سیاسەتی تورکیا بەرامبەر هەرێمی کوردستان لە سەردەمی ئەردۆغان؛ دروستبوونی پەیوەندیی فەرمی لەنێوانیان
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەو دوو سەرۆکەی لە 20 ساڵی رابردوودا پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیایان زۆر فراوان کردووە؛ هەروەها سوودی هەبووە بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق بەگشتی.
زۆرجار سەرۆککۆماری تورکیا، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ تاوتوێکردنی زۆر پرسی هەستیار و کۆبوونەوە، بانگهێشتی تورکیا کردووە؛ دوایینیان بانگهێشتکردنی بوو بۆ رێوڕەسمی دەستبەکاربوونەوەی وەک سەرۆککۆمار لە رۆژی 03-06-2023دا لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی جیهان دا.
لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "لە باکووری عێراقەوە، دۆستمان، نێچیرڤان بارزانی لامانە. بەتایبەتی بە ئەویش دەڵێم؛ بەخێربێن."
لە چوارچێوەی گەشەکردن و فراوانبوونی پەیوەندییەکان دا، حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان و کابینەکانی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، هەنگاوی گەورەیان نا بۆ دروستکردنی پەیوەندی دیپلۆماسیی لەنێوان هەردوولا.
هەروەها پەیوەندییەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لەگەڵ تورکیا و سەرۆکی تورکیادا بەردەوام و بەهێزن.
رۆژی 19-04-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، "لە هەولێریش، دەرفەتی تاوتوێکردنی کێشەکانی باکووری عێراق و کێشەکانی تایبەت بە حکومەتی ناوەندیمان دەبێت."
نێچیرڤان بارزانی لە رۆژی 18ی ئەم مانگەدا باسی لە نموونەی جوانی دراوسێیەتیی هەرێمی کوردستانی کرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بە ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی دۆست، نموونەی جوانی هاوبەشی و پێشکەوتنی ئابووری و گەشەکردنی هاوبەشمان دروست کردووە.دەرفەتی زۆری کاری هاوبەشمان دروست کردوون. دڵنیام بە پڕۆژە گەورەکانی داهاتوو ئەو پێشکەوتنە زۆر زیاتر و فراوان دەکەین."
لە سەردەمی دەسەڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان دا پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بوونە فەرمی، پەیوەندی هەواڵگری و سەربازیی تێپەڕاند. ئەوەش بووە مایەی گەشەکردنێکی گەورەی ئابووری کە سوودی بۆ بەرژەوەندی پیشەسازی و بازرگانی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی هەردوولا زۆر هەیە.
ساڵی 2012 رەجەب تەیب ئەردۆغان پرۆسەیەکی بەناوی "پرۆسەی کرانەوە"ی بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا دەستپێکرد.
گەورەترین هەنگاوی پرۆسەی کرانەوە، دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی بوو لە ساڵی 2013دا. حکومەتی تورکیا و قەندیل لە رێگەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و بەشداریی هەرێمی کوردستان، پەیام و بیروڕایان ئاڵوگۆڕ دەکرد.
دیداری گەورەی ئامەد کە ساڵی 2013 رێکخرا و ئەردۆغان، سەرۆک بارزانیی بانگهێستی ئامەد کرد، نزیکبوونەوەیەکی مێژوویی بوو. لەو رۆژەدا جەماوەرێکی ئەوەندە زۆر ئامادەبوون، تائێستاش هیچ پارتێکی سیاسی نەیتوانیوە ئەو کەشە دروست بکاتەوە. سەرۆک بارزانی لەوکاتەدا گوتی، "سوپاسی بەڕێز سەرۆکوەزیران ئەردۆغان دەکەم کە ئەم دەرفەتەی بۆ رێکخستین. من سڵاوی گەلی کوردستانم بۆ گەلی تورکیا هێناوە و سڵاوی هەولێرم بۆ دیاربەکری ئازیز هێناوە."
ئەوکات سەردانەکەی سەرۆک بارزانی و پشتگیریی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی ئاشتی، بووە رۆژەڤی میدیای تورکیا. تەنانەت ئێستاش کاریگەرییەکەی هەر ماوە، بە جۆرێک شرۆڤەکاران ئێستاش هیوایان بە ئەردۆغان و ئاکپارتی هەیە بۆ پرۆسەیەکی هاوشێوە.
ناگەهان ئاڵچی، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت، "پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ حکومەتی بارزانی، کاریگەریی زۆر ئەرێنیی دروستکرد. هەروەها زەوینەیەکی زۆر ئەرێنیی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تورکیا دروستکرد. ئەردۆغان بوێرانەترین هەنگاوی لە پرسی کورد هەڵهێناوە. پێویستە سەیری دوورمەودا بکەین نەوەک تەنیا سەرنج بدەینە پێشهاتەکانی ئەم دواییە."
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو ئەوەی خستەڕوو، "لە 2015وە کە شیفتێک دروستکرا لەم سیاسەتەدا کە بەجۆرێک پاشەکشەی پارتی دادو گەشەپێدان دەبیندرێت. من پێموایە ئەردۆغان سیاسییەکی زیرەکە کە توانیویەتی ماوەی زیاتر لە هەموو سەرۆکەکانی تورکیا لە دەسەڵات بمێنێتەوە، هەروەها سیاسەتیکی وەهاشی هەیە کە بتوانێت لە پرسی کورددا وەرچەرخان و شیفتی هاوشێوە بکات."
ئەوکات ئەردۆغان باسی لە سیستمی ویلایەتی عوسمانی دەکرد و دەیگوت، ئەو سیستمە دەوڵەت بەهێز دەکات. باسی لە بوونی ویلایەتەکانی کوردستان و لازستانیش دەکرد.
لە ساڵی 2003دا یاسای ژمارە 1587ی ناسنامەی گۆڕی و قەدەخەی سەر ناوی کوردیی بۆ منداڵان لادا.
حکومەتی تورکیا بە یاسایەک رێگەی بۆ پەخشی کوردی کردەوە و ساڵی 2009 تەلەڤزیۆنێکی بە زمانی کوردی لە چوارچێوەی کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانی دەوڵەت TRT دا کردەوە.
هەروەها وانەی زمانی کوردی لە قوتابخانەکان دا خرایە لیستی وانەی بژاردەوە، بە جۆرێک لە تەواوی تورکیادا قوتابیان دەتوانن داوای بکەن. لە هەر پۆلێکدا 10 داواکاری یان زیاتر بۆ وانەی کوردی هەبێت، مامۆستایەک بۆ وانەی بژاردەی زمانی کوردی تەرخان دەکرێت. ئەو هەنگاوەی ئەردۆغان لە کاتێکدا بوو، پێش ساڵی 2002 تەنانەت بە کوردی قسەکردنیش ئاستەنگی بۆ دروست دەکرا.
بێگومان ئەو هەنگاوانەی ئەردۆغان هێندەش ئاسان نەبوون؛ بەڵام ئەردۆغان بەو هەڕەشانە ساردنەبووەوە و رۆژی 19-11-2013 لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا بەرپەرچی رەخنەگرانی دایەوە.
لەو گوتارەیدا سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "مەهەپە و جەهەپە لە یەکەمین تۆمارەکانی پەرلەماندا ئەو وشانە دەبینن کە ئەمڕۆ دژیان دەوەستنەوە؛ لە سەرووی هەموویانەوە لە گوتەکانی غازی مستەفا کەمال ئەو وشانە دەیبینن. وشەی کورد لەو پەرلەمانە دەبینن. وشەکانی جۆرجی، لاز، عەرەب و بۆسنە لەو تۆمارانەدا دەبینن. وشەی کوردستان لە تۆمارەکانی پەرلەمان دەبینن."
ئەردۆغان هەروەها لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر گرنگی ناوە، کە یەکێک لەوانە، کردنەوەی کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی بوو لە هەولێر. ئێستاش چاوەکان لەسەر دووەمین سەردانی ئەردۆغانن بۆ هەولێر.