دەستپێشخەریی نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان

بابەتی سەرۆککۆمار، ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی، بابەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دوورەپەرێزی و ناکۆکی و شەڕی میدیایی نێوان پارتی و یەکێتی کە هەفتەیەکە راگیراوە، ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبن لە سلێمانی

22-05-2022

20:28

نێچیرڤان بارزانی: سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان به‌ چه‌تری کۆکه‌ره‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نە‌کان ده‌مێنێته‌وه

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکان
 
 
سه‌رۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی کرد، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا باسی دۆخی سیاسیی و ئاڵنگارییەکانی کرد و جەختی لە یه‌كڕیزیی لایه‌نەکان کردەوە. نێچیرڤان بارزانی گوتی، سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان هه‌میشه‌ "به‌ چه‌تری کۆکه‌ره‌وه‌ی" هه‌موو لایه‌ن و پێکهاته‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌مێنێته‌وه. 
 
رۆژی یەکشەممە 22ـی ئایاری 2022، سەرۆکایەتیی هه‌رێمی كوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سلێمانی به‌ جیا له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆکی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان. سه‌ڵاحه‌دین محه‌ممه‌د به‌هائه‌دین، ئه‌مینداری گشتیی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان. عومه‌ر سه‌ید عه‌لی، له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و عه‌لی باپیر، سه‌رۆکی کۆمه‌ڵی دادگه‌ریی کوردستان‌ و سه‌رکردایه‌تیی ئه‌و لایه‌نانه‌ كۆبووه‌وه‌." 
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا، مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا، جێگرانی سه‌رۆکی هەرێمی کوردستان. سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان و چەند راوێژکارێکی سه‌رۆکی هەرێمی کوردستان ئاماده‌ی بوون دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ئاڵنگارییەکان تاوتوێ كران. 
 
سەرۆکایەتیی هه‌رێمی كوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکان باسی لەوە کرد، "جه‌خت له‌ گرنگیی گفتوگۆی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، ته‌بایی و پێکه‌وه‌یی، یه‌كڕیزیی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان كرایه‌وه‌ و هاوڕابوون كه‌ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كانی نێوان لایه‌نه‌كان و یه‌كده‌نگییان به‌ تایبه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كاریگه‌ریی ئه‌رێنی به‌سه‌ر دۆخی گشتیی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌بێت و پێگه‌ی كوردستانیش له‌ به‌غدا به‌هێزتر ده‌كات." 
 
نێچیرڤان بارزانی، "دووپاتی کرده‌وه‌ سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان له‌ هه‌وڵه‌کانی له‌پێناو یه‌کڕیزی و ته‌بایی له‌نێوان لایه‌نه‌کاندا به‌رده‌وام ده‌بێت و وه‌ک هه‌میشه‌ به‌ چه‌تری کۆکه‌ره‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ن و پێکهاته‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌مێنێته‌وه‌." 
 
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هه‌رێمی كوردستان، لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان هه‌وڵه‌كانی نێچیرڤان بارزانی و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانیان له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و یه‌كڕیزی و ته‌باییدا، "به‌رزنرخاند و هیوای به‌رده‌وامی و سه‌ركه‌وتنیان بۆ خواست." 
زیاتر بخوێنەوە

17:58

نێچیرڤان بارزانی گەیشتە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی

 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی. 
 
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی ئەندامانی باڵای حیزبەکە پێشوازییان لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد. 
 
بەسام عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی بە رووداوی گوت، "سەردانی ئەمڕۆی کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی گرنگییەکی تایبەتی هەیە لەبەر ئەوەی لە ئێستادا تەنگەژەیەک لە کوردستان هەیە و بە دڵنیاییەوە بەڕێزیان دەستپێشخەرییان هەیە. هیوادارین سەردانەکەیان ببێتە هۆی رەوینەوەی تەنگەژەکان و گەشبینین جموجۆڵی پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان بە شێوەیەکی دیکە بیت و دەستپێشخەرییەکەی کاک نێچیرڤان وا بکات چارەسەرێک بۆ گرفتەکان بدۆزرێتەوە." 
 
بابەتی سەرۆککۆمار، ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی، بابەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دوورەپەرێزی و ناکۆکی و شەڕی میدیایی نێوان پارتی و یەکێتی کە هەفتەیەکە راگیراوە، ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانن لەگەڵ لایەنەکان لە سلێمانی.
زیاتر بخوێنەوە

17:55

نێچیرڤان بارزانی: پێویستە بە یەکگرتوویی بمێنینەوە بۆ ئەوەی وەڵامی ئاستەنگە هەنووکەییەکان بدەینەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە قەڵاچوالان
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێویستە هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی بمێننەوە بۆئەوەی پێکەوە وەڵامی ئاستەنگە هەنووکەییەکان بدەنەوە. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 22-5-2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتی سەردانی بۆ سلێمانی و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان تویتێکی کرد و تێیدا دەڵێت: "خۆشحاڵم کە دەگەڕێمەوە سلێمانی. لە رێوڕەسمی دەرچوونی کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان ئامادە بووم و لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانیش کۆبوومەوە". 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی تویتەکەدا دەڵێت: "پێویستە بە یەکگرتوویی بمێنینەوە بۆ ئەوەی وەڵامی ئاستەنگە هەنووکەییەکان بدەینەوە و بەردەوام بین لە پاراستنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان".
زیاتر بخوێنەوە

17:01

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە کۆبوونەوەدان

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی، یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بارەگای سەرەکیی کۆمەڵی دادگەری لە سلێمانی و ئێستا لەگەڵ عەلی باپیر لە کۆبوونەوەدایە. 
 
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، لە کۆمەڵی دادگەریی هەریەک لە عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و بەرپرسانی باڵای ئەو حیزبە پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا. 
 
بابەتی سەرۆککۆمار، ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی، بابەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دوورەپەرێزی و ناکۆکی و شەڕی میدیایی نێوان پارتی و یەکێتی کە هەفتەیەکە راگیراوە، ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانن لەگەڵ لایەنەکان لە سلێمانی.
 
پەیامنێری رووداو گوتی، کۆمەڵی دادگەری پڕۆژەیەکی هەیە بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و دواتر بۆ میدیاکانی ئاشکرای دەکەن. 
 
زیاتر بخوێنەوە

16:29

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆبوونەوەدان

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عومەر سەید عەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عومەر سەید عەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی و یەکگرتووی ئیسلامی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان و ئێستا لەگەڵ بەرپرسانی بزووتنەوەکەدا لە کۆبوونەوەدایە. 
 
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، لە بزووتنەوەی گۆڕان هەریەک لە عومەر سەید عەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان. شێخ کامیل پێنجوێنی، سکرتێری جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان. بەختیار وەلی و دلێر عەبدولخالق ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیی پێشوازییان لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد. 
 
بابەتی سەرۆککۆمار، ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی، بابەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دوورەپەرێزی و ناکۆکی و شەڕی میدیایی نێوان پارتی و یەکێتی کە هەفتەیەکە راگیراوە، ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانن لەگەڵ لایەنەکان لە سلێمانی.
 
پەیامنێری رووداو گوتی، شاندی گۆڕان مەبەستیانە گوێ لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بگرن و تاوتوێی بابەتەکانی لەگەڵدا بکەن. 

 

زیاتر بخوێنەوە

14:59

بەرپرسێکی پارتی: دوای سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی حیزبەکان دەستپێدەکات

 دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان
 
لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، باس لە سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی و گوتارەکەی لە رێورەسمی دەرچوونی خولی 16ی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان و هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان لایەنەکان و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرا.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی گوتارەکەیدا داوای لە پارتی و یەکێتی کرد بە باوەڕەوە و بەبێ پەشیمانبوونەوە بڕیار بدەن، کە "دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن،" دواتریش سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی لە سلێمانی دەستپێکرد.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە 503 ئەفسەر و دەرچووی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشەلەسەرەکان کرد و گوتیشی، "گڕ و تینێکی تازە دەخەنە نێو ریزەکانی پێشمەرگەوە." نێچیرڤان بارزانی داوایکرد پەلە بکرێت لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و "دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگیرێت."
 
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "بۆ پاراستنی شانازی و رێز و خۆشەویستیی پێشمەرگە، دەبێت یەکبخرێتەوە،" دەشڵێت، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، "پێویستی بە کار و هەنگاوی خێرا و بەمتمانە هەیە." داوای لە پارتی و یەکێتی کرد کە "دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بۆئەوەی چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگە جێبەجێ بکرێت، دەبێت پارتی و یەکێتی بە باوەڕ و بێ پەشیمانبوونەوە بڕیار بدەن، کە دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن، دەبێت کۆتایی بە دەستتێوەردانی حیزبی لەناو کاروباری پێشمەرگەدا بهێنن، بەو شێوەیە چاکسازی و یەکخستنی راستەقینەی پێشمەرگە دەستپێدەکات و سەردەکەوێت، ئەگەرنا لەگەڵ هەموو ناکۆکییە سیاسییەکاندا ئەوەی جێبەجێش کراوە هەڵدەوەشێتەوە."
 
لەبارەی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ سلێـمانی دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، باسی لەوە کرد، "لە پاش ئەم سەردانەی کاک نێچیرڤانەوە کۆبوونەوەی حیزبەکان دەستپێدەکات و ئومێدمان هەیە لە ئاییندەیەکی نزیکدا کێشەکان چارەسەر بکرێن."
 
جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیدا سەرۆک بارزانی مەکتەبی سیاسی ئاراستەکرد کە هەوڵبدرێت دانیشتنەکان دەستپێبکەن لەگەڵ هەموو حیزبەکان، بە هەموو شێوەیەک هەوڵی چارەسەری گرفتەکان بدرێت."
 
دیاری حوسێن ئاماژەی بەوەش کرد، "بارودۆخەکە ئەوە دەخوازێت کە هەموو لایەنەکان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن، هەر گرفتێک دروست ببێت بۆ هەمووان دروست دەبێت. پێشتر پارتی و یەکێتی کێشەی گەورەتریان هەبووە، دانیشتوون گرفتەکانیان چارەسەر کردووە، ئێستاش دەتوانرێت ئەم گرفتانە چارەسەر بکرێت، ئەرکی لایەنەکانی دیکەشە هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن بۆئەوەی بتوانین هەموومان پێکەوە چارەسەری کێشەکان بکەین."
 
لەبارەی دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگەدا ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، "سەرۆک بارزانی هەمیشە شانازی بە پێشمەرگەوە دەکات، بۆیە پارتی پێشمەرگە بە پێشمەرگەی کوردستان دەزانێت، گوتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بەرنامەی پارتییە بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، پێویستە پێکهاتەکانیش بەشداربن لە هێزی پێشمەرگەدا."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پارتی، حیزبەکەی "هیچ کاتێک رێگرنەبووە لە یەکخستنەوەی ‌هێزەکانی پێشمەرگە، یەکدەنگە لەوەی هێزی پێشمەرگە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بێت، کاک نێچیرڤان هەر بڕیارێک بدات، بڕیاری پارتییە و پێشتریش هەر وا بووە."
 
زیاتر بخوێنەوە

14:32

ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو: خەڵک چیدیکە بەرگەی ئەو دۆخە شڵەژاوە ناگرن

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆبووەوە. سەلاحەدین بەهائەدین داوای کردووە خەڵک "لەوە زیاتر بێ هیوا نەکرێن" و گوتووشیەتی، "خەڵک چیدیکە بەرگەی ئەو دۆخە شڵەژاوە ناگرن."
 
پاشنیوەڕۆی رۆژی یەكشەممە 22ی ئایاری 2022 سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن، لە بارەگای نووسینگەی خۆی لە شاری سلێمانی پێشوازیی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری کرد.
 
شاندی یاوەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێكهاتوون لە جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفای سەید قادر، جێگرانی سەرۆكی هەرێمی کوردستان، هەروەها دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كراوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە داوە كە "هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و نەوەكانی داهاتوو چیدیکە بەرگەی ئەو دۆخە شڵەژاوە ناگرن، نائومێدیی هاووڵاتییان و گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكەش ئەوە دەخوازێت كە بەرپرسان بیر لە داهاتووی هەرێمی کوردستان بكەنەوە و بە یەكڕیزی رووبەڕووی گرفت و ئاڵنگارییەکان ببنەوە."
 
بە گوتەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، "چ لەڕووی ناوخۆیی و چ لەڕووی نێودەوڵەتییەوە هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە و هۆكاری سەرەكییش ململانێ و بێباكیی هێزەكانی دەسەڵاتە."
 
وەکو لە راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوودا هاتووە، هەر لەو دیدارەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە دا كە بە مەبەستی رەواندنەوەی گرژییەكان و دروستكردنی هاوهەڵوێستیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، سەردانی سلێمانیی كردووە و داواشی لە بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین و سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامی كرد كە وەكو هەمیشە رۆڵی خۆیان لە پرۆسەی ئاشتەوایی و چاكسازیدا بگێڕن."
 
بڕیارە هەر ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بکات بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو دوو حیزبە و تاوتوێکردنی چەند پرسێک.
 
زیاتر بخوێنەوە

14:13

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لە کۆبوونەوەدان

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسانی یەکێتی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە لای سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و ئێستا لە کۆبوونەوەدان.
 
بابەتی سەرۆککۆمار، ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی، بابەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دوورەپەرێزی و ناکۆکی و شەڕی میدیایی نێوان پارتی و یەکێتی کە هەفتەیەکە راگیراوە، ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبن لەگەڵ لایەنەکان لە سلێمانی.
 
بڕیارە دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بکات بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو دوو حیزبەش.
 
زیاتر بخوێنەوە

13:30

بەرپرسانی یەکێتی پێشوازی لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن

ساتی گەیشتنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان. وێنە: جەمال یاد
ساتی گەیشتنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان. وێنە: جەمال یاد
 
بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە گرنگییەوە لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڕوانن و دەڵێن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەی لای هەمووان قبووڵکراوە و پێشتریش لەو دۆخانەدا دەستپێشخەریی هەبووە کە ناتەبایی زیاتر بەسەر لایەنە سیاسییەکاندا زاڵ بووە.
 
مستەفا چاوڕەش، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی بە "هەنگاوێکی پیرۆز" ناودەبات و دەشڵێت، "هاتنی جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی پیرۆزە، ئێمە هەموومان چاومان لەوەیە ئەم هاتنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و چارەسەرکردنی ئەو هەموو گرفتەی کە لە کوردستان لەنێوانی لایەنەکاندا هەیە، بە تایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان."
 
وەستا حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "سەردانەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، دەستپێشخەرییەکی باشە بۆ ناوچەی سلێمانی و ئەگەر بێتو کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کورد بکات بۆ یەکڕیزی."
 
وەستا رەسوڵ، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "کاک نێچیر پیاوێک بووە پێشتریش لەم مەسەلانەدا قسەی کردووە. هیوادارم سەردانەکە ببێتە مایەی خێر و خۆشی."
 
ئێستا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامانی ئەو حیزبە لە کۆبوونەوەدایە و بڕیارە لەگەڵ هەریەکە لە سەلاحەدین محەممەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی دادگەری و بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆببێتەوە.
 
سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە ماوەیەکە ساردی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و پارتی و یەکێتی بەتایبەت دروستبووە؛ خاڵێک کە نێچیرڤان بارزانی لە پەیامی تایبەت بە جەژنیدا جەختی لەسەر دوورکەوتنەوە و دەستپێکردنەوەی پەیوەندیی بەهێزی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

12:33

نێچیرڤان بارزانی لە قەڵاچوالان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتیی یەکێتی کۆدەبێتەوە

 
شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی لە قەڵاچوالان لە کۆبوونەوەدان و تاوتوێی چەند پرسێک دەکەن.
 
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی لە سلێمانی بابەتی پرسی سەرۆککۆمار، ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی، بابەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان تاوتوێ دەکات.
 
شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی پێکهاتبوو لە جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر، جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کورددستان و دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
 
لە کۆبوونەوەکەدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی؛ قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال؛ جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاریی هەرێم؛ وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆر و ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ ئامادەبوون.

 

زیاتر بخوێنەوە

11:56

بەرپرسی یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگە: هاتنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی هەنگاوێکی پیرۆزە

مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگە
 
بەرپرسی یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگە چوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی بە "هەنگاوێکی پیرۆز" ناودەبات و دەشڵێت، هەموویان چاویان لەوەیە چوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی "ببێتە مایەی خێر و خۆشی."
 
مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگە کە هاوکات ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشە، لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی گوتی، "هاتنی جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی پیرۆزە، ئێمە هەموومان چاومان لەوەیە ئەم هاتنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و چارەسەرکردنی ئەو هەموو گرفتەی کە لە کوردستان لەنێوانی لایەنەکاندا هەیە، بە تایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان."
 
بەرپرسی یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگە گوتیشی، سەردانەکە بە هەنگاوێکی باش دەزانن، "ئەو هەنگاوە نەک ببێتە هۆی ئەوەی یەکێتی و پارتی.. بەڵکو لایەنەکانی دیکەش لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە، چونکە ئێمە کێشەمان زۆرە لەگەڵ ئەو عێراقەی کە چاوی بە کوردستان هەڵنایەت، هەزار و یەک کێشەمان بۆ دروستدەکەن، پێویستە لەبری ئەوەی لیستێک لەولا و لیستێک لەولا بڕوات بۆ بەغدا، هەموو بە یەکڕیزی و تەبایی بڕۆین."
 
مستەفا چاوڕەش ئاماژەی بەوەش کرد، "پێموایە جوانترین شت ئەمەیە، هەنگاوێکی چاکە، بەخێرهاتنی دەکەین، بەخێرهاتنی شاندی یاوەری دەکەین. هیوادارم لەگەڵ لایەنەکان دانیشتن بکرێت و چارەسەری دۆخی کوردستان بکرێت."
 
زیاتر بخوێنەوە

11:46

نێچیرڤان بارزانی: دەبێت پارتی و یەکێتی دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
 
لە گوتاریدا لە رێوڕەسمی دەرچوونی خولی 6ی ئەفسەران و خولی 16ی پێشمەرگە لە کۆلێژی سەربازیی 3ی قەڵاچوالان سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە 503 ئەفسەر و دەرچووی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشەلەسەرەکان کرد و گوتیشی، "گڕ و تینێکی تازە دەخەنە نێو ریزەکانی پێشمەرگەوە." نێچیرڤان بارزانی داوایکرد پەلە بکرێت لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و "دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگیرێت."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "بۆ پاراستنی شانازی و رێز و خۆشەویستیی پێشمەرگە، دەبێت یەکبخرێتەوە،" دەشڵێت، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، "پێویستی بە کار و هەنگاوی خێرا و بەمتمانە هەیە." داوای لە پارتی و یەکێتی کرد کە "دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بۆئەوەی چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگە جێبەجێ بکرێت، دەبێت پارتی و یەکێتی بە باوەڕ و بێ پەشیمانبوونەوە بڕیار بدەن، کە دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن، دەبێت کۆتایی بە دەستتێوەردانی حیزبی لەناو کاروباری پێشمەرگەدا بهێنن، بەو شێوەیە چاکسازی و یەکخستنی راستەقینەی پێشمەرگە دەستپێدەکات و سەردەکەوێت، ئەگەرنا لەگەڵ هەموو ناکۆکییە سیاسییەکاندا ئەوەی جێبەجێش کراوە هەڵدەوەشێتەوە."
 
یەکنەخستنی پێشمەرگە و هێز و دامەزراوە ئەمنییەکان بە گوتەی نێچیرڤان بارزانی، "وایکردووە، هەموو ناکۆکییە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان راستەوخۆ کار لەسەر ئاسایش و دەروونی هاووڵاتییان و بازاڕ و بازرگانی و کەسابەتی خەڵکی ئەم وڵاتە بکات، وایکردووە خەڵک چاوەڕوانی لەتبوونی هەرێمی کوردستان و تەنانەت شەڕیش بکەن، کە بە خۆشحاڵییەوە لەکاتی ناکۆکییە هەرە سەختەکانیشدا من هەمیشە ئەوەم زۆر بە دوور بینیوە، بەڵام نیگەرانی و مەترسی و هەستیاریی خەڵکی کوردستان دەبێت بۆ ئێمە جێگەی بایەخ بێت."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، پاراستنی سەروەریی عێراق لە بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتییەکی عێراقە و گوتیشی، پێشمەرگە پەرلەمان و چەند دامەزراوەیەکی عێراقی پاراستووە.
 
نێچیرڤان بارزانی داوای لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق کرد، "وەکو لە دەستووری عێراقدا هاتووە، وەکو بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق تەماشای هێزی پێشمەرگە بکەن و پێداویستییەکانی پێشمەرگە دابینبکەن و پەلەبکرێت لە دەستبەکاربوونی هەردوو لیوای هاوبەش، کە بڕیاری لێدراوە بۆئەوەی رێگە لە بەهێزبوونی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان بگرێت."

 

 
 
دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
 
ئامادەبووانی بەڕێز، پێشمەرگە قارەمانەکان. بەڕێزان، فەرماندە و مامۆستا و راهێنەرانی سەربازی، کەسوکاری ئازیزی دەرچووان؛ هەروەها بەخێرهاتنی برای بەڕێز و خۆشەویستم کاکە بافڵ دەکەم، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
 
رۆژتان باش و هەموو لایەکتان بەخێربێن
 
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە رێوڕەسمی دەرچوونی خۆشەویستترین کەسانی کوردستان کە ئەوانیش پێشمەرگە قارەمانەکانن، بەشدار دەبم. سەرەتا دەمەوێت دەستخۆشی لە هەموو مامۆستا و راهێنەرانی سەربازیی هەردوو خوولی شانزەهەمی بنەڕەتی و 6ی پێگەیاندنی ئەفسەران بکەم. ئێوە ماوەی دوو ساڵ و سێ مانگ لەگەڵ خوولی بنەڕەتی 9 مانگیش لەگەڵ خوولی پێگەیاندنی ئەفسەران ئەرکتان کێشا، کارەکانتان شایەنی دەستخۆشی و پێزانینێکی زۆرە.
 
دەستخۆشی لە راگر و کارمەندانی کۆلێژی سەربازیی 3 لە قەڵاچوالان دەکەم کە لەو ماوەیەدا زۆر ئەرکیان کێشا بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی سەرکەوتنی ئەم دوو خوولە.
 
رۆڵی کۆلێژی سەربازیی 3 لە پێگەیاندنی پێشمەرگە و هێزی سەربازیی عێراقدا رۆڵێکی دیار و جێگەی رێز و دەستخۆشییە. هەر لێرەدا پێوستە بڵێم کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان یادگارییەکی گرنگی سەرۆک مام جەلالە، گیانی شاد و یادی هەمیشە بەخێر.
 
پیرۆزبایی لە یەک بە یەکی ئەو 503 ئەفسەر و دەرچووە دەکەم کە لە هەموو پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان تێیدا بەشداربوون، پیرۆزباییەکی تایبەتیم ئاراستەی ئەو کچانە دەکەم کە لەو خوولەدا بەشدارن، هەوڵ دەدەن و سوێندیان خواردووە کە لەگەڵ کوڕەکانی ئەو وڵاتە هەمیشە ئامادەبن بۆ بەرگری لە خاک و دەستکەوتەکانی، پیرۆزبایی تایبەتیان لێدەکەم و هیوادارم نموونەیان لە کوردستان زۆر بێت.
 
دڵنیام هەمووتان لەڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە زۆر فێربوون و دەتوانن خوێن و هێزێکی تازە بخەنە ناو هێزی پێشمەرگەوە، پیرۆزبایی لە دایک و باوک و کەسوکاری دەرچووان دەکەم، سوپاسیان دەکەین کە رۆڵەکانیان پێشکێش بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە، دەستخۆشی لە هاوکاریی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکەین بۆ هاوکاریی بەردەوامیان لەگەڵ کۆلێژی سەربازی.
 
خەڵکی کوردستان و عێراق، پیرۆزبایی لە ئێوە دەکەم کە ئەمڕۆ لێرەدا دەرچوونی ئەو پۆلە پێشمەرگەیە دەبینن، چونکە ئەمانە دەبنە یارمەتیدەرێکی سەرەکی بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق، پاراستنی سەروەریی عێراق لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییەک و ناوچەیەکی عێراقە. پاراستنی عێراق زۆر بەلای ئێمەوە گرنگە، بە هەمان شێوەش پێویستە پاراستنی هەرێمی کوردستانیش وەکو بەشێک لە دەوڵەتی عێراق بەلای هەموو عێراقییەک و هەموو دامەزراوە دەوڵەتییەکانی عێراقەوە جێگەی بایەخ بێت و وەکو ئەرکێکی هاوبەش تەماشا بکرێت.
 
بەهێزبوونی عێراق و پارێزراوبوونی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق دەبێتە مایەت بەهێزبوونی هەموو ناوچەکانی عێراق، لەوانەش هەرێمی کوردستان.
 
فیدراڵییش بۆ ئاسانکردنی بەڕێوەبردنی کاروبارە نێوخۆییەکانی وڵات و یەکسانیی نێوان پێکهاتەکان و ناوچەکانی عێراقە. فیدراڵی سەروەریی عێراق لاواز ناکات، بەڵکو هاوبەشیمان لە وڵاتی عێراقدا بەهێز دەکات.
 
دەستووری عێراقیش کاتی خۆی بەو هەست و تێگەیشتنە نووسراوەتەوە، لەبەر ئەوەش ئێمە هەمیشە داوا دەکەین بەپێی دەق و روحی ناو دەستوور هەڵسوکەوت لەگەڵ یەکتردا بکەین، کە ئێمە پێمانوایە ئەگەر بەو شێوەیە بێت، هەموومان براوەی پرۆسەی سیاسیین لە عێراقدا.
 
ئەوکاتەی سنوورەکان، دەسەڵاتەکان و بڕیارەکانی عێراق لە دەستوەردانی دەرەکی پارێزراو دەبن، ئەمە لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراقە. ئەوکاتەی هەموو هەرێم و پارێزگا و ناوچەکانی عێراق پارێزراو دەبن، ئەمە لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکە. ئەمە تێڕوانینی ئێمەیە لە هەرێمی کوردستان، پێشمەرگەش بەو هەست و باوەڕەوە پەروەردە دەکرێت. هەر لەبەر ئەوەشە بە شانازییەوە دەڵێین، دوای رووخانی رژێم لە ساڵی 2003، ئاسایشی چەند جێگەیەکی بەغدا و پەرلەمانی عێراق بە پارێزراوی مانەوە، چونکە پاراستنیان ئەرکی پێشمەرگەی کوردستان بوو. بە شایەتیی هەموو لایەک پێشمەرگە بەشێوەیەکی زۆر پیشەیی ئەرکی خۆی بەڕێوەبرد و ئێستاش لە هەندێک لەو شوێنانە بەڕێوەدەبات.
 
هەروەها لە شەڕی داعشدا پێشمەرگە هاوبەش و پشتیوانییەکی بەهێزی سوپا و هەموو هێزە چەکدارەکانی عێراق بوو، لە پاراستنی پارێزگای کەرکووک و دیالە، لە رزگارکردنی بەشیر و موسڵ و زۆر شوێنی دیکە لە عێراقدا.
 
بۆیە لێرەوە داوا لە هەموو عێراقییەک دەکەم دژی ئەو هێرشانە بێت کە گرووپە یاسا شکێنەکان لە ناوخۆی عێراقەوە دەیکەنە سەر هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت. ئەم گرووپانە بەم کارانەیان رێگە خۆش دەکەن بۆ بەردەوامبوونی ئاڵۆزی و پشێوی لە عێراق، ئەمانە دەیانەوێت زەمینەی پێشێلکردنی سەروەریی عێراق بەردەوام بێت، ئارامیی هەموو شار و شوێنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی، ئارامیی هەولێر و نەجەف، سلێمانی و بەسرە، دهۆک و ئەنبار [هەموویان] یەکن و هەمووی پێکەوە بەستراونەتەوە. سەروەریی هەموومان هاوبەشە لە عێراقدا، بە هەمان شێوە بەرژەوەندییەکان و سەرکەوتن و شکستەکانیشمان هاوبەشن.
 
هەروەها دەمەوێت لەو رێوڕەسمەدا داوا لە بەڕێزان فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق بکەم کە هەروەک لە دەستووری عێراقدا هاتووە، وەکو بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق تەماشای هێزی پێشمەرگە بکەن و پێداویستییەکانی پێشمەرگە دابین بکەن.
 
هەروەها زۆر پێویستە پەلە بکرێت لە دەستبەکاربوونی هەردوو لیوای هاوبەش کە بڕیاری لێدراوە بۆئەوەی رێگە لە بەهێزبوونی داعش لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بگرێت.
 
بە داخەوە رۆژانە دانیشتووانی گوند و ناوچەکانی سنووری ماددەی 140ی دەستوور، پێشمەرگە و سوپا و حەشدی شەعبی لەو ناوچانە دەکەونە بەر پەلاماری تیرۆریستانی داعش. لەبەر زۆربوونی هێرش و کردەوەکانی داعش لەو ناوچانە، ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و کەرکووک و مەخموور و خانەقین و گوڵاڵە و ناوچەکانی دیکە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە بۆ سەقامگیری لە عێراق و کوردستان.
 
دەبێت هەموومان هاوکاربین تاوەکو رێگە لە بەهێزبوونەوەی داعش بگرین، رێگە نەدەین ئەو هاوکارییە تێکبچێت کە لە شەڕی داعش لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا هاتە ئاراوە.
 
ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانەی ئەو دواییەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دژی داعش کران، کارێکی زۆر سەرکەوتووانە بوون، بەڵام ئەمە بەس نییە و پێویستی بە کاری هاوبەش و بەردەوامە. دەستبەکاربوونی هەردوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپا لەو بوارەدا هەنگاوێکی باش دەبێت.
 
خەڵکی خۆشەویستی کوردستان
 
تاوەکو ئێستا هەردوو هێزی پشتیوانیی یەک و دوو، هەروەها 22ی لیوای هێزەکانی 70 و 80 خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە و جێگەی رێز و دەستخۆشییە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاوپەیمانان، بەڵام رێکخستنەوە و یەکخستنی پێشمەرگە پێویستی بە کار و هەنگاوی خێرا و بە متمانەیە.
 
پێشمەرگە لە کاتی شەڕی داعشدا قارەمانییەکی ئەوتۆی نواند کە بووە جێگەی دەستخۆشیی گەلان و گەورە سەرۆکەکانی جیهان، وەکو هەمیشە بووە مایەی شانازیی گەلی کوردستان. بۆ پاراستنی شانازی و رێز و خۆشەویستیی پێشمەرگە دەبێت یەکبخرێتەوە. 
راستە بەپێی یاسا، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەرکی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی لەسەر شانە، بەڵام بۆ ئەوەی چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگە جێبەجێ بکرێت، دەبێت پارتی و یەکێتی بە باوەڕ و بەبێ پەشیمانبوونەوە بڕیار بدەن، کە دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن. دەبێت کۆتایی بە دەستوەردانی حیزبی لەناو کاروباری پێشمەرگەدا بهێنن، بەو شێوەیە چاکسازی و یەکخستنی راستەقینەی پێشمەرگە دەستپێدەکات و سەردەکەوێت، ئەگەرنا لەگەڵ هەموو ناکۆکییە سیاسییەکاندا ئەوەی جێبەجێش کراوە هەڵدەوەشێتەوە.
 
یەکنەخستنی پێشمەرگەو هێز و دامەزراوە ئەمنییەکان وایکردووە هەموو ناکۆکییە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان راستەوخۆ کار لەسەر ئاسایش و دەروونی هاووڵاتیان و بازاڕ و بازرگانی و کەسابەتی خەڵکی ئەم وڵاتە بکات. وایکردوو خەڵک چاوەڕوانی لەتبوونی هەرێمی کوردستان و تەنانەت شەڕیش بکەن، کە بە خۆشحاڵییەوە لە کاتی ناکۆکییە هەرە سەختەکانیشدا من هەمیشە ئەوەم زۆر بە دوور بینیوە، بەڵام نیگەرانی و مەترسی و هەستیاریی خەڵکی کوردستان دەبێت بۆ ئێمە جێگەی بایەخ بێت. دەبێت هاندەرمان بێت بۆ بەجێهێنانی ئەو بەڵێنەی حیزبەکانمان بە گەلی کوردستانیان داوە، بۆ سوێندی هەریەک لە ئێمە بەرامبەر بە گەلی کوردستان و رۆحی شەهیدانمان کە بەڵێنمان داوە پێشمەرگە بکەینە هێزێکی نیشتمانی دوور لە کارپێکردن و دەستوەردانی حیزبی، رێگە بگرین لە لەتبوونی خاک و گەل و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان.
 
ئەگەر بمانەوێت رێز لە رۆحی شەهیدان بگرین، ئەگەر بمانەوێت رێز لە خەباتی پێشمەرگە و فیداکاری و قارەمانیێتیی ئەو پێشمەرگانە بگرین کە لەپێناو پاراستنی کوردستان و دەستکەوتەکانیان سەریان دانا و خوێنیان رشت، ئەگەر بمانەوێت خۆشەویستیی پێشمەرگە لە دڵی خەڵکی کوردستاندا بهێڵینەوە و قارەمانێتیی پێشمەرگە لەبەرچاوی جیهان نەشکێنین، دەبێت دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگەدا بە زووترین کات کۆتایی پێ بهێنین.
 
زۆر ئامانجی رەوا و پیرۆز و گەورە هەن کە حیزبەکان لە کوردستان و عێراق دەتوانن پێیەوە سەرقاڵ ببن و کاری بۆ بکەن و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە ببەن.
 
نابێت حیزبەکان لە کشانەوەی دەستی خۆیان لەناو هێزی پێشمەرگەدا بە گومان بن، چونکە حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دوو دەزگای نیشتمانیی جێگەی متمانەی خەڵک و حیزبەکانی کوردستانن، پەرلەمانی کوردستانیش وەکو دەزگای هەرە باڵای چاودێری بەسەر هێزی پێشمەرگەوە چاودێر دەبێت.
 
ئامادەبووانی خۆشەویست..
 
بۆچی پێویستە پەلە بکەین لە رێکخستنەوە و یەکخستنی دامەزراندنی پێشمەرگە؟ شەڕی گەورە و فراوانی ئێمە لەگەڵ داعش وایکرد باشترین راوێژکارە سەربازییەکانی وڵاتان هاوکاریی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بکەن، ئەو هاوکارییانە ئێستاش بەردەوامن، جێگەی رێز و سوپاس و پێزانینی گەلی کوردستان و حکومەتی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە.
 
هاوپەیمانان پرۆژەیەکی زۆر باشیان دەستپێکردووە بۆ بەخشینی راوێژ و هاوکاری بە پێشمەرگە بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنی بە بەرنامەی پێشمەرگە، ئەمە دەرفەتێک دەبێت تاوەکو حیزبەکان ئەم دەرفەتە لەدەست پێشمەرگە و گەلی کوردستان نەدەن. هاوپەیمانان هاوکاریی پێشمەرگە دەکەن، بەڵام خۆیان ناخەنە ناو کێشە و ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی لەناو هێزی پێشمەرگەدا.
 
داوا لە حکومەتی عێراقی فیدراڵیش دەکەم کە زۆر بە جیددی پشتیوانی لەو پرۆسەیە بکات، چونکە ئەوە دەستکەوتێکی نیشتمانیی عێراقییە و پێشمەرگە بە شانازییەوە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق.
 
لە شەڕی داعشدا پێشمەرگە بە خوێنی خۆی سەلماندی کە پارێزەری هەموو خەڵکی عێراقە و بۆ سوپای عێراقیش پشتیوانە. هەروەها دەبێت بە جیددی دەستبکەین بە بەشداریپێکردنی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان لەناو هێزی پێشمەرگەدا، زۆر پێویستە تورکمان، ئاشووری، کلدان سریانی، ئێزدی و هەموو پێکهاتەکان بە رێژەیەکی بەرچاو بەشداربن لەناو هێزی پێشمەرگەدا. ئەمەش نامۆ نییە بە مێژووی پێشمەرگە و خوێنی سەدان پێشمەرگەی عەرەب، مەسیحی، ئێزدی و تورکمان لەناو داستانەکانی پێشمەرگەدا کە بە خوێنی خۆیان نووسیویانە.
 
هاووڵاتییانی خۆشەویست..
 
بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان و کاریگەرییەکانی بەسەر بارودۆخی کوردستانەوە، ئێمە وەکو ئەرکی یاسایی خۆمان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەر هەوڵمانداوە و هەوڵدەدەین، بەردەوام لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتوگۆمان کردووە و دەیکەین. بە خۆشحاڵییەوە دەڵێم، ئێستا زەمینەیەک هاتووەتە پێشەوە بۆ نەرمی نواندن و گفتوگۆ لەگەڵ یەکدی، شەڕی راگەیاندنیش هەندێک کەمبووەتەوە. لەڕاستیدا ئێمە ناکۆکیی زۆر گەورەی ئەوتۆمان نییە کە چارەسەر نەکرێن، بەڵام هەندێکجار بەربەستی دەروونی بۆ دانیشتن لەگەڵ یەکدی دروستدەکەین، ئەم دۆخە زۆرجار لەناو یەکێتی و پارتیدا دروستدەبێت کە بەڕاستی جێی ناڕەحەتیی هەموو گەلی کوردستانە. لە رابردوودا هەر وامانکردووە، ئێستاش هەر دەبێت وا بکەین کە پێویستە حکومەت، پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نەکرێنە گۆڕەپانی ململانێی حیزبی، دەبێت هەمیشە دووربن لەو ململانێیە. داهاتی هەموو هەرێمی کوردستان بۆ هەموو فەرمانبەران و هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە، لە هەمان کاتدا دەبێت بڕیارەکانی حکومەت و هەموو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بە لەیەکدی تێگەیشتن لە هەموو ناوچەکان وەکو یەک جێبەجێ بکرێن.
 
بەداخەوە بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە لە هەرێمی کوردستان زۆرجار هەست بە نائومێدی و رەشبینیی خەڵکی کوردستان دەکەم، ئەمە زۆر ئازاربەخشە، بەڵام من خۆم هەمیشە گەشبینم، چونکە زۆر باوەڕم بە هۆشیاریی گەلی کوردستانە، شوکر هۆشیارە خەڵکی کوردستان.
 
ئەم دڵتەنگییەی خەڵکیش لە ناکۆکیی نێوان حیزبەکان نیشانەی دیاری هۆشیاریی خەڵکی کوردستانە، زۆرجار گوێم لە ئەفسەر و پلەدارانی پێشمەرگە دەبێت کە زۆر نیشتمانییانە کێشەکان و تەنانەت چارەسەرەکانیش دەخەنەڕوو، لەبەرئەوە باوەڕم زیاتر دەبێت کە پێشمەرگە دەتوانێت بەردەوام جێگەی خۆشەویستیی گەلی کوردستان و جیهان بێت، ئەگەر بە باشی رێکبخرێت و یەکبخرێت و بە تەواوەتی دەبێت خۆی بەدووربخات لە ململانێی سیاسی لەناو هەرێمی کوردستاندا. ئەرکی پێشمەرگە پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستانە کە بە خوێنی سەدان و هەزاران شەهید بەدەستهاتوون، پێشمەرگە دەبێت وەفاداری ئەو سوێندە بێت کە خواردوویەتی، دووربێت لە ململانێی سیاسی لەناو هەرێمی کوردستان و لەنێوانی حیزبەکاندا.
 
هۆکاری ئەوەش کە ئێستا زۆر دڵخۆشم بە دەرچوونی ئەو دوو خوولەی پێشمەرگە ئەوەیە کە دەزانم ئەمانە بە روحێکی نیشتمانییانە و بەپێی زانستی پێشکەوتووی سەربازی راهێندراون.
 
دیسانەوە دەمەوێت پیرۆزبایی لە هەمووتان بکەم، هەربژین و هیوای رۆژێکی خۆش بۆ هەمووتان دەخوازم، بژی کوردستان، بژی کورد، ئاوەدان بێت وڵات و ئێوەش سەرکەوتووبن ئیشەڵڵا. زۆر سوپاس.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:17

وەزیری پێشمەرگە: داوا لە نێچیرڤان بارزانی دەکەم هاوکارمان بێت لە دروستکردنی هێزێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان
 
وەزیری کاروباری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەرچوونی خولی 6ـی ئەفسەران و خولی 16ـی پێشمەرگە لە کۆلێژی سەربازیی 3ـی قەڵاچوالان گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکی گوتارەکەیدا ئاماژەی بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاونان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرد.
 
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر دوایین پێشکەوتنەکانی چاکسازیی سەربازی و گوتی: "لەمڕووەوە دەستکەوتی گەورەمان بەدەستهێناوە".
 
وەزیری کاروباری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی کردوویانە بە شایەتی خەڵکی بە ویژدان و پێشمەرگە قارەمانەکان هەنگاوی ئازایانە و بوێرانە بووە لە یەکخستنەوەی هێزەکان و هێنانیان بۆ سەر وەزارەت و رێکخستنی میلاکات و قەدەخەکردنی کاری سیاسی لەناو پێشمەرگە و نەهێشتنی ئابوونەی حیزبی و کەمکردنەوەی ملیاران دیناری بەهەدەردان و گەڕانەوەی بۆ خەزێنەی حکومەت و یەکگرتنەوەو رێکخستنەوەی هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەت.
 
شۆڕش ئیسماعیل داوای لە سەرجەم لایەنەکان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کرد بەهیچ شێوەیەک رێگە نەدرێت لە دەرەوەی دامەزراوە سەربازییەکان هیچ هێزێکی دیکە و هیچ پێشمەرگەیەکی دیکە دابمەزرێت، تەنیا لەڕێگەی وەزارەتی پێشمەرگە و دامەزراوەی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگەوە هێزی نوێ، پێشمەرگەی نوێ، بە میکانزمی نوێ دابمەزرێندرێن.
 
وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێیوابوو هاتن و بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکی لەو شێوەیە "پەیامێکە بە ئاراستەی هاندانی زیاتر بۆ تەبایی و یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی، دواجار پاڵپشتی و پشتگیری بۆ هەنگاوەکانی ریفۆرمی سەربازی، لەڕێگەی بەڕێزیانەوە داوا لە هەردوو لایەنی بەشدار لە پێکهێنانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەم زیاتر هاوکارمان بن و پشتگیریمان بکەن لە بەدەستهێنانی ئامانجە گەورەکە کە دروستکردنی هێزێکی یەکگرتووی سەربەخۆی سەردەمیانەیە".
 
شۆڕش ئیسماعیل بەهێزی و لاوازیی پەیوەندییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی بەستەوە بە کێشە سیاسییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و گوتی: "ئێمە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەستپێشخەر بووینە و هەوڵیشمانداوە بگەینە رێککەوتن لەگەڵ سوپای عێراق، تاوەکو ئێستاش نەوەستاوین و بەردەوامین، بەڵام هەر کاتێک دۆخی سیاسیی لایەنە سیاسییەکانی کێشەی هەبێت، کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ئێمەش دەبێت".
 
زیاتر بخوێنەوە

10:57

فەرەیدوون عەبدولقادر: نێچیرڤان بارزانی توانیویەتی هەندێک دەروازەی چارەسەر بکاتەوە

فەرەیدوون عەبدولقادر، سیاسەتڤانی کورد. وێنە: رووداو
فەرەیدوون عەبدولقادر، سیاسەتڤانی کورد. وێنە: رووداو
 
فەرەیدوون عەبدولقادر، سیاسەتڤانی کورد رایگەیاند لە ماوەی رابردوودا بە جیا لەگەڵ هەر یەک لە بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەتەوە. بەپێی تێگەیشتنی ئەو لە هەردووکیان "ئیمکانیەتی ئەوە هەیە لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پێکبێن". ئاماژە بەوەشدەدات جموجۆڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی نێچیرڤان بارزانی توانی هەندێک دەروازەی چارەسەر بکاتەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 22-05-2022 فەرەیدوون عەبدولقادر، سیاسەتڤانی کورد میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 08:00 کە بێستوون عوسمان، لە ستۆدیۆکانی سلێمانیی تۆڕی میدیایی رووداوەوە پێشکێشی دەکات. ئاشکرای کرد، کە لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەتەوە.
 
فەرەیدوون عەبدولقادر باسی کەشی کۆبوونەوەکەی کرد و گوتی: "کەشی ئەو کۆبوونەوەیە بۆ بەختی خۆم هاوکات بوو لەگەڵ ئەو کەشەی لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دروست ببوو، تەنانەت لای دۆستە ئەمریکی و ئەوروپییەکانیش دروست ببوو. بۆیە کۆبوونەوەیەکی زۆر خۆشمان کرد، زۆر برایانە و راشکاوانە، بە سوپاسەوە ئەویش زۆر بە دڵسۆزانە و بەرپرسانە گوێ لە هەموو پێشنیاز و بۆچوون و بیروراکان گرت".
 
فەرەیدوون عەبدولقادر هەروەها ئاشکرای کرد هەر لەو ماوەیەدا بۆ ماوەی دوو کاژێر لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی کۆبووەتەوە و لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە گوتی: "راستە لەلایەن یەکێتییەوە گلەیی و گازندەی زۆر و رەخنەی زۆر و نائومێدی زۆرم گوێ لێبووە، بەڵام لەناو هەموو ئەمانەدا ئاراستەیەکم دیوە کە هەموو لایەک لە یەکگەیشتن و پێکهاتن بە باشتر دەزانن لە ناتەبایی و درێژەکێشانی ناکۆکییەکان".
 
سەبارەت بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و لێکتێگەیشتن لەسەر پرسی سەرۆککۆمار، فەرەیدوون عەبدولقادر دەڵێت: "سەرەتا من وام لە جەنابی کاک مەسعود بیستبوو کە رێگری نییە پۆستی سەرۆککۆمار بۆ یەکێتی بێت، بەمەرجێک لەسەر ناوێک پێکبێن کە هەردوولا پێی رازی ببن. ئەوەی ئێستاش خوێندوومەتەوە ئەوەیە لە کاک مەسعود نکۆڵی لەوە نییە، بەڵام رەنگە بەڕێوەبردنی گفتوگۆکان و باسکردنی ئەو پرسە بە رێوشوێنێکی باشدا نەڕۆیشتبێت". 
 
فەرەیدوون عەبدولقادر پێیوایە یەکلاکردنەوەی پرسی سەرۆککۆمار پرسێکی وا ئاسان نییە، "بەڵام وام لە کاک مەسعود خوێندەوە، واشم کاک بافڵ خوێندووەتەوە ئیمکانیەتی ئەوە هەیە لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش پێکبێن".
 
بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رێورەسمی دەرچوونی خولی 16ی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت. پاشان سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری و پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی کۆدەبێتەوە.
 
سەبارەت بە هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان لە یەکدی، فەرەیدوون عەبدولقادر دەڵێت: "نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکی میانڕەوی هەیە و گوێ لە دەنگی جیاواز دەگرێت، هەمیشە ئەو جوڵانەوانەی کە کاک نێچیرڤان کردوویەتی من لە شوێنی خۆمەوە دڵم پێی خۆش بووە، لە زۆر کاتی گیرو گرفتدا جموجۆڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی ئەو توانی هەندێک دەروازەی چارەسەر بکاتەوە، ئومێدموایە ئەمجارەش هەروابێت".
 
زیاتر بخوێنەوە

10:30

نێچیرڤان بارزانی گەیشتە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان

ساتی گەیشتنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان. وێنە: هەرێم عەلی - رووداو
 
رێوڕەسمی دەرچوونی خولی 6ی ئەفسەران و خولی 16ی پێشمەرگە لە کۆلێژی سەربازیی 3ی قەڵاچوالان بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. بڕیارە دوای رێوڕەسمەکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی کۆببێتەوە.
 
بابەتی سەرۆککۆمار، ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی، بابەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دوورە پەرێزی و ناکۆکی و شەڕی میدیایی نێوان یەکێتی و پارتی کە هەفتەیەکە راگیراوە، ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێت لە سلێمانی.
 
چەند رۆژێکە ئامادەکاری بۆ سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی دەکرێت، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئاشتەوایی نێوان لایەنە سیاسییەکان.

 

زیاتر بخوێنەوە

10:17

فارس نەورۆڵی: نێچیرڤان بارزانی هەستی بەوە کرد بەرەی ناوخۆ بەهێز نەبێت جووڵەکانی دەرەوە سەرکەوتوو نابن

فارس نەورۆڵی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە
فارس نەورۆڵی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، نێچیرڤان بارزانی "هەستی بەوە کرد تاوەکو بەرەی ناوخۆ بەهێز نەبێت، جووڵەکانی دەرەوە سەرکەوتوو نابێت، هەربۆیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆڕبەندی داڤۆسی نەکرد." ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئاییندەیەکی نزیکدا پارتی لەگەڵ کۆی لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوەی دەبێت.
 
رۆژی یەکشەممە 22-05-2022 فارس نەورۆڵی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 08:00 بوو، کە بێستوون عوسمان لە ستۆدیۆکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی پێشکێشی دەکات. لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی رایگەیاند، "ئێستا جیهان لە دۆخێکی تایبەتیدایە، بەتایبەتی دوای شەڕی ئۆکراینا و رووسیا، پێدەچێت لەدوای ئەو شەڕە جیۆسیاسیی جیهان بە شێوەیەکی فراوان بگۆڕێت، ئێمەش لەو ناوچەیە تاوەکو ئێستا هیچ ئامادەکارییەکمان نەکردووە بۆ ئەو گۆڕانکارییانە، بەڵکو قەیرانێکی زۆر هەیە لەنێو خۆمان و لەنێو هێزە سیاسییەکاندا."
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، "کاک نێچیرڤان بە هەستکردن بەو دۆخە سیاسییە لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە، جووڵەکانی بەو ئاراستە دەستپێکردووە کە نێوماڵی کورد و گوتاری کوردی ئامادە بکات بۆ ئەو ئەگەرانەی لە ئاییندەدا روودەدەن."
 
بە گوتەی فارس نەورۆڵی، لەم سەردانەیدا بۆلای لایەنە سیاسییەکان، "نێچیرڤان بارزانی هەڵگری پەیامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، پەیامی کۆی لایەنە سیاسییەکانیش کۆدەکاتەوە، بۆئەوەی دەرئەنجام بڕیارێکی لەسەر بدەن کە لە خزمەتی چاکەی گشتی و خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بێت."
 
ئەو بەرپرسەی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە ئەوەیشی خستەڕوو، ئەوان وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە ویستوویانە "جیاوازییەکان بە ئارامی بەڕێوەببەین، لە دوایین کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی پارتی، پارتی پێشنیازی ئەوەی کرد کە لەگەڵ کۆی لایەنە سیاسییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشێت و کێشەکانمان چارەسەر بکەین، باوەڕم وایە لە ئاییندەیەکی نزیکدا بکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ کۆی لایەنە سیاسییەکان."
 
سەبارەت بە تەوەری گفتوگۆکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، فارس نەورۆڵی گوتی، "هەگبەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان خێری تێدایە و خێری لەگەڵ خۆی هێناوە، پێموایە لەسەر کۆی کێشەکان گفتوگۆ دەکەن، جووڵەکەی ئەو لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە، لە کاتێکدا بوو کە ئەو میوانداری کرابوو بۆ داڤۆس، بەڵام نەچوو، چونکە هەستی کرد کە قەیران لێرە قووڵترن و تاوەکو بەرەی ناوخۆ بەهێز نەبێت، جووڵەکانی دەرەوەمان سەرکەوتوو نابێت."
 
زیاتر بخوێنەوە

09:45

ئەبوبەکر عەلی: هاتنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی گرنگە و ئەرکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان قورسە

ئەبوبەکر عەلی، سیاسەتڤانی کورد
 
ئەبوبەکر عەلی، سیاسەتڤانی کورد لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، "گرنگە و ئەرکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان قورسە."
 
ئەو سیاسەتڤانە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بە "پێویست" دەزانێت و باسی لەوەش کرد، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە ناکۆکیی لایەنەکان چارەسەر بکات.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:15

دەستپێشخەریی نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان

ساتی گەیشتنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان. وێنە: رووداو
 
بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رێورەسمی دەرچوونی خولی 16ی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت. پاشان سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری و پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی کۆدەبێتەوە.
 
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 22-05-2022، دەستپێکی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی بەشداریکردن دەبێت لە رێورەسمی دەرچوونی خولی 16ی ئەفسەرانی کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان.
 
 
دوای بەشداریکردنی لە رێوڕەسمەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەباشان لە ماڵی مام جەلال لە دەباشان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبێتەوە.
 
بابەتی سەرۆککۆمار، ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی، بابەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دوورەپەرێزی و ناکۆکی و شەڕی میدیایی نێوان پارتی و یەکێتی کە هەفتەیەکە راگیراوە، ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبن لە سلێمانی.
 
 
ساڵێک لەمەوبەر و لە 04-05-2021، هەوڵێکی دیکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبوو بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان، ئامادەسازیی لایەنە کوردستانییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەر ئەوکات نێچیرڤان بارزانی سەردانی شاری سلێمانیی کرد و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و حیزبی سۆسیالیست کۆبووەوە.
 
 
پەیامنێری رووداو لە سلێمانی ئاماژە بەوەش دەدات، جگە لە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانیش کۆدەبێتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە