رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە گەڕەکی قەڵاتی نوێی هەولێر، ئاگر لە ژمارەیەک دووکان کەوتەوە و بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بەر دووکانداران کەوت. پەیامنێری رووداو رایگەیاند، زیانی گیانی نەبووە و لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە. هاونیشتمانییەکیش دەڵێت، زیاتر لە 10 دەفتەر دۆلار زیانیان بەرکەوتووە.
درەنگانی شەوی رابردوو، لە گەڕەکی قەڵاتی نوێی هەولێر ئاگر لە شەش دووکان کەوتەوە و بەهۆیەوە زیانێکی زۆری مادییان بەرکەوت. هەڵەبجە سەعدون، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە نزیک شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە هەر شەش دووکان بە تەواوی سووتاون و هیچ کەلوپەلێکیان تێدا نەماوە.
شاگردی یەکێک لە دووکانەکان لەبارەی رووداوەکەوە بە پەیامنێری رووداوی گوت، ئاگرکەوتنەوەکە نزیک کاژێر 11:30ی شەو بووە و پێشبینی دەکرێت بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووبێت.
![دووکانێک کە بەهۆی ئاگرەکەوە بە تەواوی سووتاوە. وێنە: جێگر عومەر - رووداو](https://www.rudaw.net/Library/Images/Uploaded%20Images/2023/04/22/viber_image_2023-04-22_09-42-28-580.jpg)
تاوەکو ئێستا بڕی زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکە دیارینەکراوە، بەڵام مام تەها، خاوەنی سێ لە دووکانە سووتاوەکانە و بە رووداوی گوت، ''زیانی رووداوەکە بە زیاتر لە 10 دەفتەر دەخەملێندرێت و کەمتر نییە.''
ئەو دووکانانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوە زیانیان بەرکەوتووە، بریتین لە دووکانی کەلوپەلی کارەبایی، بۆری و بیناسازی، ئاسنگەری، سەرتاشخانە و مریشک فرۆشی. بەگوتەی شاهێدحاڵان، ئاگرکەوتنەوەکە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە و لە لایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆلکراوە.
شۆرتی کارەبا لە بەرەبەیانی رۆژی 27-03-2023دا بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی سوورچیانی شاری هەولێریش کە هیچ زیانێکی گیانیی نەبوو، بەڵام نزیکەی 10 دووکان سووتان کە کەلوپەلی دەستی دوویان دەفرۆشت. هەروەها رۆژی چوارشەممە، 05-04-2023، لە بازاڕی شێخەڵڵای هەولێر هەر بەوهۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و لە ئەنجامدا چەندین کەپر و عەرەبانە و دووکان سووتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ