دارستانی سلێمانی: هەموو دارستانەکانی ئەزمڕ، گۆیژە و دەباشان یەک کرێکاریان هەیە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پاوان و دارستانی سلێمانی رایدەگەیێنێت کە هەموو دارستانەکانی ئەزمڕ، گۆیژ و دەباشانە کە نزیکەی شەش هەزار دۆنمن یەک کرێکاریان هەیە.
 
عەبدوڵڵا ئەحمەد، بەڕێوەبەری پاوان و دارستانی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئێمەدا 16 هەزار دۆنم دارستانی دەستکردمان هەیە و ئێمە بەرپرسیاری چاودێری و خزمەتکردنیانین. بەڵام ئێستا لە تواناماندا نەماوە خزمەتی هەموویان بکەین، چونکە کرێکارمان نەماوە؛ لە ساڵانی دەی 80ی سەدەی پێشوودا سەرووی دوو هەزار و 800 کرێکارمان هەبوو، لە ساڵانی دەی 90دا نزیکەی هەزار و 900 کرێکارمان هەبوو. ئەم دارستانانەی ئێستا هەوڵ و ماندووبوونی ئەو کرێکارانەی ئەو کاتەیە. هەموو دارستانی سلێمانی بە ئەزمڕ، گۆیژە و دەباشانەوە کە نزیکەی شەش هەزار دۆنمن، تەنیا یەک کرێکاریان هەیە."
 
نزیکەی 100 هەزار دار لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بە چاودێریی ئێمە چێنراون و دەوروبەری 90٪ یان سەوز بوون. 
 
نەبەرد عەلی، رائید و ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی گوتی: "کۆمپانیاکان تا سێ ساڵ خزمەتی ئەو نەمامانە دەکەن کە ئەوە ماوەیەکی باشە و دواتر ئەو نەمامانە پێویستیان بە چاودێری نامێنێت."
 
ساڵانە بەشیک لە رێکراوەکان هەڵمەتی نەمامچاندن ساز دەکەن و هەریەکەیان بە گوێرەی توانای خۆی ژمارەیەک نەمام دەچێنێت، بەڵام بەشیکی زۆر لەو نەمامانە سەوز نابن و پاش ماوەک وشک دەبن.
 
بەڕێوەبەری پاوان و دارستانی سلێمانی گوتی: "زۆربەی ئەو هەڵمەتانەی نەمامچاندن کە ساز کراون، دوایی نەمامەکان جێهێڵراون و ئاو نەدراون، زەوییەکەیان نەکێڵراوە، ئاگربڕیان بۆ نەکراوە و نەپارێزراون. زۆربەی ئەو رێکخراوانەی نەمام دەچێنن هاوئاهەنگییان لەگەڵ ئێمەدا نییە و بەبێ پرسی ئێمە نەمامەکان دەچێنن. ئەو رێکخراوانەی لە گۆیژە نەمامیان چاندووە، بڕوا ناکەم یەک داریان سەوز بووبێت، چونکە بە نەزانانە چێنراون. ئەو نەمامانەی بە نەزانانە چێنراون 100٪یان سەوز نەبوون. من هیچم نەبینیوە لەوەی رێکخراوەکان بەبێ پرسی ئێمە چاندبێتیان و سەوز بووبێت."
 
هەموو ساڵێک لە وەرزەکانی گەرمادا ئاگار لە دارستان و پاوانی زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بەردەبێت و بەشیکی زۆر درەخت و پاوان دەسووتێن کە ئەوەیش نیگەرانیی هاونیشتمانییان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
 
ئەفسەرەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی گوتی: "چەند هەنگاوێکی جیاواز لە پێشوومان ناوە کە سیستمی ئاودێریی دڵۆپاندنمان لە شاخی گۆیژەدا داناوە، بە هەمان شێوە سیستمێکی ئاگرکوژێنەوەشمان داناوە کە سندووقی ئاگرکوژێنەوەیە و سۆندەی تایبەت بە ئاگرکوژاندنەوەی تێدایە. هەرکەسێک لەو ناوەدا نزیک بێت دەتوانێت ئەو سۆندەیە بەکاربهێنێت و ئاگرەکە بکوژێنێتەوە. کۆمپانیاکانیش پەرژینێکیان دروست کردووە بۆ ئەوەی رێگری لە خەڵک بکەن بچنە ناو دارستانەکانەوە. ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین لە سنووری سەنگاو کامێرای چاودێری بۆ پاراستنی ژینگە و گینادارانی کێوی دابنێین."
 
رێکان جەمال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانییش ئاماژەی بەوە دا: "تەنیا بە ئاگربڕ و نەمانەوەی گەشتیار کێشەکە چارەسەر نابێت. ئێستا بەشێک لە فرۆشیارەکانی گۆیژە کە عەرەبانەیان هەیە نزیکەی 200 مەتریان بە چواردەوری خۆیاندا چیمەنتۆ کردووە و موەلیدەیان داناوە و ناوچەکەیان ناخۆش کردووە. شاخی گۆیژە بەشی ئاگرکەوتنەوەیەکی دیکە ناکات و ئەم جارە دەبێتە شاخێکی رووتەڵە و وای لێدێت کە هەر هیچی تێدا نەبووبێت."
 
قایمقامیەتی سلێمانی بۆ پاراستنی نەمام و درەختەکان بڕیاری دەرکردووە کە نابێت گەشتیار و سەیرانکەران شەو لە چیای ئەزمڕ بمێننەوە و بخەون. هاوکات خۆیشیان چاودێریی ئەو شوێنانە دەکەن تا لە ئاگرکەوتنەوە بیانپارێزن.