دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی سێ سکاڵا لە دژی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

22-05-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە ئەم هەفتەیە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە دوو دانیشتندا تاوتوێی سێ سکاڵا لە دژی هەرێمی کوردستان بکات، کە یەکێکیان تایبەتە بە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان. راوێژکارێکی یاسایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "لە دانیشتنی رابردوو دادگە داوای ئامادەبوونی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقی کردبوو، بۆیە پێشبینی ناکەین دانیشتنی ئەم هەفتەیە بڕیاری تێدا بدرێت."
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارە دادگەکە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، 23 و 24ـی ئایار بۆ تاوتوێکردنی شەش بابەتی جیاواز کۆببێتەوە سێیان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە. 
 
رۆژی سێشەممە 23ـی ئایاری 2023، دادگەی فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی مستەفا سەنەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق کە لە دژى سەرۆکوەزیرانى عێراق تۆمارکراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى دوو بڕیارى حکومەتى عێراق بۆ ناردنى 400 ملیار دینارەکەى پشکى هەرێمى کوردستان کە یەکەمیان تایبەتە بە ناردنى 400 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى و دووەمیشیان تایبەتە بە ناردنى هەمان بڕە پارە وەکو قەرز لەلایەن بانکى بازرگانیى عێراق (TBI) کۆدەبێتەوە.
 
پاساوى ئەو پەرلەمانتارە بۆ تانەدان لە بڕیارى ناردنى 400 ملیار دینارەکە ئەوەیە کە پێچەوانەی بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵییە کە لە 25ـى کانوونى دووەمى 2023، دەریکردووە و ئەو بڕیارانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى بە "نادەستوورى" لە قەڵەم دا، کە تایبەتن بە ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان لە ساڵانى 2021 و 2022. 
 
هەروەها رۆژی چوارشەممە 24ـی ئایاری 2023، دادگەی فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵای دیکە لە دژی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، یەکێکیان پەیوەستە بە درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان و لەسەر د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکراوە، لەگەڵ سکاڵایەکی دیکە تایبەت بە داواکردنەوەی پارەی کۆبۆنی 18 ساڵی خۆراکی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
 
وریا سەعدی، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی دووشەممە 22-5-2023، لەبارەی سکاڵای پەیوەست بە درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەبوونیان لە دانیشتنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێشتا روون نییە ئێمە بەشداریی دانیشتنی دادگە دەکەین یان نا، بەڵام دانیشتنەکە بۆ بڕیاردان نابێت، چونکە لە دانیشتنی پێشتر دادگەکە داوای ئامادەبوونی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی کردبوو، کە پێمانوایە رەنگبێت بۆ پرسیارلێکردن بێت لەبارەی ئەوەی دەتوانێت سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات یان نا." 
 
سکاڵاکە بە ناوى سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق پێشکێشکراوە، دوای ئەوەى لەگەڵ سێ سکاڵاى دیکەدا یەکخران، کە لەلایەن یوسف محەممەد، سەرۆکى پێشووى پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جووڵانەوەى نەوەى نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان پێشکێش کرابوون.
 
سکاڵاکار لەو سکاڵایەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9-10-2022ـی تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بە پاساوی "ناکۆک" بوونی لەگەڵ هەردوو ماددەی 5 و 20ـی دەستووری عێراق، جگە لەوەش لە داواکەدا هاتووە: "مافی دەستووریی دیاریکراو لە مادەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێل دەکات." 
 
رۆژی 9ـى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی هات.
 
داواکردنەوەی پارەی 18 ساڵی کۆبۆنی خۆراک
 
هەر رۆژی چوارشەممە 24ـی ئایاری 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەک دەکات کە بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى گشتیى بازرگانیى خۆراکى حکومەتى فیدراڵى لە دژى هەریەک لە وەزیرى بازرگانی و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان و بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانی تۆماری کردووە، لە سکاڵاکە داوا دەکات: "ئەو پارەیە بگەڕێننەوە کە لە ئەستۆیاندایە و تایبەتە بە بەشەخۆراکى مانگانە، کە لە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستانیان وەرگرتووە، لە 1ـى کانونى دووەمى 2004 تاوەکو 30ـى ئەیلوولی 2021."
 
کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، وەزارەتەکانی بازرگانیی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو دۆسیەیەیان داخست، دوای گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەگوێرەى رێککەوتنى نێوان هەردوولا سێ هەژمارى بانکى لە سلێمانی، هەولێر و دهۆك کرانەوە بۆ ئەوەى پارەى بەشەخۆراکى مانگانەى هەرێمى کوردستانى تێدا هەڵبگیرێت.
 
نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو سکاڵایەوە رایگەیاند، چاوەڕوان دەکەن وەکو جارەکانی دیکە دانیشتن لەسەر ئەو بابەتە دوابخرێت.
 
لە ماوەی ساڵی 2022 و ئەمساڵ زیاتر لە 8 سکاڵا لە دژی هەرێمی کوردستان و لایەنەکانی جۆڵێندران، بەشێکیان رەتکرانەوە و بەشێکیان بڕیاریان لەبارەوە درا، لەوانە رۆژی 15ـی شوباتی 2022، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارێکی لەبارەی دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەرکرد و بە "نادەستووریی" ناساندی، داواشی لە هەرێمی کوردستان کرد داهاتی نەوتی بەرهەمهێندراو رادەستی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆتۆمبێلێک کە هێزەکانی هەسەدە  لە منبج تەقاندوویانەتەوە.

هەسەدە لە رۆژهەڵاتی منبج دەستی بە هێرشی پێچەوانە کرد

هێزەکانی سووریا دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، لە دەوروبەری بەنداوی تشرین و رۆژهەڵاتی منبج دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک لە دژی چەکدارانی 'سوپای نیشتمانیی سووریا' کردووە و دەیان چەکداریان کوشتووە و تانکێکیان تێکشاندووە. هەروەها چەند گوندێکیان رزگار کردووە.