رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە. دوای دانانی بەرنامەی کار، خاڵێکی دیکە بۆ کۆبوونەوەکە زیادکرا کە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنە، ئەوەش ناڕەزایی فراکسیۆنی یەکێتیی لێکەوتەوە، بەڵام سەرۆکی فراکسیۆنەکە دەڵێت، بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بەرنامەی کاری پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 22ی ئایاری 2023 پەرلەمان کۆدەبێتەوە و بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەش دهنگدان دەبێت لهسهر دهستلهكاركێشانهوهی حەوت پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان. بڕگەی دووەمیش خوێندنهوهی دووهم بۆ ئەم دوو پڕۆژەیاسایە دەکرێت: (بەركاركردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی مایە و مایەداركردنی تیرۆر ژمارە "39"ی ساڵی 2015ی فیدراڵی لە هەرێمی كوردستان-عێراق) و پڕۆژەیاسای (بەركاركردن و هەمواری پیادەكردنی یاسای كەرەنتینی كشتوكاڵی عێراقی، ژمارە "76"ی ساڵی 2012ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان - عێراق).
کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن
لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا کە دوای یەکەم راگەیێندراوی بەرنامەی کار بڵاوکرایەوە، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستانە. ئەم بڕگەیە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان واژۆی لەسەر نەکردووە و بە واژۆی جێگر و سکرتێری پەرلەمان بەگوێرەی "حوكمی بڕگهی (چوارهم) له مادهی (48)ی پهیڕهوی ناوخۆی پهرلهمانی كوردستان" بۆ دانیشتنەکە زیاد کراوە.
بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە راگەیێندراوەکەی پەرلەماندا هاتووە، "كاراكردنهوهی ئهنجوومهنی كۆمیسیاران بۆ ماوهی پێنج ساڵی رۆژژمێری كه دهستپێدهكات له رۆژی تهواوبوونی ماوهی یهكهمی له 23-12-2019 و دهنگدان لهسهر پاڵێوراوان بۆ ئەندامێتیی ئهنجوومهنی كۆمیسیاران، بهپێی حوكمی خاڵی (1)ی بڕگهی (یهكهم) له مادهی (5)ی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكان و راپرسی، ژماره (4)ی ساڵی 2014."
فراکیسۆنی یەکێتی: زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دژی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانە
فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی زیادکردنی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بۆ کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "پارتی بە بەکارھێنانی نوێنەری بەناو پێکھاتەکان، لە ھەنگاوێکی تاکلایەنەی نایاسایی، بڕگەیەکیان بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان زیاد کردووە و نوێنەری بەناو پێکھاتەکانی لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بەکارھێناوە بۆ واژۆکردن لەسەر بابەتێکی ناپەیڕەوی، ئەمەش ھەنگاوێکە بە ئاراستەی قووڵکردنەوەی ململانێی سیاسی."
فراکسیۆنی یەکێتی ئەو هەنگاوەی بە ناپەیڕەوی پێناسە کرد و رایگەیاند، "ئەم ھەنگاوە پێچەوانەی مادەی 48ـی بڕگەی چوارە لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان، لەبەرئەوەی 24 کاژێری تەواو بەر لە دانیشتنی پەرلەمان رانەگەیێندراوە."
مادەی 48ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان
لە بڕگەی چوارەمی مادەی 48ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا کە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان پاڵپشت بەوە بەرنامەی کاری دیاریکردووە، هاتووە، "سەرۆکی فراکسیۆن یان نوێنەری پێکهاتەیەک یان لانیکەم 10 پەرلەمانتار بەر لە 24 کاژێر لە وادەی دانیشتنەکە دەتوانێت داوای زیادکردنی بابەتێک بۆ بەرنامەی کار بکات؛ دەبێت بابەتەکە گشتی و بەپەلە بێت و دواخستنی ببێتە هۆی لەدەستدانی گرنگی داواکارییەکە."
فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، هەمان مادە پێشێلکراوە، چونکە 24 کاژێر پێش کۆبوونەوەکە بڕگەکە زیادنەکراوە و کەمتر لەو ماوەیە بووە.
فراکسیۆنی پارتی: خستنەکاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەسەر داوای ئێمە بووە
رۆژی یەکشەممە، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، داوایان کردووە لە دانیشتنی رۆژی دووشەممەی پەرلەمانی کوردستاندا کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیۆن و بابەتی خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەموو ئەو پێشنیازانەی کە لە رابردوودا بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کراون، زیادبکرێن.
فراکسیۆنی یەکێتی داواکەی فراکسیۆنی پارتی بۆ زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بۆ کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی بە "پێچەوانەی رێککەوتنی سیاسی نێوان ھێزە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان" پێناسەکرد لەبارەی پرسی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەوە.
لەبارەی ئامادەبوونی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەدڵنیاییەوە ئامادەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەبین و لەوێ هەڵوێستی خۆمان رادەگەیێنین."
ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی هەڵبژاردن
دوێنێ جارێکی دیکە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی بۆ رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن کۆبوونەوە، بەڵام لەسەر خاڵی سەرەکیی ناکۆکییان کە شێوازی هەڵبژاردنی پێکهاتەکانە رێکنەکەوتن.
پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لەسەر شێوازی هەڵبژاردنیان بدەن و کە یەک بازنەییان دەوێت یان فرە بازنەیی؛ یەکێتی دەڵێ، با سێ بۆ چوار کورسی پێکهاتەکان لە بازنەکانی دیکە بن؛ داوایەک کە پارتی و بەشێکی زۆری پێکهاتەکان بەتایبەت ئەوانەی لە پەرلەمانی کوردستان کورسییان هەیە رەتیدەکەنەوە.
دوای کۆبوونەوەی دوێنێ، مەکتەبی سیاسیی هەردوو حیزبەکە لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، "ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا و ژمارەیەک پرسی پەیوەست بە بارودۆخی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەردوولا تەوەری گفتووگۆکان بوون؛ لێکتێگەیشتنی ئەرێنی بۆ زۆر لە پرسەکان هەبوو؛ هەندێک بابەتی دیکە کە پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە، لە کۆبوونەوەکانی ئایندە بڕیاریان لێ دەدرێت."
ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر دەنگدان و شێوازی هەڵبژاردنی پێکهاتەکان لەکاتێکدایە کە کەمتر لە شەش مانگی ماوە بۆ کاتی دیاریکراوی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەرسوومێک 18ـی 11ـی ئەمساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریکردووە و زیاتر لە جارێکیش بەرپرسانی کۆمیسیۆن جەختیانکردووەتەوە، ئەوان دوای کاراکردنەوەیان لە پەرلەمانی کوردستان شەش مانگ کاتیان پێویستە بۆ ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ