لوقمان وەردی: لە پەرلەمان شەڕ روویدا نەک دەنگدان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن

22-05-2023
پەیمان محەممەد
سەنگەر عەبدولرەحمان، پێشکێشکاری رووداو و لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی.
سەنگەر عەبدولرەحمان، پێشکێشکاری رووداو و لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رەتیدەکاتەوە کە ئەمڕۆ لە پەرلەمان دەنگ بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە پەرلەمان درابێت و دەڵێت، "مونا قەهوەچی وەکو سکرتێری پەرلەمان و نوێنەری پێکهاتەکان رۆڵێکی ناشرینی گێڕا" کە گرژییەکەی ئەمڕۆی لێکەوتەوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 22-05-2023، لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، لەبارەی گرژییەکانی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بابەتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بۆ دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان، بەرنامە بۆداڕێژراو بوو.
 
لوقمان وەردی گوتی، دوێنێ لە کاژێر 9:00ی بەیانییەوە، سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان بوون و چەند رۆژێک بەر لە ئێستا بەرنامە بۆ بابەتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن داڕێژراوە و پەیوەندی بە کۆبوونەوە و دەرئەنجامی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی نەبووە.
 
ئاڵۆزییەکەی پەرلەمانی کوردستان کاتێک دەستیپێکرد کە دوێنێ بەبێ رەزامەندیی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەلایەن جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانەوە خرایە بەرنامەی کارەوە، بەڵام یەکێتی رێگەینەدا دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت و دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
 
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، گرژییەکە لە کاتێکدایە رێککەوتننامەی نووسراومان لە نێوان هەردوو دەزگا و بەشی هەڵبژاردنی یەکێتی و پارتی هەیە کە ''هاوتەریب لەگەڵ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژارن و راپرسیش کارا بکرێتەوە.''
 
هەر دوێنێ، شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتنە پیرمام و لە لایەن فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی، سیداد بارزانی، ئازاد بەرواری و مەحموود محەممەد، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پێشوازییان لێکرا و لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو لایەنە سیاسییە، بە تایبەتی کورسیی کۆتاکان، هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن گفتوگۆکرا.
 
لوقمان وەردی ئاماژەی بەوە کرد، دوێنێ لە کاتێکدا هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی کۆبوونەوەیان هەبوو، جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە پیرمامەوە چوو بۆ پەرلەمانی کوردستان و بەشێوەیەکی ناپەیڕەوی، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەمان دانا.
 
بەپێی بڕگەی چوار لە مادەی 48ی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان، 24 کاژێر بەر لە دانیشتنی پەرلەمان، فراکسیۆنەکان دەتوانن داواکاری بابەتێک بکەن بۆ زیادکردنی بەرنامەی کاری پەرلەمان، بەڵام لوقمان وەردی گوتی: "ئەو [هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان] کاژێر سێی ئێوارە لەگەڵ مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمان واژۆی بابەتەکەیان کردووە کە ئەمە ناپەیڕەوییە.''
 
دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانە راگەیێندراوێکی بە ناونیشانی "راگەیێندراوێک لە سەرۆکی پەرلەمانەوە بۆ دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و رای گشتی" بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەر مەبنای دانیشتنی ژمارە (4)ی رۆژی دووشەممە کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەژێر رۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی لە بڕگەی سێیەم لە مادەی (18) لە پەیڕەوی نێوخۆ پێیدراوە و تێیدا هاتووە (کردنەوەی خول و دانیشتنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیکردنیان، کۆتاییپێهێنان و دواخستنیان، دەستنیشانکردنی کاتی ئەنجامدانیان) دانیشتنی ئاماژە بۆ کراوی سەرەوە دواخراوە و کۆتایی پێهاتووە".
 
لوقمان وەردی پێیوایە، سەرۆکی پەرلەمان بۆ پاراستنی تەبایی نێوان هێزە سیاسییەکان، بۆ لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە و ناپەیڕەوییبوونی بابەتەکە، بڕیاری دا کە دانیشتنەکە دوابخرێت.
 
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دوای کۆتاییهاتنی دانیشتنی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە، لەژێر رۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی کە لە بڕگەی یەکەم لە مادەی 19ـی پەیڕەوی ناوخۆ پێیدراوە، سەرۆکایەتیی دانیشتنەکەی کرد.
 
لە بڕگەی یەکەم لە مادەی 19ـی پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمانی کوردستان، کە دەسەڵاتەکانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی دیاریکردووە هاتووە: "پیادەکردنی سەرجەم دەسەڵاتەکانی سەرۆک لەکاتی ئامادەنەبوونیدا."
 
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دەنگدان بەڕێوەچووە و بە کۆی دەنگی 58 پەرلەمانتار ئەم پڕۆسەیە پەسندکراوە، بەڵام فراکسیۆنی یەکێتی رەتیدەکاتەوە.
 
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمان لەوبارەوە گوتی: ''کاتێک فراکسیۆنی یەکێتی هەستی بەوە کرد جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەیەوێت کارێکی نایاسایی دیکە بکات، رێگریمان کرد، نەک دەنگدان نەکراوە بەڵکو شەڕیش روویدا؛ بەهیچ شیوەیەک دەنگدان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن نەکراوە.''
 
 
لوقمان وەردی ئەوەشی خستەڕوو، مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان و نوێنەری پێکهاتەی تورکمان، لەسەر ئەم بابەتە، ''رۆڵێکی ئەوەندە ناشرینی بینی کە ئەوەندەی دیکە سەرنج و تیبینیی دروستی رای گشتی هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی دیکە و یەکێتی لەسەر ئەم شێوازە نوێنەرایەتیکردنە پشتڕاستکردەوە.''
 
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی گوتیشی: ''هیچ هێزێکی سیاسی بە تەنیا ناتوانێت ویستی خۆی فەڕز بکات بۆ پرسێکی نیشتمانی کە پەیوەندیدارە بە تەواوی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، پڕۆسەی سیاسی و داهاتووی حوکمڕانی لەم وڵاتە.'' 
 
وەک لوقمان وەردی دەڵێت، پێشنیازی پارتی بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە دانیشتنی ئەمڕۆدا: ''غەدرێکی دیکەیە؛ سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی بە دانیشتنەکە هێناوە و هیچ هێزێک ناتوانێت دانیشتنەکە درێژە پێبدات.''
 
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، ئەو هەوڵەی فراکسیۆنی پارتی بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بە "پیلانگێڕی و بڕیاردان لەبری لایەنە سیاسییەکانی دیکە" دەبینێت.
 
پێشتر پارتی و یەکێتی و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن رێککەوتبوون کە بە هەمان پێکهاتەی ئێستاوە کارابکرێتەوە، بەو مەرجەی هەر لایەنێک ئازاد بێ لە گۆڕینی نوێنەرەکەی تێیدا، بەڵام بەهۆی تاکە خاڵی ناکۆکی نێوانیان کە 11 کورسی پێکهاتەکانە، یەکێتی رەزامەندنەبوو بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و داوا دەکات چوار کورسی پێکهاتەکان بۆ سلێمانی بێت و دواتر کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بخرێتە بەرنامەی کارەوە.
 
لوقمان وەردی لەبارەی پێشنیازی دابەشکردنی کورسیی کۆتاکان بەسەر بازنەکاندا گوتی: ''ئێمە دەمانەوێت ئەم یارییە ناشرینەی ئەمڕۆ کرا، پاڵپشت بە 11 کورسیی پێکهاتەکان، دووبارە نەبێتەوە، دەمانەوێت پێکهاتەکان کە هاووڵاتیی رەسەنی ئەم وڵاتەن، خۆیان نوێنەرایەتی خۆیان بکەن، داکۆکی لە مافە سیاسی و کولتوورییەکانی خۆیان بکەن، نەک ببنە ئالەتی دەستی هێزێکی سیاسی کە بەپێی ویستی خۆی بەکاریان بێنێت.''
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 01-10-2022ی وەکو رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، بەڵام حیزبەکان نەسازان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
 
دوای رێکنەکەوتنی حیزبەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار پێشنیازه‌یاساى به‌رده‌وامبوونی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانی لە 09-10-2022 پەسند کرد و تەمەنی خولی پێنجەمی بۆ کۆتایی مانگی 2023 درێژکردەوە.
 
جارێکی دیکە رۆژی 26-03-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 18-11-2023ی وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد؛ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوای لە پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد، هەنگاوی کردەییان بۆ متمانەبەخشین و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەبێت.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تیمێکی سەرژمێری لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

حکومەت هەفتەیەک پشووی بۆ فەرمانبەرانی ناوچەکانی مادەی 140 راگەیاند

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕیارێکدا، هەفتەیەک پشووی بۆ فەرمانبەرانی شارستانی، سەربازی و ئەو خوێندکارانەی ناوچەکانی مادەی 140ـی دەستوور راگەیاند، کە دەوامیان سەر بە هەرێمی کوردستانە.