لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە مهاباد 4 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا

22-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سەر رێگەی مهاباد - میاندواو، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ی ئایاری 2024، لە سەر رێگەی سەرەکیی نێوان مهاباد - میاندواو و لە نزیک سێڕێیانی ترشکان و گوندی بەردەڕەشان روویداوە و لە نێوان پاسێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا بووە.
 
سەردار فداکارموکری، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی مهاباد رایگەیاند، لە رووداوەکەدا چوار کەس لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە گیانیان لەدەستداوە و ‌هەشت کەسی دیکەش لە سەرنشینانی پاسەکە بریندار بوون.
 
رەزا پەناهی موقەدەم، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە لە رێڕەوی خۆی دەرچووە و خۆی کێشاوەتەوە بە پاسەکەدا.
 
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی خراپی رێگەوبانەکان، پابەندنەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکانی هاتووچۆ و خێرایی زۆر، هەزاران کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدەدەن و هەزارانی دیکە بریندار دەبن.
 
رۆژی 30ی ئاداری 2024، رەزا پەناهی موقەدەم، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە 15 بۆ 29ی ئاداری ئەم ساڵ، 15 کەس لە سنووری پارێزگەکە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، کە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، 33% کەمبووە.
 
رۆژی 7ی نیسانی 2024، ئەحمەد شیرانی، بەڕێوەبەری ناوەندی زانیاری و کۆنترۆڵی ترافیکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای نەورۆزەوە تائێستا 100 هەزار رووداوی هاتووچۆ لەو وڵاتە روویانداوە و بەهۆیەوە 813 کەس گیانیان لەدەستداوە و 21 هەزار و 441 کەسیش بریندار بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە