆن مەتر سێجا و بەنداوی شەهرچای (سیلوانا)ـی ورمێ بە گلدانەوەی 114 ملیۆن مەتر سێجا، لە پلەی دووەم تاوەکو چوارەم دێن.
 
لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان 16 بەنداوی گەورە، مامناوەند و بچووک هەن، کە توانای گلدانەوەی 2.5 ملیار مەتری سێجا ئاویان هەیە.