ئەژی ئەمین گەڕاوەتەوە سلێمانی و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی کۆببێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەژی ئەمین گەڕاوەتەوە سلێمانی، بەڵام تائێستا هیچ دیارنییە کە پۆستەکەی وەردەگرێتەوە یان نا.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەژی ئەمین کە لە دوای رووداوەکانی 8ـی تەمموزی 2021ـەوە پۆستی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری پێدرا، دواتر لەلایەن یەکێتییەوە ئەو پۆستەی لێوەرگیرایەوە و لە هەولێر نیشتەجێبوو، گەڕاوەتەوە سلێمانی.
 
هەرچەندە دوای گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، تائێستا ئەژی ئەمین، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کۆنەبووەتەوە، بەڵام بڕیارە سەرۆکی یەکێتی ببینێت و کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان بهێنن.
 
رووداو زانیویەتی ئەژی ئەمین ئەو موڵکانەی وەرگرتوونەتەوە کە لە کاتی رۆیشتنی بۆ هەولێر دەستی بەسەردا گیرابوو. پێدانەوەی پۆستیش بە ئەژی ئەمین هیچ گفتوگۆیەکی لەبارەوە نەکراوە. 
 
لەکاتێکدا ئەژی ئەمین لە هەولێر بە ناوی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری کاری دەکرد، یەکێتیش جەلال شێخ ناجی لە شوێنی ئەو وەکو بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری داناوە.