بەدواداچوونی رووداو؛ کەرکووک بە کارگە و پاڵاوگەی نەوت دەورەدراوە کەچی رێژەی سەوزاییەکەی 4٪ـە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئاماری وەزارەتی ژینگەی عێراق؛ لە پارێزگای کەرکووک چوار کێڵگەی نەوتی، سێ کێڵگەی گاز، 58 پاڵاوگەی ئەهلیی نەوت لەگەڵ زیاتر لە 83 کارگەی پیشەسازی هەن، کە هەموویان کاردەکەن و رۆژانە بەرهەمیان هەیە، بەڵام هیچ کامێکیان کار بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی ناکەن و هاوکاری هەنگاوەکانی زیادکردنی سەوزایی نین.
رووداو بەدواداچوونی بۆ کەمیی رێژەی سەوزایی لە کەرکووک کردووە، ئەو شارەی بە کارگە و پاڵاوگەی نەوت دەورەدراوە و زۆرترین پێویستیی بە سەوزایی هەیە بۆ دوورخستنەوەی گازی ژەهراوی لە گەڕەکەکانی، لە ئەنجامی بەدواداچوونەکەشدا دەرکەوتووە؛ جگە لەوەی شارەکە رێژەی سەوزایی کەمە، وەک رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی دەڵێن، خەڵکەکەی هێندە دار دەبڕنەوە، ئەوەندە سەوزایی ناڕووێنن.
تەمەنی بچووکترین گەڕەکی کەرکووک 20 ساڵە، بەڵام بەپێی ئاماری فەرمانگەی ژینگەی شارەکە بێت، هێشتا رێژەی سەوزایی تێیدا 4٪ـی تێنەپەڕاندووە.
مام عەبدولرەحمان، دانیشتوویەکی گەڕەکی بارووتخانەی کەرکووکە، کە یەکێکە لە بێ خزمەتگوزاریترین گەڕەکەکانی شارەکە. مام عەبدولرەحمان باخچەیەکی بچوکی لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیدا دروستکردووە و دەیەوێت بە چاندنی دارێکی زیاتر، ئەگەر کەمیش بێت، هەوایەکی پاک هەڵمژێت.
عەبدولرەحمان سابیر گلەیی لە رەوشەکە هەیە، دەڵێ "دارچاندن لە کوێ هەبێ و چۆن دەبێت! ئێمە شەقام و شۆستە و باخچەیەکمان نییە، خاوەن کۆڵانێکی تەسک و خراپین. لەبەرئەوەی دار و باخ نین، بەتەواوەتی دۆخمان خراپ بوو، کە با و تۆزێک هەڵدەکات، خۆڵ و خاشاک خەریکە کوێرمان دەکات".
لە کەرکووک سێ رێکخراوی ژینگەپارێزی و سرووشتدۆست هەن، ئەوانەی لەو رێکخراوانەوە قسەیان بۆ رووداو کردووە، ئاماژە بەوە دەکەن، خەڵک هێندەی دار دەبڕنەوە، نیو هێندە دار ناچێن و چاودێریی ناکەن.
هيمن قاسم، ئەندامی رێکخراوی سەوز دەڵێت "بەناوی پڕۆژە بێت یان کار، خەڵک دارەکان دەبڕنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دیاردەی بەخێوکردنی ئاژەڵ لەنێو گەڕەکانی شارەکە پەیدابووە. لە گەڕەکەکانی؛ شۆریجە، پەنجەعەلی، بارووتخانە و کوردستان کەمتەرخەمیی زۆر هەیە".
چواردەوری کەرکووک، کێڵگەی نەوت و کارگەی پیشەسازییە و کەمی رێژەی سەوزایی بە هۆکاری پیسبوونی ژینگە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس و تەشەنەسەندنی نەخۆشیی شێرپەنجە دادەنرێت.
دەریا ئەحمەد، پسپۆری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لەمبارەیەوە دەڵێ "بۆ باری تەندروستیی مرۆڤ، بوونی سەوزایی زۆر زۆر گرنگە، رێژەی سەوزایی چەندە زۆر بێت، رێژەی نەخۆشییەکان بە ئەندازەی ئەوە کەم دەکات، بەتایبەتی نەخۆشییەکانی هەناسەتەنگی، داخرانی سییەکان و شێرپەنجە".
وێڕای ئەوەی ئیدارەی کەرکووک سێ ساڵە هەوڵی زیادکردنی رێژەی سەوزایی دەدات، بەڵام رێژەکە هەر وەکو خۆیەتی و لەگەڵ هەڵکردنی هەر تۆز و بایەک، رەوشێکی خراپ و ژینگەیەکی پیس لە شارەکەدا دروست دەبێت.