جێگری سەرۆکی پەرلەمان: هەموو دەرئەنجامەکانی دانیشتنی ئەمڕۆ بەهای یاسایی و پەیڕەوییان دەبێت

22-05-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، سەرۆکی پەرلەمان "بە نایاسایی و ناپەیڕەوی" هەوڵی کۆتاییپێکهێنانی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستانی داوە و دانیشتنەکەی جێهێشتووە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش لەژێر رۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی پێیدراوە سەرۆکایەتیی دانیشتنەکەی کردووە، "بۆیە هەموو دەرەنجامەکانی ئەو دانیشتنە دوای بەردەوامبوونی بەهای یاسایی و پەیڕەوی خۆیان دەبێت."
 
رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023ـی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و یەکێک لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بوو کە بووە هۆی دروستبوونی گرژییەکی زۆر لەنێو هۆڵی پەرلەمان. دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکی پەرلەمان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و راستەوخۆ دوای ئەوە نووسینگەی رۆژنامەڤانیی جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش راگەیێندراوێکی بە هەمان ناونیشانی راگەیێندراوەکەی سەرۆکی پەرلەمان بە نێوی "راگەیێندراوێک لە جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە بۆ دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و رای گشتی" بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەرمەبنای دانیشتنی ئاسایی ژمارە چواری رۆژی دووشەممە 22-05-2023 کە سەرۆکی پەرلەمان بە نایاسایی و ناپەیڕەوی هەوڵی کۆتایی پێکهێنانی دا و دانیشتنەکەی جێهێشت، جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەژێر رۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی کە لە بڕگەی یەکەم لە مادەی 19ـی پەیڕەوی ناوخۆ پێیدراوە لە پیادەکردنی سەرجەم دەسەڵاتەکانی سەرۆک لە کاتی ئامادەنەبوونیدا سەرۆکایەتیی دانیشتنی ئاماژە بۆ کراوی کرد و بە پشتبەستن بە بنەما پەیڕەوییەکان دانیشتنەکەی بەڕێوەبرد."
 
لە بڕگەی یەکەم لە مادەی 19ـی پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمانی کوردستان کە دەسەڵاتەکانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی دیاریکردووە هاتووە: "پیادەکردنی سەرجەم دەسەڵاتەکانی سەرۆک لەکاتی ئامادەنەبوونیدا."
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە بەناوی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە: "بەو پێیەی کە دانیشتن دەستی پێکردبوو، نیسابی یاسایی دەستەبەر بوو، بەرنامەی کار تەواو یاسایی و پەیڕەویی بوو، بۆیە لەو کاتەدا دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان نییە کە بە لێکدانەوەی نایاسایی و ناپەیڕەویی پشت بە بڕگەی سێیەم لە مادەی 18ـی پەیڕەو ببەستێت و دانیشتنەکە دوابخات بەڵکو ئەگەر دواخستن و هەڵپەساردنێک پێویست بوایە، ئەوا بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی 48 ئەوە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆکایەتی دەبوو لەگەڵ رەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانی، بەوپێیەش کە زۆرینەی دەستەی سەرۆکایەتی و زۆرینەی پەرلەمانی لەگەڵ بەردەوامبوونی دانیشتنەکەدا. بوو بۆیە چەند خاڵێک رادەگەیەنین."
 
یەکەم: هەموو دەرەنجامەکانی ئەو دانیشتنە دوای بەردەوامبوونی بەهای یاسایی و پەیڕەوی خۆیان دەبێت.
 
دووەم: لەبەرئەوەی سەرۆکی پەرلەمان هۆڵی دانیشتن و باڵەخانەی پەرلەمانیشی بەجێهێشتبوو، بە ئامادەنەبوو هەژمار دەکرێت، بۆیە بەپێی بڕگەی 1ـی مادەی 19ـی پەیڕەو، سەرجەم دەسەڵاتەکانی لەلایەن جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە پیادە دەکرێت و پێویستی بە هیچ تەفویزێک نییە. بۆیە هەموو نووسراوێک بە واژۆی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە بارەی دەرئەنجامەکانی دانیشتنی ژمارەی 4ـی رۆژی 22-05-2023 بۆ هەر دامەزراوەیەک بنێردرێت، هەموو بەهایەکی یاسایی هەیە.
 
لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بە بڕگەی سێ لە مادەی 18ـی پەیڕەوی ناوخۆیی پەرڵەمانی کوردستان کرد و پشتبەستن بەو بڕگەیە راستەوخۆ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانی دواخست.
 
 
لە بڕگەی سێی مادەی 18ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هاتووە، "کردنەوەی خول و دانیشتنەکانی پەرلەمان، سەرۆکایەتیکردنیان، کۆتاییهێنان و دواخستنیان، دەستنیشانکردنی کاتی ئەنجامدانیان."
 
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی گرژیی نێوان فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتییەوە لەسەر خستنە بەرنامەی کاری بڕگەیەکی تایبەت بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە؛ فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، بە دەنگی 58 پەرلەمانتار کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە و فراکسیۆنی یەکێتی ئەوەی رەتکردەوە و رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی دواخستووە دواتر ئەو دەنگدانە کراوە.
 
د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش لە راگەیێندراوێکدا بە ناونیشانی "راگەیێندراوێک لە سەرۆکی پەرلەمانەوە بۆ دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و رای گشتی" ئاماژەی بەوە کردووە، "بەرمەبنای دانیشتنی ژمارە (4)ی رۆژی دووشەممە کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەژێر رۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی لە بڕگەی سێیەم لە ماددەی (18) لە پەیڕەوی نێوخۆ پێیدراوە و تێیدا هاتووە (کردنەوەی خول و دانیشتنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیکردنیان، کۆتاییپێهێنان و دواخستنیان، دەستنیشانکردنی کاتی ئەنجامدانیان) دانیشتنی ئاماژە بۆ کراوی سەرەوە دواخراوە و کۆتایی پێهاتووە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە بەناوی نووسینگەی رۆژنامەڤانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، "هیچ دەرئەنجامێکی ئەو دانیشتنە دوای دواخستنی بەهای یاسایی و پەیڕەوی نابێت. بەگوێرەی بڕگەی (11)ی مادەی (18) دەسەڵاتی واژۆکردنی سەرجەم نووسراوەکانی پەرلەمان تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەماندایە و بەڕێزیان ئەو دەسەڵاتەی بەکەسی دیکە نەداوە بەکاری بهێنێت؛ بۆیە هەر نووسراوێک بەبێ واژۆی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەک بنێردرێت هیچ بەهایەکی یاسایی نییە."
 
پێشتر پارتی و یەکێتی و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن رێککەوتبوون کە بە هەمان پێکهاتەی ئێستایەوە کارابکرێتەوە، بەو مەرجەی هەر لایەنێک ئازاد بێ لە گۆڕینی نوێنەرەکەی تێیدا، بەڵام بەهۆی تاکە خاڵی ناکۆکی نێوانیان کە 11 کورسی پێکهاتەکانە یەکێتی رەزامەندنەبوو بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و داوا دەکات چوار کورسی پێکهاتەکان بۆ سلێمانی بێت و دواتر کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بخرێتە بەرنامەی کارەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە