ئەردۆغان دەرگای بۆ زمان و چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، 22-04-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدای کرد و دوای مانەوەی لەوێ بۆ چەند کاژێرێک، دێتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
ئەردۆغان لە بەغدا و هەولێر
رۆژی هەینی 19-04-2024 هەردوو کەسی یەکەم لە تورکیا و عێراق لەبارەی سەردانەکە قسەیان کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای نوێژی هەینی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "سەردانەکەمان بۆ عێراق، لە راستیدا سەردانێکی دواخراوە. پلانمان وابوو دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان سەردانەکە بکەین. ئێستاش هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە. پشتیوان بە خودا سەردانەکەمان بۆ عێراق دەکەین."
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، سەردانەکەیان یەک رۆژ دەخایێنێت، "سەرەتا دەچینە بەغدا و دیدارمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت. دواتر سەردانی هەولێر دەکەین. لە هەولێر دەرفەتی گفتوگۆکردنمان لەبارەی کێشەکانی باکووری عێراق و کێشەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەند دەبێت. هاوکات لە سەردانی عێراق دا لەژێر چەتری پەیوەندییەکانی تورکیا - عێراق دا کۆمەڵێک پرس تاوتوێ دەکەین."
هەمان رۆژ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا لەبارەی سەردانەکە قسەی کرد و گوتی، لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا زۆر بابەتی "هەستیار" تاوتوێ دەکرێن.
بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندیی بازرگانی و جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و هەر لەو چوارچێوەیەش دا پرسی بەردانەوەی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات بۆ عێراق و، شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە لەنێو خاکی عێراق دا لە هەرێمی کوردستان دەخرێنە بەر باس.
رۆژی دووشەممە، 22-04-2024 دەوروبەری کاژێر 18:00 رەجەب تەیب ئەردۆغان دەگاتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و پێکەوە باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە، هەولێر و بەغدا و پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکەن.
پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان هەولێر و ئەنقەرە
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)ی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان ساڵی 2001 دامەزرا و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 2002دا دەسەڵاتی گرتەدەست. هەر زوو حکومەتەکەی ئەردۆغان دەستی بە ئەنجامدانی ژمارەیەک گۆڕانکاری کرد، لەوانەش گۆڕانکاری لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە و بۆ ئەو مەبەستەش جەختی لە هەبوونی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کردەوە و دروشمی سیاسەتی "سفر کێشە"ی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەدا بەرزکردەوە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان دا پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان گۆڕا بۆ پەیوەندییەکی فەرمی، پەیوەندیی هەواڵگری و سەربازیی تێپەڕاند. ئەوەش بووە مایەی گەشەکردنێکی گەورەی ئابووری، کە سوودی بۆ بەرژەوەندیی پیشەسازی و بازرگانی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی هەردوولا زۆر بوو.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18ی ئەم مانگە گوتی، "ئێمە بە ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێ دۆستەکانمان نموونەی زۆر جوانی هاوبەشی و پێشکەوتنی ئابووری و گەشەکردنێکی هاوبەشمان دروست کردووە. دەرفەتی زۆری کاری هاوبەشمان دروست کردوون. دڵنیام بە پڕۆژە گەورەکانی داهاتوو ئەو پێشکەوتنە زۆر زیاتر و فراوان دەکەین."
پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ عێراق لە سەردەمی سەدام حوسێن دا و پێشتریش زۆرجار کێشەیان تێدەکەوت، هەرێمی کوردستان دوای ساڵی 1991 پەیوەندییەکی ئارامی ئابووریی لەگەڵ تورکیادا دروستکرد، لەدوای 2003ش هاوبەشییەکی گەورەی ئابوورییان دروستکرد و بووە دەروازەیەکی هاوبەشی ئابووری بۆ تورکیا لەگەڵ عێراق دا و کۆتایی بە سەردەمێکی درێژی لێک دووریی سیاسیی نێوان عێراق و تورکیا هێنا.
لەو چوارچێوەی گەشەکردن و فراوانبوونی پەیوەندییەکان دا، حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی هەنگاوی گەورەیان هەڵێنان بۆ دروستکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسیی فەرمی لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان دا. پەیوەندییەکە گەیشتە ئاستێک کە لە 11-03-2010 تورکیا کۆنسوڵخانەی لە هەولێر کردەوە و لە 29ی ئاداری 2011یشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئەوکات سەرۆکوەزیران بوو، سەردانی هەولێری کرد و لە رێوڕەسمی تایبەت بە کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێردا بەشدار بوو. ئەوکات ئەردۆغان دەستەواژەی "برای خۆشەویستم"ی بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەکارهێنا و گوتی، دڵخۆش دەبێت بە خۆشگوزەرانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان. ئەردۆغان یەکەمین سەرۆکوەزیرانی تورکیایە لە مێژوودا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبێت.
پەیوەندی و سەردانە بەردەوامەکانی نێچیرڤان بارزانی بە درێژایی نزیکەی 20 ساڵ و کۆبوونەوە بەردەوامەکانی لەگەڵ ئەردۆغان، پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیای زۆر فراوان کردووە، هەروەها سوودی هەبووە بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق بەگشتی. زۆرجار سەرۆککۆماری تورکیا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی زۆر پرسی هەستیار و کۆبوونەوە، بانگهێشت کردووە بۆ تورکیا، دوایینیان بانگهێشتکردنی بوو بۆ رێوڕەسمی دەستبەکاربوونەوەی وەکو سەرۆککۆمار لە رۆژی 03-06-2023دا لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی جیهان دا.
هەروەها پەیوەندییەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لەگەڵ تورکیا و سەرۆکی تورکیادا بەردەوام و بەهێزن.
گوتاری سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەی ساڵی 2012ی ئاکپارتی
رەجەب تەیب ئەردۆغان ساڵی 2012 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی کۆنگرەی ئاکپارتی لە ئەنقەرە کرد. لە کۆنگرەکەدا سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکێش کرد و کاتێک چووە سەر ستەیج، ئەندامانی ئاکپارتی لەنێو هۆڵەکە بە یەک دەنگ هوتافی "تورکیا شانازیت پێوە دەکات"یان گوتەوە.
سەرۆک بارزانی بە زمانی کوردی گوتارەکەی پێشکێش کرد و گوتی، "هیچ کێشەیەک بێ چارەسەر نییە" و ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر خوێنی لاوێکی کورد یان لاوێکی تورک یانیش هەر نەتەوەیەکی دیکە بڕژێت، بۆ ئێمە جێی داخە."
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنگرەکەدا جەختی لە چارەسەری کێشەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتان و کێشە نێوخۆییەکان کردەوە، لەوانەش پرسی کورد و شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و گوتی، ئامانجی ئەو چارەسەرکردنی ئەو کێشانەیە.
دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا
لە چوارچێوەی ئەو بیرۆکە و بەڵێنەی کە لە کۆنگرەی پارتەکەی لە ساڵی 2012 لە ئەنقەرە رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان پرۆسەیەکی بەناوی "پرۆسەی کرانەوە"ی بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا دەستپێکرد.
گەورەترین هەنگاوی پرۆسەی کرانەوە دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی بوو لە ساڵی 2013دا. حکومەتی تورکیا و قەندیل لە رێگەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و بەشداریی هەرێمی کوردستان، پەیام و بیروڕایان ئاڵوگۆڕ دەکرد و دواتریش هەمان ئەو شاندەی هەدەپە بە ئاگاداریی حکومەت دەچووە دوورگەی ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆدەبووەوە. هەروەها دانوستاندنی راستەوخۆش لەگەڵ ئۆجەلان دا دەکران.
هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا وەکو نوێنەری تایبەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرپەرشتیی کاری دانوستاندنەکانی دەکرد.
ئەوکات پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) زۆر دژایەتیی ئەو هەوڵە و پرۆسەکەیان دەکرد، بەڵام ئەردۆغان رووبەڕوویان بووەوە و گوتی، ئاکپارتی پێداگرە لەسەر چارەسەرکردنی پرسی کورد.
هەر لەو چوارچێوەیەدا و بە مەبەستی پێدانی گوڕ و تینێکی دیکە بە پڕۆسەی ئاشتی، سەرۆک بارزانی رۆژی 16-11-2013 لەسەر بانگهێشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان چووە ئامەد بۆ بەشداریکردن لە "دیداری گەورەی ئامەد". ئەردۆغان بەخێرهاتنی سەرۆک بارزانیی کرد و گوتی، "لە رێگەی ئێوەوە سڵاوی خۆم ئاراستەی برا خۆشەویستەکانم لە باکووری عێراق - هەرێمی کوردستان دەکەم."
سەرۆک بارزانیش گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، "ئەمڕۆ دڵخۆشم بەوەی سەرکردەیەک لە تورکیا هاتووەتە پێشەوە و رێگەیەکی راستی هەڵبژاردووە کە رێگەی برایەتییە. پێویستە گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێکەوە بژین. شەڕ تاقیکرایەوە و خێری بۆ هیچ کەس نەبوو. بەردی بناخەی ئاشتی بە شێوەیەکی بوێرانە دانرا."
بەڵام ئەو هەوڵانە نەگەیشتنە ئەنجام کە هەرلایەک لایەکەی دیکەی بە هۆکاری شکست ناو دەبات و لە پاییزی 2015دا شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە دەستی پێکردەوە. موراد قەرەیلان، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆما جڤاكێن کوردستانێ (کەجەکە) لە دیمانەیەکدا لە حوزەیرانی 2012 گوتی، "لە چارەسەر زۆر نزیکبووین، بەڵام کوژرانی 13 سەربازی سوپای تورکیا و 7 گەریلا لە شەڕێکدا لە شارۆچکەی سیلڤانی سەر بە ئامەد زیانی بە قۆناخەکە گەیاند."
دوای کودەتای گولەنییەکان، چەند شایەتییەک خرانەڕوو لەسەر دەستهەبوونی گولەنییەکان لە هاندان بۆ ئەو کوشتارە.
ئەو پرۆسەی چارەسەری ئاشتیانە بەپێی هەندێک لە راپرسییەکانی ئەوکات لەلایەن 57%ی خەڵکی تورکیاوە پشتیوانیی لێدەکرا و رێژەکە لە هەڵکشان بوو، چونکە بووژانەوەیەکی فراوانی ئابووریی دروست کردبوو.
ئەردۆغان و بەکارهێنانی وشەی کوردستان
ئەردۆغان لەو ساڵانەدا چەند جارێک وشەی (کوردستان)ی بەکارهێنا و ئەوەش تووڕەبوونی بەرپرسان و پەرلەمانتارانی جەهەپە و مەهەپەی لێکەوتەوە.
ئەوکات سیستمی بەڕێوەبردن لە تورکیا پەرلەمانی بوو و هەربۆیەش رەجەب تەیب ئەردۆغان وەکو سەرۆکوەزیران، دەسەڵاتداری یەکەمی وڵات بوو. ئەردۆغان رۆژی 19-11-2013 لە گوتارێکی دا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا وەڵامی جەهەپە و مەهەپەی دایەوە و گوتی، لە پرۆتۆکۆڵی یەکەمین دانیشتنەکانی پەرلەمان و گوتەکانی مستەفا کەمال ئەتاتورکیش دا وشەکانی (کورد) و (کوردستان) هەن.
ئەردۆغان رووی دەمی لە جەهەپە و مەهەپە کرد و گوتی، "ئەم گەلە بێ ریشە نییە. پێویست ناکات زۆر دوور بڕۆین و بگەڕێنەوە بۆ 90 بۆ 100 ساڵ لەمەوبەر. بەرپرسان و پەرلەمانتارانی جەهەپە و مەهەپە با بڕۆنە کتێبخانەی پەرلەمان و پرۆتۆکۆڵی یەکەمین دانیشتنەکانی پەرلەمان بخوێننەوە. مەهەپە و جەهەپە لە یەکەمین تۆمارەکانی پەرلەمان دا ئەو وشانە دەبینن کە ئەمڕۆ دژیان دەوەستنەوە؛ لە سەرووی هەموویانەوە لە گوتەکانی غازی مستەفا کەمال دا ئەو وشانە دەبینن. وشەی کورد لەو پەرلەمانەدا دەبینن. وشەکانی جۆرجی، لاز، عەرەب و بۆسنی لەو تۆمارانەدا دەبینن. وشەی کوردستان لە تۆمارەکانی پەرلەمان دا دەبینن." لەو کاتەیشدا دەنگی چەپڵە لە هۆڵەکەدا بەرزبووەوە.
خوێندن بە زمانی کوردی و کردنەوەی کەناڵی کوردی
رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆژی 30-09-2013 (پاکێجی دیموکراسیبوون)ی راگەیاند، کە لە 63 بڕگە پێکهاتبوو و كۆمەڵێك چاكسازی و گۆڕانكاریی ریشەیی لەخۆگرتبوو، كە بۆ كورد گرنگ بوون. سەرەکیترینیان پرسی خوێندن بوو بە زمانی دایک و، لەو بارەیەوە ئەردۆغان رایگەیاند، "لە خوێندنگە تایبەتییەکاندا رێگە بە زمانی جیاواز بۆ خوێندن دەدرێت. ئێمە ئەو یاسایە هەڵدەوەشێنینەوە کە رێگری لە خوێندن بە زمانی دایک دەکات. هەروەها هەر پارت و لایەنێک دەتوانێ بە زمانی خۆی بانگەشەی هەڵبژاردن بکات."
لەو چوارچێوەیەدا وانەی زمانی کوردی لە قوتابخانەکان دا خرایە لیستی وانەی بژاردەوە، بە جۆرێک لە تەواوی پارێزگاکانی تورکیادا قوتابیان دەتوانن داوای وانەی بژاردە بکەن. لە هەر پۆلێکدا 10 داواکاری یان زیاتر بۆ وانەی کوردی هەبێت، مامۆستایەک بۆ وانەی بژاردەی زمانی کوردی تەرخان دەکرێت. ئەو هەنگاوەی ئەردۆغان لە کاتێکدا بوو، پێش ساڵی 2002 تەنانەت بە کوردی قسەکردنیش ئاستەنگی بۆ دروست دەکرا.
لە هەمان کات دا لەسەر ئاستی میدیاش بایەخ بە زمانی کوردی درا و حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان تەلەڤزیۆنێکی بە زمانی کوردی لە چوارچێوەی کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانی دەوڵەت TRT دا کردەوە. کەناڵی TRT6 کە تەواوی بەرنامەکانی بە زمانی کوردی (کورمانجی سەروو، خواروو و کرمانجکین) بەرنامەکانی پێشکێش دەکات، رۆژی 25-12-2008 دەستی بە پەخشی ئەزموونی کرد و رۆژی 1-1-2009 بە فەرمی دەستی بە پەخش کرد. رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیامی کردنەوەی کەناڵەکەدا جەختی لەسەر پێکەوەژیان کردەوە و بە زمانی کوردی گوتی، "تەرەتە شەش ببێتە مایەی خێر". ئەو کەناڵە لە 10-01-2015 ناوەکەی لە TRT6 گۆڕدرا بۆ TRT KURDIو ئێستاش بەردەوامە.
چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ
لە ئەیلوولی 2014دا داعش هێرشێکی گەورەی کردە سەر شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان. ئەوکاتە داعش هێزێکی گەورەی هەبوو و چەک و تەقەمەنی زۆری سوپای عێراق و سوپای سووریای دەستکەوتبوو و خاوەنی دەیان هەزار چەکداریش بوو. شەڕێکی سەخت لەنێوان شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە و چەکدارانی داعش لە کۆبانێ هەبوو و زۆری نەمابوو هەمووی بکەوێتە دەست داعش.
لەو چوارچێوەیەدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی بە بۆردوومانکردنی پێگەکانی داعش لەنێو کۆبانێ و دەوروبەری کرد و، لە ئۆکتۆبەری 2014یشدا پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوای سەرۆک مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ نیشاندا. هەروەها تورکیا پەسەندی کرد هێزی پێشمەرگە بچێتە نێو سنوورەکانی تورکیا و لەوێوە بچێتە کۆبانێ .
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی و هاوئاهەنگییەکی بەردەوام دابوو لەگەڵ تورکیا بۆ چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ.
هێزی پێشمەرگە رێگەی دەروازەی خابوورەوە و بەنێو پێشوازییەکی هەزاران کەسی کوردەوە لە ناوچە کوردییەکانەوە چووە کۆبانێ بۆ بەشداریکردن لە پاراستنی کۆبانێ دا. ئەوەش رەخنەی زۆری بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بەرامبەر ئەردۆغان بەدوای خۆیدا هێنا.