کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: دەتوانین سیستم و رێنمایی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربکەین


رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە وەڵامی دادگەی فیدراڵیی عێراقدا رایگەیاند، بەپێی یاسا، کۆمیسیۆن دەتوانێت سیستم و رێنماییەکانی پشتپێبەستراو لە هەڵبژاردن و رێکخستن و سەرپەرشتیکردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربکات. 
 
بەرپرسێک لە کۆمیسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت: "کۆمیسیۆنی باسی ئەوەی نەکردووە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات، بەڵکو ئەوە تایبەتمەندێتی کوردستانە و کۆمیسیۆنی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بیکات."
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی وەڵامی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقی دایەوە کە لە  دانیشتنی رابردوویدا و لە رۆژی 7ـی ئایاری 2023، داوای بۆچوونی لێکردبوو لەبارەی کردن و سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک لە دژی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان.
 
لە نووسراوەکەدا کۆمیسیۆن دەڵێت: "بەپێی مادەی 1ی یاسای ژمارە 31ـی ساڵی 2019ی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و بڕگەی دووی مادەی 18 و بڕیاری ژمارە 165 و هاوتاکانی 160ـی فیدراڵیی ساڵی 2022 دادگەی باڵای فیدراڵی، رۆڵی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەبارەی کردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بریتییە لە دەرکردنی ئەو سیستم و رێنماییانەی پشتپێدەبەسترین لە هەڵبژاردنەکان و رێکخستن و سەرپەرشتیکردنی، چونکە بەپێی ماددەی 102ـی دەستووری ساڵی 2005 ـی عێراق دەسەڵاتی هەڵبژاردن فیدراڵییە."
 
رۆژی دووشەممە 22-5-2023، هیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لەبارەی نووسراوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە نووسراوەکەدا کۆمیسیۆن زۆر بە روونی گوتوویەتی کە ئەو دەتوانێت سیستم و رێنماییەکان بەپێی یاسای کۆمیسیۆن دەربکات، بەڵام باسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی نەکردووە، چونکە هەرێمی کوردستان تایبەتمەندێتی خۆی هەیە و کۆمیسیۆنی خۆی هەیە کە ئەو سەرپەرشتی هەڵبژاردن دەکات."
 
هیمان تەحسین گوتیشی: "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو هەڵبژاردنانە دەکات کە فیدراڵیین، دەشتوانێت بەپێی یاسا هەڵبژاردنەکانی دیکەش لە ناوچەکان و هەرێمەکان بکات، بەڵام لەو نووسراوە باسی ئەوەی نەکردووە، بەڵکو باسی دەرکردنی سیستم و رێنماییەکانی کردووە."
 
رۆژی چوارشەممە 24ـی ئایاری 2023،  دادگەی فیدڕاڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی پەیوەست بە درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، سکاڵاکە بە ناوى سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق پێشکێشکراوە، دوای ئەوەى لەگەڵ سێ سکاڵاى دیکەدا یەکخران، کە لەلایەن یوسف محەممەد، سەرۆکى پێشووى پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جووڵانەوەى نەوەى نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان پێشکێش کرابوون.
 
سکاڵاکار لەو سکاڵایەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9-10-2022ـی تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بە پاساوی "ناکۆک" بوونی لەگەڵ هەردوو ماددەی 5 و 20ـی دەستووری عێراق، جگە لەوەش لە داواکەدا هاتووە: "مافی دەستووریی دیاریکراو لە مادەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێل دەکات."
 
رۆژی دووشەممە 22-05-2023، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان گرژی تێکەوت بەهۆی دەنگدان لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، دوای ئەوەی فراکسیۆنی پارتی و چەند پەرلەمانتارێک رایانگەیاند، کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان گوتی، دانیشتنەکە دواخرا و پەرلەمانتارانی یەکێتی چوونە سەر سەکۆ و کێشە و شەڕ دروست بوو و دەڵێن، کۆمیسیۆن کارانەکراوەتەوە.
 
ماوەی یاسایی ئەندامێتی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە رۆژی 23-12-2019ـەوە تەواو بووە، بۆیە تاوەکو کۆمیسیۆن کارا نەکرێتەوە ناتوانێت سەرپەرشتی هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردن بکات.