یەکێتی: تەسلیمی ئیرادەی لایەنێکی دیکە نابین

23-05-2023
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایدەگەیێنێت، بە پشوودرێژی و دانبەخۆداگرییەوە "پێداگری لەسەر هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد دەکات" و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیە قوربانی بدات. دەشڵێت: ئەوەی رۆژی دووشەممە لە پەرلەمان پارتی کردوویەتی "ناپەیڕەوی و تاکڕەوانە"یە و ئەوان تەسلیمی ئیرادەی لایەنی دیکە نابن. 
 
رۆژی دووشەممە لەگەڵ دەستپێکی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی بوونی بڕگەیەک تایبەت بە کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمانی و لایەنەکان دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاردەهێنێت و دانیشتنەکە هەڵدەگرێت، بەڵام هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە پەرلەمانتارانی گوت، کێ لەگەڵ بەردەوامیی دانیشتنەکەیە با دەست هەڵبڕێت و دواتر رایانگەیاند، بە دەنگی 58 پەرلەمانتار کۆمیسیۆنیان کاراکردووەتەوە، هەنگاوێک کە شەڕ و گرژیی لێکەوتەوە و یەکێتی بەتەواوی رەتیدەکاتەوە. 
 
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە راگەیێندراوەکەیدا کە درەنگانی شەوی دووشەممە، 22-5-2023 بڵاویکردەوە دەڵێت: یەکێتی بە پشوودرێژی و ئیرادەی پێکهاتنەوە تەنانەت بە ناچاری رازی بوو لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ئەویش لەپێناو دەرفەتدان بە پێکهاتن لەسەر بنەمای ئەو یاسا و پرسانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە و سازانی هەموولایەکی پێویستە، بەڵام "فراکسیۆنی پارتی هەموو ئەم پرەنسیپانەیان پێشێلکرد و بە هاوکاریی سکرتاریەتی پەرلەمان یەکلایەنە و تاکڕەوانە خاڵی ناپەیڕەوییان کردە ناو ئەجێندای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان."
 
یەکێتی باسی دەنگدانی بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن کردووە و دەڵێت: کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانتارانی پارتی دوای کۆتاییپێهێنانی دانیشتنە فەرمییەکە لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە، "هیچ بەهایەکی یاسایی نییە و کارێکی تەواو ناپەیڕەوییە، چونکە سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی بەکراوەیی بەجێنەهێشتووە تاوەکو جێگرەکەی بەردەوامیی پێبدات."
 
کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی پارتی و یەکێتی بۆ چارەسەرێک بوون تاوەکو هەڵبژاردن بکرێت و لە پەرلەمان بەرگێکی یاسایی پێبدرێت، بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان کێشەیەکی دیکە زیادبوو کە ئایا کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن یاساییە یان نا، بەمەش کێشەکان خەریکە دەگەڕێنەوە خاڵی سەرەتا.  
 
بزووتنەوەی گۆڕان وەکو پێکهێنەرێکی حکومەت لەگەڵ پارتی و یەکێتی رۆڵی نێوبژیوانی شەڕەکەی بینی، پێش پرۆسەی دەنگدانیش هۆڵی پەرلەمانیان جێهێشت. 
 
جەلال محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان بە رووداوی راگەیاند، لیژنەیەکی یاسایی پسپۆڕ پێداچوونەوە بە شێواز و رێکارەکان بکات دوایی ئەنجامێک بۆ رای گشتی و دنیای دەرەوە و بۆ پەرلەمانی کوردستانیش روون بکرێتەوە کە ئایا کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە یاخود نا. 
 
یەکێتی لە راگەیێندراوەکەیدا ئەوەشی گوتووە، "هەمیشە بە پشوودرێژی و دانبەخۆداگرییەوە پێداگری لەسەر هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد" دەکات کە گوزارشت لە ئیرادەی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بکات. هەر بۆیە لەپێناو ئەم ویستە دیموکراسییەشیدا رێگە بە "هیچ کارێکی ناڕەوا و ناشایستە بە ئەزموونی گەلەکەمان نادات."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا یەکێتی رایگەیاندووە، ئەو هێزە نییە کە "خۆسەپێنی قبووڵ بکات و تەسلیمی ئیرادەی لایەنێکی تر بێت، بەڵکو ئامادەیە لەپێناو گەلی کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە وەڵامدەرەوەی خواستی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی کوردستانی بێت، هەموو قوربانییەک بدات."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری سلێمانی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

شەفافییەت: داهاتی هەفتانەی سلێمانی لە 13 بۆ 5 ملیار دینار دابەزی

ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 5 ملیار دینارە، لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو زیاتر بوو لە 13 ملیار دینار.