لە چوار گەڕەکی رواندز، هاونیشتمانییان ناچارن بە کۆبۆن ئاو بکڕن

24-05-2023
ئەندام جەبار
کێشەی کەمیی ئاو لە چەند گەڕەکێکی رواندز
کێشەی کەمیی ئاو لە چەند گەڕەکێکی رواندز
نیشانەکردن رواندز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

چوار گەڕەک لە قەزای رواندز چەند ساڵێکە کێشەی کەمیی ئاویان هەیە، خەڵکی یەکێک لەو گەڕەکانە قسەیان بۆ رووداو کرد و باسی ئەوە دەکەن هەفتەی یەک جار ئاویان بە کۆبۆن بۆ دێت و بەشیان ناکات.
 
سازان سەليم، ژنی ماڵەوەیە و ماڵی لە گەڕەکی نەورۆزی قەزای رواندزە، لەگەڵ ژنانی دیکە دەردەدڵی دەکات و باسی زۆربەی رۆژەکانیشیان، مەسەلەی ئاوە. ئەو قسە بۆ رووداویش دەکات و دەڵێ "هەفتەی یەک جار ئاومان دێت. ئاوی رەئیسیش هیچ نایەت، تەنیا نیو کاژێرە کە تانکی پێ پڕنابێت و زۆرجار بێ ئاوین".
 
ژنێکی دیکە بەناوی بێریوان عەبدوڵڵا باسی ئەوە دەکات بەهۆی کەمی ئاوەوە بۆ پێنج رۆژ منداڵەکانی نەشووشتووە، گوتی "بەم بەهار و گەرمایە، بە قورئان ئاو نەبوو بیانشۆم". 
 
زوهریە خورشید، ژنی ماڵە و دەڵێ "گوتیان بۆتان چاک دەکەین، ئەو مانگە نا، مانگێکی دیکە، ئەمساڵ نا ساڵێکی دیکە، زستان گوتیان کاتی قوڕە و دوایی چاکی دەکەین، ئەو زستانەش رۆیشت و نەهاتن".
 
کێشەی کەمی و نەبوونی ئاو لەو چوار گەڕەکەی شاری رواندز، کۆنە و بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. حکومەت بۆ پڕکردنەوەی پێویستی هاونیشتیمانییانی ئەو گەڕەکانەی گرفتی نەبوونی ئاویان هەیە، بە کۆبۆن و لە ڕێگەی تانکەرەوە ئاو دابەشدەکات و لەبەرامبەردا پارە وەردەگرێت. 
 
نەجمەدین ئیسماعیل، هاونیشتیمانیێکی رواندزە و دەڵێ "رەوا نییە لەسەر کۆگای ئاو بین و ئاومان بە پارە پێ بدرێت. هی مانگانە دیارە و گومانی تێدا نییە، بەڵام ئاومان بە کۆبۆن پێبدات بڵێ حەوت هەزار و 500 بدە بۆ ئەوەی ئاوت بدەمێ!".
 
تاکە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی قەزای رواندز، بێخاڵە. لە ساڵی 2017ـەوە پێنج ترۆمپای ئاو بەکاردەهێنرێن و، هەرجارێک لەکاردەکەون، نیوەی زیاتری رواندز بێ ئاو دەبێت. 
 
هۆگر مەلا محەممەد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی رواندز باس لەوە دەکات بەپێی "سیستەمی هاتنی ئاوی بێخاڵ بۆ رواندز، دەبێت بەردەوام سێ ترۆمپا کاربکەن، لە هەر خولەکێکدا 600 مەتر سێجا ئاو دەنێرێتە ئەو کۆگایانەی خۆمان لە رواندز، بەڵام ئێستا لەکۆی 600 مەترسێجاکە، رەنگە 300ـی بگات و ئاوەکە بەپێی پێویست ناگات، بە خۆشحاڵییەوە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران هاتووەتە وەزارەتی شارەوانی، کە پێنج ترۆمپای نوێمان بۆ بکڕن".
 
لە 13 گەڕەکی قەزای رواندز، نزیکەی شەش هەزار خێزان دەژین و ئەو گەڕەکانەی گرفتی ئاویان هەیە بریتین لە: نەورۆز، شۆڕش، گەرووی رەزان و بازاڕ، کە لە کۆنترین و قەرەباڵخترین گەڕەکەکانی رواندزن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.