وێنەی ژمارەیەک ماڵباتی دێرینی سلێمانی لە پێشانگەیەکدا نمایشکران

رووداو دیجیتاڵ 
 
خاتوو نەجات وێنەیەکی کۆنی ماڵباتەکەی پێشانی میوانەکان دەدات کە ساڵی 1958 لە ماڵەکەی خۆیان لە گەڕەکی سابوونکەرانی سلێمانی چرکێندراوە، لەو کاتەدا ئەو تەمەنی 16 ساڵان بووە، وێنەکە بووەتە تۆماری سات و مێژوویەکی درێژی خانەوادەیی بۆیان.
 
ئەو وێنەیە لەگەڵ 60 وێنەی دیکە کە وێنەی خانەوادە دێرینەکانی شاری سلێمانین لە پێشانگەی وێنەیی لە سەرای سلێمانی نمایشکرا. 
 
خاتوو نەجات مەزهەر کە ئێستا تەمەنی 81 ساڵانە، لەبارەی وێنەکە دەڵێت: "ئەم وێنەیەمان لە خانووەکەی باوکمدا گرت، مەزهەری ئەحمەد حاجی رەسوول گوروون ئاغا کە یەکێک بوو لە 12 سوارەی مەریوان، خۆم لەو کاتەی وێنەکەمان گرت لە پۆلی سێی ناوەندی بووم ئەو کات، کوێستانی خوشکم و دایکم و دکتۆر کەمال مەزهەری برام و هاوڕێیەکی ئەوین لە وێنەکەدا و بە کامێرایەکی خۆمان ئەو وێنەیەمان گرتووە."
 
شۆڕشی وەستا محێدینی تەنەکەچیش باسی وێنەیەکی خۆی دەکات کە ساڵی 1974 لە دووکانەکەیان چرکاندوویانە. دەڵێت، هەر جارێک وێنەکە دەبینمەوە، دەگەڕێمەوە بۆ هەمان سات. "ئەو وێنەیە دوا نیوەڕۆیەکی وەرزی هاوینی ساڵ 1974 بوو لەگەڵ باوکم و براکەم لە دووکان بووین، فڵانە کەسی وێنەگر هات بە باوکمی گوت با وێنەیەکتان بگرم، وێنەکە بە 100 فلس بوو."
 
مەریوان عەلی قەفتان، هاونیشتیمانییەکی دیکەیە و لە پێشانگەکەدا وێنەکەی خۆیانی پێشانی رووداو دا، گوتی: "لەو وێنەیەدا من تەمەنم دوو ساڵانە، مامم منی هەڵگرتووە، زۆر دڵخۆشم کە ئێستا دوای 63 ساڵ ئەو وێنەیە دەبینمەوە، ئەوسا ژیان بەو جۆرە سادە بووە کە بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی ماڵی هەموو براکان و خانەوادەکانی لە خانوویەکی بچووکدا کۆکردووەتەوە."
 
ماڵباتی حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا، یەکێکن لە ماڵباتە دێرینەکانی سلێمانی، وێنەیەکی ئەو کەسایەتییەش لە پێشانگەکە لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتیی نێوداری سلێمانی دانراوە.
 
ئامانج عومەر، سەرۆکی رێکخراوی بنەماڵە دێرینەکانی سلێمانی لەبارەی وێنەکەی حەمەی ئەوڕەحمان ئاغاوە گوتی: "ئەو وێنەیە ساڵی 1921گیراوە، لە ماڵی عەزمی بەگی بابان ئەم کەسەی یەکەم کەسی لای چەپ حەمدی بەگی بابانە و دووەم کەس لای چەپەوە حەمەی ئەوڕەحمان ئاغای مەسرەفە کە باوکی نازدار خانی دایکی کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، ئەو کەسایەتییەکی ناسراو و گەورەی سیاسیی سلێمانی بوو."
 
پێشانگەکە رێکخراوی بنەماڵە دێرینەکانی سلێمانی رێکیخستووە، ئەوان دەڵێن، تا ساڵی 1957 بەپێی ئاماری ئەوکاتی حکومەت لەنێو شاری سلێمانی، 58 هەزار کەس ژیاون و شارەکە بچووکتر و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان گەرموگوڕتر بوون.