حکومەت: لە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان گفتوگۆ لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کرا
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، شاندی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری تورکیا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی نیسان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا لەبارەی کۆبووەنەوە لەگەڵ ئەردۆغان دەڵێت: "خۆشحاڵبووم کە گفتوگۆیەکی بەرهەمدارمان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و کۆمەڵێک بابەتی ناوچەیی ئەنجام دا."
لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، "گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە کرا."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە ڕێگەی دانوستان و لەسەر بنەمای دەستوور، هەروەها برەودان بە هاوئاهەنگیی و هاریکاری هاوبەش لە بواری پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بارزگانی و وەبەرهێناندا."
سەردانەکەی ئەردۆغان لە پاش 13 ساڵ دێت؛ دوایین جار کە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد لە ساڵی 2011 بوو. ئەوکات سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو.
ئەردۆغان سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا، لەگەڵ هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە.
بە سەرپەرشتی ئەردۆغان و سوودانی، 26 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتن لەنێوان عێراق و تورکیا واژۆ کران، کە خۆیان لە بوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، رێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە دەبیننەوە.