عەلوەی هەولێر: لە هەفتەی داهاتووەوە نرخی تەماتە دەبێتە 300 دینار
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی قەدەخەکردنی تەماتەی هاوردەوە نرخی تەماتە لە بازاڕەکاندا زیاد بووە و، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر رایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە نرخی تەماتە کەمدەبێتەوە و دەبێتە 300 دینار.
رەجەب عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەگەری هەیە لە هەفتەی داهاتووەوە نرخی تەماتە زۆر کەمببێتەوە و لە عەلوەدا کیلۆی ببێتە 300 دینار لەبەر ئەوەی بەرهەمی خۆمان پێدەگات."
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر ئاماژەی بەوەدا کە هۆکاری زیادبوونی نرخی تەماتە ئەوەیە کە لە 15ی ئایارەوە هاوردەکردنی قەدەخە کراوە بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆماڵی ساخ بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئیستا بەرهەمی خۆماڵییش پێنەگەیشتووە.
بە گوتەی رەجەب عەزیز، تەنیا لە شارەکانی خوارووی عێراقەوە تەماتە دێت کە زۆر کەمە و رۆژانە نزیکەی 350 تۆن تەماتە دەبرێتە عەلوەی هەولێر.
ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵیدا وەزارەتی کشتوکاڵ هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە قەدەخە دەکات بۆ ئەوەی جووتیارانی ناوخۆ بتوانن بەرهەمەکانیان ساخ بکەنەوە و زیان نەکەن.