سەرۆکی پەرلەمان: هیچ ئەنجامێکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بەهای یاسایی و پەیڕەویی نابێت

22-05-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، دەستپێکردن و کۆتاییهێنانی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان لە دەسەڵاتی ئەودایە و ئەویش کۆبوونەوەکەی دواخستووە؛ راشیگەیاند، "هیچ ئەنجامێکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، بەهای یاسایی و پەیڕەویی نابێت".
 
دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ (دووشەممە، 22ـی ئایاری 2023)ـی پەرلەمانی کوردستان، کە بە گرژییەکی زۆرەوە دەستیپێکرد و کۆتایی هات، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان راگەیێندراوێکی بە ناونیشانی "راگەیێندراوێک لە سەرۆکی پەرلەمانەوە بۆ دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و رای گشتی" بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەر مەبنای دانیشتنی ژمارە (4)ی رۆژی دووشەممە کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەژێر رۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی لە بڕگەی سێیەم لە مادەی (18) لە پەیڕەوی نێوخۆ پێیدراوە و تێیدا هاتووە (کردنەوەی خول و دانیشتنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیکردنیان، کۆتاییپێهێنان و دواخستنیان، دەستنیشانکردنی کاتی ئەنجامدانیان) دانیشتنی ئاماژە بۆ کراوی سەرەوە دواخراوە و کۆتایی پێهاتووە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە بەناوی نووسینگەی رۆژنامەڤانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، "هیچ دەرئەنجامێکی ئەو دانیشتنە دوای دواخستنی، بەهای یاسایی و پەیڕەوی نابێت. بەگوێرەی بڕگەی (11)ـی مادەی (18) دەسەڵاتی واژۆکردنی سەرجەم نووسراوەکانی پەرلەمان تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەماندایە و، بەڕێزیان ئەو دەسەڵاتەی بە کەسی دیکە نەداوە بەکاری بهێنێت؛ بۆیە هەر نووسراوێک بەبێ واژۆی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەک بنێردرێت، هیچ بەهایەکی یاسایی نییە".
 
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی گرژیی نێوان فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتییەوە لەسەر خستنە بەرنامەی کاری بڕگەیەکی تایبەت بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە؛ فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، بە دەنگی 58 پەرلەمانتار کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە و فراکسیۆنی یەکێتی ئەوەی رەتکردەوە و رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی دواخستووە دواتر ئەو دەنگدانە کراوە.
 
پێشتر، پارتی و یەکێتی و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن رێککەوتبوون، کە بە هەمان پێکهاتەی ئێستایەوە کارابکرێتەوە، بەو مەرجەی هەر لایەنێک ئازاد بێ لە گۆڕینی نوێنەرەکەی تێیدا.
 
مادەی 18 لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان
 
لە بڕگەی سێی مادەی 18ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە، "کردنەوەی خول و دانیشتنەکانی پەرلەمان، سەرۆکایەتیکردنیان، کۆتاییهێنان و دواخستنیان، دەستنیشانکردنی کاتی ئەنجامدانیان" لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستاندایە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی دوێنێی بەرنامەی کاری پەرلەمانی کوردستان، دەبوو ئەمڕۆ پەرلەمان کۆببێتەوە و بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەش ده‌نگدان بێت له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حەوت پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان. بڕگەی دووەمیش خوێندنه‌وه‌ بۆ دوو پڕۆژەیاسایە بکرایە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەسەر دانیشتنەکە، کۆبوونەوەکە ئاڵۆزی تێکەوت و تەنیا ئەوە بەڕێوەبرا، کە پارتی دەڵێ کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە و یەکێتی رەتیدەکاتەوە.
 
خاڵی سەرەکی ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر هەڵبژاردن، چۆنییەتی دەنگدانی پێکهاتەکان و 11 کورسییەکەیانە، کە یەکێتی دەیەوێ لە زیاتر لە بازنەیەک نوێنەی پێکهاتەکان هەبێ، پارتی و بەشێکی زۆری پێکهاتەکانیش ئەوە رەتدەکەنەوە و یەک بازنەییان پێباشە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە