قوتابییەکی پۆلی 12 لە بەردەڕەش گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
قوتابییەکی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە گوندی مۆریلانی سەر بە ناحیەی دارەتوو لە سنووری قەزای بەردەڕەش گیانی لەدەستدا، کەسێکی نزیکی دەڵێت "خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".
قوتابییەکە ناوی سوهەیب ئومێد بوو و ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 22-4-2023) لە گوندی مۆریلان گیانی لەدەستدا. ئامۆزایەکی بەناوی سایب عەبدوڵڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سوهەیب تەمەنی 18 ساڵە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".
بە گوتەی سایب عەبدوڵڵا، ئامۆزاکەی هیچ کێشەیەکی نەبووە و دوای ئەوەی دایک و باوکی چوونەتە ماڵی کەسێکی نزیکیان بەمەبەستی جەژنە پیرۆزە، بەتەنیا لە ماڵەوە ماوەتەوە و بە چەک خۆی کوشتووە.
بەشار محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو لەمبارەوە بە رووداوی گوت، قوتابییەکە هیچ کێشەیەکی نەبووە، بەڵام وا دیارە بەهۆی خوێندنەوە کێشەی دەروونی بۆ دروستبووە.
ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە رۆژی 3-6-2023 تاقیکردنەوەی وەزاری پۆلی 12 دەستپێبکات و 27ـی هەمان مانگ تەواو دەبێت.
بەشار محەممەد گوتیشی، بنکەی پۆلیسی دارەتوو پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و خەریکی بەدواداچوونن.
تەرمی ئەو هاونیشتمانییە لە دادپزیشکی دهۆک توێکاری بۆ کراوە و رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە و لە گوندی مۆریلان بە خاک دەسپێردرێت.