رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگە چوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی بە "هەنگاوێکی پیرۆز" ناودەبات و دەشڵێت، هەموویان چاویان لەوەیە چوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی "ببێتە مایەی خێر و خۆشی."
مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگە کە هاوکات ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشە، لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی گوتی، "هاتنی جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی پیرۆزە، ئێمە هەموومان چاومان لەوەیە ئەم هاتنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و چارەسەرکردنی ئەو هەموو گرفتەی کە لە کوردستان لەنێوانی لایەنەکاندا هەیە، بە تایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان."
بەرپرسی یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگە گوتیشی، سەردانەکە بە هەنگاوێکی باش دەزانن، "ئەو هەنگاوە نەک ببێتە هۆی ئەوەی یەکێتی و پارتی.. بەڵکو لایەنەکانی دیکەش لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە، چونکە ئێمە کێشەمان زۆرە لەگەڵ ئەو عێراقەی کە چاوی بە کوردستان هەڵنایەت، هەزار و یەک کێشەمان بۆ دروستدەکەن، پێویستە لەبری ئەوەی لیستێک لەولا و لیستێک لەولا بڕوات بۆ بەغدا، هەموو بە یەکڕیزی و تەبایی بڕۆین."
مستەفا چاوڕەش ئاماژەی بەوەش کرد، "پێموایە جوانترین شت ئەمەیە، هەنگاوێکی چاکە، بەخێرهاتنی دەکەین، بەخێرهاتنی شاندی یاوەری دەکەین. هیوادارم لەگەڵ لایەنەکان دانیشتن بکرێت و چارەسەری دۆخی کوردستان بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ