تەندروستیی کەرکووک: منداڵ لەنێو توالێت یان زبڵ و خاشاک فڕێدەدرێت

22-05-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
ئەو منداڵەی لە نەخۆشخانەی کەرکووک جێهێڵدراوە
ئەو منداڵەی لە نەخۆشخانەی کەرکووک جێهێڵدراوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ژنێکی نەناسراو لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک منداڵێکی ساوای جێهێشتووە و خۆی هەڵهاتووە. تەندروستیی کەرکووکیش دەڵێت، دۆخەکە "کارەساتبارە."
 
بەگوتەی کارمەندەکانی نەخۆشخانەکە، کاژێر 09:30 خولەکی بەیانیی رۆژی هەینی ژنێک بە جلێکی رەشەوە چووەتە بەشی فریاکەوتن، منداڵەکەی لەلای ژنێکی دیکەی هاوڕێی نەخۆش جێهێشتووە و گوتوویەتی، "ناساخە، دەچم لە دەرەوە دەرمان دەهێنم و دێمەوە چاوت لێی بێت"؛ ئەو رۆیشتنەی کە رۆشتووە نەگەڕاوەتەوە. منداڵەکە ئێستا لە بەشی منداڵە ناکامەکان لە ژێر چاودێریدایە.     
 
موعەتەسەم عەزیز، بەرپرسی بەشی منداڵە ناکامەکان دەڵێت: تەمەنی منداڵەکە بە دوو بۆ سێ رۆژ دەخەمڵێندرێت، بۆیە ئەم بەشەی ئێمە تایبەتمەندە بەو منداڵانە، ئەوەی لەسەرمانە تەندروستیی منداڵەکە دەپارێزین و چی پێویست بێت بۆی دەکەین، تەندروستی لەچاو ئەو رۆژەی فڕێدرابوو زۆر باشە و چارەسەر وەردەگرێت. 
 
رەگەزی منداڵەکە کوڕە و هیچ کێشەیەک لە جەستەیدا نییە. پۆلیس و ئیدارەی نەخۆشخانەکە رێکارەکانیان گرتووەتەبەر و دۆسییەیان بۆ دروستکردووە و رەوانەی دادگەیان کردووە
 
لەم کاتەدا سێ منداڵ لە نەخۆشخانەکانن، جگە لەوەی لە نەخۆشخانەی منداڵان دووانی دیکە لە بەشی منداڵبوونی ئازادین. بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، "تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بکات کارمەندەکانیان خزمەتی ئەو منداڵانە دەکەن، بەڵام مانەوەی منداڵ لە نەخۆشخانەدا تەندروست نییە، بۆیە دەیانەوێت زوو دۆسییەکانیان بڕیاری لەسەر بدرێت." 
 
دکتۆر نەبیل حەمدی، بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک بە رووداوی گوت: جاران ئەم رەفتارە لەلایەن خەڵکی کەرکووکەوە بەدیدەکرا، منداڵ بەر لە نوێژ لەلای مزگەوت فڕێدەدرا، بێگومان خەڵکی باش هەڵیدەگرتەوە، بەڵام ئێستا دۆخەکە کارەساتبارە، منداڵ لەنێو توالێت فڕێدەدرێت یان لەنێو زبڵ و خاشاکدا، کاتێکیش ئەو منداڵانە هەڵدەگیرێنەوە دۆخی تەندروستییان زۆر خراپە. 
 
لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 10 رووداوی فڕێدانی منداڵ تۆمارکراون، بەشێکیان لەبەر ئەوەی لەسەر شەقام و نێو پاشماوە مابوونەوە و گیانیان لەدەستدا. یەکەمجاریشە منداڵێک بەوجۆرە بهێندرێتە نەخۆشخانە و جێبهێڵرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی سنووریی باشماخ. وێنە: AA

زیاتر لە 12%ی ترانزیتی هەموو ئێران لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە بووە

بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە سێ مانگدا بایی زیاتر لە یەک ملیار و 70 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخەوە ترانزیت کراوە کە بەراورد بە پار، دوو هێندە زیادیکردووە.