پێشنیاز دەکرێت لە شەقامەکانی سلێمانی داری بەردار بچێندرێت


رووداو دیجیتاڵ 

لە رێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە داوا دەكرێت لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا لە بری داری بێبەر، داری بەرداری وەک پرتەقاڵ، هەنجیر، هەنار و هەنگی دنیا بچێنرێت.
 
رۆژی دووشەممە 22-05-2023، كاسترۆ مەعرووف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بە نووسراوێک کە بۆ دەستەی ژینگە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین و وەزارەتی پەروەردەیان ناردووە، داوایانکردووە لەمەودا لەبری چاندنی داری بێبەر، داری بەرهەمدار بچێندرێت.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتیشی، پێشتر توێژینەوەیان لەو بارەوە کردووە و ئاماژەی بەوەشکرد کە خۆی خاوەنی بیرۆکەکەیە و رایگەیاند، "داری بەردار زیاتر دەمێنێتەوە و بەرگە دەگرێت و سوودی لە داری بێبەریش زیاترە."
 
پێش قەیرانى دارایی، سێ ملیار دینار بۆ باخچە و سەوزاییەکانى پارێزگای سلێمانی خەرج دەکرا. بەگوێرەی ئاماری فەرمیی حکومەت، لە ساڵی 2018 رێژەی سەوزایی لە شاری سلێمانی لە 19٪ نزیکبووە و نزیكەی 3 ملیۆن دار لە سلێمانی هەبووە. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی، ئێستاش رێژەی سەوزایی لە سلێمانی نزیکەی 19٪یە.
 
لە شاری سلێمانی 5 پارک و 542 باخچەی هەن؛ پارکی هەواری شار گەورەترین پارکی شارەکەیە، لەسەر رووبەری 4 هەزار دۆنم زەوی دروستکراوە، 2500 دۆنم سەوزایی و 170 هەزار دار و نزیکەی 500 هەزار دەوەن، نەمامی بچووک و گوڵی تێدایە.