لە شیلادزێ ئەسپ منداڵێک بەدوای خۆیدا رادەکێشێت و دەیکوژێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی خاستووژوورى سنووری ناحیەی شیلادزێ سەر بە قەزای ئامێدی منداڵێک لەسەر ئەسپ دەکەوێتە خوارەوە و دەستی لە گوریسی سەر ئەسپەکە گیردەبێت، دواتر ئەسپەکە رادەکات و منداڵەکە بەدوای خۆیدا رادەکێشێت و دەبێتەهۆی گیانلەدەستدانی.
 
شەریف حازم، خزمێکی نزیکی منداڵە کە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 09:30 خولەکی ئەمڕۆ منداڵێکى تەمەن 11 ساڵ بەناوى زکرى رەمەزان کە قوتابی پۆلى پێنجى سەرەتایى بووە، سواری ئەسپێک دەبێت بۆ ئەوەى بیگوازێتەوە شوێنێکى دیکە، دواتر منداڵەکە دەکەوێتەخوارەوە و دەستى لە گوریسێکی سەر ئەسپەکە گیر دەبێت و کاتێک ئەسپەکە خاردەدات و ماوەیەک کەس ئاگای لێیان نابێت، کاتێکیش خەڵکی گوندەکە دەیدۆزنەوە دەبینن گیانی لەدەستداوە.
 
مێوان قادر تەها، کوڕی مامی منداڵەکەیە هەروەها لە قوتابخانە مامۆستاشیەتی لەبارەی رووداوەکە دەڵێت، ئەسپەکە نزیکەی 200 مەتر زکری رەمەزانی بە دوای خۆیدا راکێشاوە، تەرمەکەی بەتەواوی شێوێنرابوو.
 
مامۆستاکەی زکری قادر لەبارەی ئاماژەی بەوەشدا کە زکری سێ خوشک و برایەکی هەیە، کە دوو لە خوشکەکان و برایەکی لەڕووی دەروونییەوە کێشەیان هەیە.
 
لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا شەریف حازم رایگەیاند، پۆلیسیان ئاگادارکردووەتەوە و تەرمەکەی رەوانەى پزیشکى دادى دهۆک کرا و بڕیارە هەر لە گوندەکەیان بەخاکبسپێردرێت.