رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر کڕینی گازی کۆرمۆر دەردەبڕێت و وەزارەتی کارەبا دەڵێت، لە هەنگاوی یەکەمدا رۆژانە 100 مەقمەق گاز لە کۆرمۆر هاوردە دەکەن، بەبێ رەزامەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی هیلال واژۆ ناکرێت.
مەقمەق یەکەیەکی پێوانەی گازی سرووشتییە، هەر مەقمەقێک دەکاتە یەک ملیۆن پێ سێجا.
رۆژی سێشەممە 21-05-2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. لە یەکێک لە بڕگەکانیدا، ئەنجوومەنەکە راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزاریی وزەی پەسند کرد، سەبارەت بە هاوردەکردنی گازی کۆرمۆر، بۆ وێستگەی کارەبای گازی کەرکووک.
ئەنجوومەنی وەزیران، راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزاریی وزەی (24039 ط) بۆ ساڵی 2024ی پەسند کرد، سەبارەت بە هاوردەکردنی گاز لە (کۆمپانیای نەوتی هیلال).
راسپاردەکە ئەو رەزامەندییە لەخۆدەگرێت کە لیژنەی پێکهێندراو لە وەزارەتی کارەبا پێی گەیشتووە، سەبارەت بە گفتوگۆکردن لەبارەی نرخی گازی وشک، کە چاوەڕوان دەکرێت لەلایەن کۆمپانیای نەوتی هیلال دابین بکرێت، بۆ وێستگەی کارەبای گازی کەرکووک.
رەزامەندییەکە بەپێی وردەکاریی وەزارەتەکە و واژۆکردنی گرێبەست دەبێت لەگەڵ کۆمپانیاکە، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی فەرمانگەی یاسایی لە ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سەلامەتیی رێکارەکانی گرێبەست و وردەکارییەکەی بەگوێرەی یاسا، رێکخستن و رێنماییەکان لەئەستۆی وەزارەتی کارەبایە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007، گرنگیی تایبەت بە کێڵگەی کۆرمۆر درا، هەردوو کۆمپانیای ئیماراتی "دانە گاز" و "نەوتیی هیلال" گرێبەستی پەرەپێدان، بەرهەمهێنان، بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئەو ناوچەیەیان واژۆ کرد.
رۆژی چوارشەممە 21-05-2024، ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە رووداوی گوت، "پێشتر لە وەزارەتی کارەبا لیژنەیەک پێکهێنراوە، دانوستاندنی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی هیلال کردووە بۆ هاوردەکردنی گاز بۆ وێستگەی گازیی کارەبای کەرکووک. بەو پێییەی گازی کێڵگەی کۆرمۆر گەیشتووەتە کێڵگەی جەمبوور، ئەوە ئاسانکارییە بۆ گەیشتنی گاز بە وێستگەی گازی کارەبای کەرکووک."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی، "گفتوگۆکراوە وەک هەنگاوی یەکەم رۆژانە 100 مەقمەق بۆ وێستگەی کارەبای گازی کەرکووک هاوردە بکرێت، بە ئەگەری زیادکردنیشی، بەگوێرەی توانا و لێهاتوویی کێڵگەکە و توانای زیادکردنی بەرهەمهێنان."
ئەحمەد عەبادی دەڵێت، "گفتوگۆ لەسەر نرخەکەشی کراوە، باش و پەسندە. لە گازی هاوردەکراوی ئێرانیش هەرزانتر دەکەوێ. لیژنەی دانوستاندن لێکۆڵینەوەی کردووە و بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی بەرزکردووەتەوە و گفتوگۆ و دەنگی لەسەر دراوە."
سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان عەبادی جەختی لەوەکردەوە "دەبێ رێککەوتنی لەسەر بکرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رازی بێت. نابێ کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی گازی هەرێمی کوردستان هەبێت. لێکتێگەیشتنی گەورە و کاری هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە."
رووبەری کێڵگەی کۆرمۆر نزیکەی 135 کیلۆمەتر دووجایە؛ گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی گازە لە عێراق. یەدەگەکەی بە سەرووی 8.2 تریلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەکرێت.
گازی کۆرمۆر بە بۆری رەوانەی هەردوو وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت و لە 67٪ـی خواستی هەرێمی کوردستان بۆ کارەبا دابین دەکات.
هەروەها راشیگەیاند، "ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر داوە، بریتییە لە هاوردەکردنی رۆژانەی 100 مەقمەق گاز. ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەی پەسندی کردووە کە لیژنەکەی وەزارەتی کارەبا لەگەڵ کۆمپانیاکە دانوستاندنی لەسەر کردووە ، بەڵام تائێستا گرێبەستەکە واژۆ نەکراوە."
بڕی بەرهەمی رۆژانەی 550 ملیۆن پێ سێجا لە "گازی وشک" و 15 هەزار بەرمیل لە "پێکهاتە چڕکەرەوەکان" و نزیکەی هەزار تۆن لە "گازی نەوتیی شل"ـە. گازی بەرهەمهێنراو لە کۆرمۆر بەشی بەرهەمهێنانی رۆژانە 4 هەزار و 200 مێگاوات کارەبا دەکات، دوو هەزار و 800 مێگاواتی دەدرێتە هەرێمی کوردستان، ئەوەشی دەمێنێتەوە دەدرێتە کەرکووک و موسڵ.
قەبارە و یەدەگی کۆرمۆر و خەمڵاندنە جیۆلۆجییەکانی، پێگەیەکی گرنگ دەبەخشنە ئەو کێڵگەیە بە جۆرێك سەرنجی کۆمپانیا وەبەرهێنەرە بیانییەکانی راکێشاوە؛ ژمارەیەک کۆمپانیا پشکیان لە کۆرمۆردا هەیە، دانەگاز و هیلالی ئیماراتی هەر یەکێکیان 35٪ و هەر سێ کۆمپانیای ئۆ ئێم ڤی؛ ئێم ئۆ ئێل و ئاڕ دەبلیوو ئی؛ پشکی 10٪ـیان لە کۆرمۆر هەیە.
فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنانی کۆرمۆر هەمیشە بەشێک بووە لە سیاسەتی جیۆلۆجیی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان بە جۆرێك لە لایەک ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی گازی پێویست بۆ وەبەرهێنانی کارەبای ناوچەکە، لەلایەکی دیکەوە وەبەرهێنانی زیاتری تێدا بکرێت و قەبارەی گازی بەرهەمهێنراوەکەی زیاتر بێت.
لە ساڵی 2023 ئامانجی بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر بە سەرووی 630 ملیۆن پێ سێجا دانرا؛ کارکردن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە 250 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرا، کە لەلایەن کۆمپانیای ئەمریکی بۆ "پارەدارکردن و پەرەدان" دابین دەکرێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای ئەمریکی "ئێکستران."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ