وردەکاریی شەڕ و گرژییەکانی پەرلەمان؛ پارتی دەڵێت کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە و یەکێتی رەتیدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، هەر لە سەرەتادا رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان گوتی، دانیشتنەکە بۆ کاتێکی دیکە دوادەخات. لە بەرامبەردا هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان قسەکەی پێبڕی و گوتی: ئەمە تەعەسوفە، کێ لەگەڵ ئەوەیە کۆبوونەوەکە بکرێت دەست بەرزبکاتەوە. تەعەسوف بە مانای ناحەقی و خراپ بەکارهێنانی پێگە و بەرپرسیارێتی دێت.
دواتر فراکسیۆنی پارتی گوتی، کۆمیسیۆن بەدەنگی 58 پەرلەمانتار کاراکراوەتەوە و یەکێتی رەتیدەکاتەوە.
دوای ئەو دوو بڕیارە دژ یەکەی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی ئیدی ئاڵۆزییەکانی نێو هۆڵی پەرلەمان دەستیپێکرد.
پەرلەمانتارانی یەکێتی بە مێزکوتان و هاوارکردن دەیانویست رێگری لە دەنگدان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بکەن و پەرلەمانتارانی پارتی و ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکانیش سووربوون لەسەر دەنگدانەکە.
سەرەتا کورسی و مێز و دواتر سەری دوو سێ پەرلەمانتار شکێندرا، بەڵام برینی سەری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەوانی دیکە قووڵترە.
لیزا فەلەکەدین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: ئەوەی ئەمڕۆ بە دەستمان هێنا لە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن وەکو پەرلەمانتارانی کوردستان رەوشەکە بپارێزین و نەهێڵین رەوشەکە بەرەو چەقبەستوویی بڕوات بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بە ئازادانە و بەشێوەیەکی دیموکراسیانە رۆژی 18-11 بچنە سەر سندووقەکانی هەڵبژاردن.
سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، دانیشتنەکە هیچ ئەنجامێکی یاسایی و پەیڕەوی نابێت؛ فراکسیۆنی یەکێتیش دان بەوەدا نانێن کۆمیسیۆن کاراکرابێتەوە
لوقمان وەردی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی گوتی: شەڕ روویداوە نەک پرۆسەی دەنگدان، لام سەیرە کە دەڵێن بە دەنگی ئەوەنە پەرلەمانتار کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، کۆمیسیۆن پرسێکی نیشتمانییە پەیوەستە بە هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئەوەی ئەمڕۆ شەڕ بووە و ڤیدیۆ و راستییەکان دیارن و دەبوایە بە هیچ شێویەک ئەم کارە نایاساییە نەکرابایە.
بزووتنەوەی گۆڕان رۆڵی نێوبژیوانی شەڕەکەی بینی، پێش پرۆسەی دەنگدانیش هۆڵی پەرلەمانیان جێهێشت.
جەلال محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێت: لیژنەیەکی یاسایی پسپۆڕ پێداچوونەوە بە شێواز و رێکارەکان بکات دوایی ئەنجامێک بۆ رای گشتی و دنیای دەرەوە و بۆ پەرلەمانی کوردستانیش روون بکرێتەوە کە ئایا کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە یاخود نا.
دوای گرژییەکە بارودۆخ لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان ئاسایی بوویەوە.
بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، پارتی و ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکان بە تایبەتی فراکسیۆنەکانی پێکهاتەکان جگە لە بەرەی تورکمانی دەنگیان بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دا.
کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی پارتی و یەکێتی بۆ چارەسەرێک بوون تاوەکو هەڵبژاردن بکرێت و لە پەرلەمان بەرگێکی یاسایی پێبدرێت، بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان کێشەیەکی دیکە زیادبوو کە ئایا کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن یاساییە یان نا، بەمەش کێشەکان نەک گەڕانەوە خاڵی سفر بەڵکو بۆ ژێر سفر رۆشتن.