بووکەکەی کۆیە لە سۆران دەستگیرکرا؛ سزاکەی چییە؟
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان لە سۆران دەڵێ، ئەو ژنەیان دەستگیر کردووە کە بڕیار بووە لەگەڵ کەسێک لە کۆیە ئاهەنگی هاوسەرگیری بکات؛ دەشڵێ، بووکەکە لەلایەن پیاوێکی دیکەوە براوەتە سۆران بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ بکات. پارێزەرێکێش دەڵێ، ئەگەر بووکەکە لەگەڵ پیاوەکەی سۆراندا سەرجێیی کردبێ دوو بۆ سێ ساڵ سزا دەدرێ و ئەگەریش وا نەبێ سزاکەی "سووک" دەبێ.
ناوەڕاستی ئەم مانگە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەڵاتنی بووکێک لە زاوا لە رۆژی هاوسەرگیرییەکەیدا لە کۆیە لە تۆڕی میدیایی رووداوەوە، هەواڵەکە دەنگدانەوەی زۆری دروستکرد؛ دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان لە سۆران بووکەکەیان دۆزیەوە و دەستگیریان کرد.
رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، شێروان خالید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان لە سۆران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، خێزانی زاواکە لە کۆیە دژی بووکەکە سکاڵایان تۆمارکردبوو و دوای گەیشتنی زانیاریی بە ئەوان، بە هاوکاری ئاسایشی سۆران بووکەکەیان دەستگیرکرد.
لەبارەی چۆنییەتی گەیشتنی بووکەکەی کۆیە بۆ سۆران، شێروان خالید گوتی، "کچەکە بە رەزامەندی خۆی لەگەڵ پیاوێکدا هاتووەتە سۆران؛ خواستی هاوسەرگیرییان هەبووە، بەڵام پێش هاوسەرگیری و بردنی بۆ دادگە، دەستگیرکراوە".
ئەو پیاوەی ژنەکەی بردووەتە سۆران بۆ هاوسەرگیری، خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە؛ گوتەبێژەکەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەڵێ، پیاوەکە پێشینەی هاوشێوەی هەیە و پێشتریش ئافرەتێکی بەبێ رەزامەندی کەسوکارەکەی بردووەتە سۆران.
پۆلیس پیاوەکەی سۆرانی دەستگیر نەکردووە؛ شێروان خالید دەڵێت، کەسوکاری زاواکە لە کۆیە نەیانزانیوە بووکەکەیان لەگەڵ کێ و چووەتە کوێ؛ بۆیە تەنیا سکاڵایان لەسەر بووکەکە تۆمار کردووە، بەپێی ئەوەش کە کەس سکاڵای لەسەر پیاوەکە تۆمار نەکردووە، دەستگیرنەکراوە.
کەسوکاری زاوا بە رووداویان گوتبوو، سێ ملیۆن دینار و 5 مسقاڵ زێڕیان بە بووکەکەیان داوە و بردوویەتی؛ لەبارەی چارەنووسی ئەو پارە و زێڕەوە، گوتەبێژی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی سۆران گوتی، کچەکە بە ئەوانی گوتووە پارە و زێڕەکەی ماوە و لای دایکی دایناوە.
ئێستا بووکەکە کە پۆلیس ناوەکەی بە (ح. ک. م) بڵاوکردووەتەوە، لە گرتن و گواستنەوەی سۆران لەزینداندایە و بەگوێرەی مادەی 446 دەستگیرکراوە کە تایبەتە بە دزیکردن، بەڵام وەکو شێروان خالید دەڵێ، ئەگەر هەیە دادوەر مادە یاساییەکەی بگۆڕێت؛ گوتیشی، "دۆسێکە لە کۆیەیە و لە چەند رۆژی داهاتوودا تۆمەتبارەکە رەوانەی کۆیە دەکەنەوە".
لەبارەی دۆسێکەوە، پارێزەر شاڵاو ئەبوبەکر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەگەر زاواکەی کۆیە گرێبەستی هاوسەرگیری هەبێت و بووکەکە لەو ماوەیەی دیار نەبووە لەگەڵ پیاوێکدا سەرجێی کردبێ، ئەوە مادە یاساییەکەی لە 446ـەوە دەگۆڕدرێت بۆ 377".