ناوی مامۆستایانی وانەبێژ نێردرایە بەغدا بۆ ئەوەی بکرێنە گرێبەستی هەمیشەیی

رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات پارە بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ تەرخان بکات.
 
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ و ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزارەتەکە کۆبوونەوە.
 
کارۆخ عەبدوڵڵا گوڵاوی، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە رووداوی گوت، کۆمەڵێک بابەتی گرنگ لەبارەی دۆسیەی مامۆستایانی وانەبێژ باسکران، "ناوی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ کە 37 هەزار و 740 وانەبێژن، ئەمڕۆ دووشەممە 22ی نیسان، نێردران بۆ حکومەتی عێراق بۆ دامەزراندنیان بەشێوەی گرێبەستی هەمیشەیی."
 
تایبەت بەوانەبێژانی بەخشراو (ئەوانەی ساڵانی رابردوو وانەبێژ بوون ناویان لە ریزبەندی پەروەردەکاندا هەیە و لادراون)، کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی، "داوای ناو و زانیارییان دەکرێت بۆ ئەوەی بنێردرێن بۆ وەزارەت."
 
لە هەرێمی کوردستاندا 37 هەزار و 740 مامۆستای وانەبێژ هەن. مووچەیان 18 ملیار دینارە. نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکات شایستەی دارایی پێویستیان بۆ تەرخان بکرێت."
 
دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام "مووچەیان دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق."
 
کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت، وەزیری پەروەردە پێی راگەیاندوو کە "حکومەتی ناوەند رەزامەند بێت یان نا مامۆستایانی وانەبێژ هەر بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێن."
شایستەی مانگانەی مامۆستای گرێبەست بۆ بڕوانامەی دبلۆم 400 هەزارە و بۆ بەکالۆریۆس 500 هەزار دینارە.