د. ئەحمەد کەرکووکی لە رووداو سپەیس: ئافرەت لە شەوی یەکەمی هاوسەرگیریدا کچ نەبوو مەرج نییە خراپ بێت

22-04-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایەکی ئایینی باس لە هۆکارەکانی جیابوونەوەی هاوژینان دەکات و دەڵێت، "ساردوسڕیی هاوژینان لە سەرجێیدا یەکێکە لە هۆکارەکان." باسیش لە شەوی یەکەمی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی دەکات و دەڵێت، "ئەگەر ئافرەت لە شەوی یەکەمی هاوسەرگیریدا کچ نەبوو، مەرج نییە خراپ بێت."
 
رۆژی پێنجشەممە 20-04-2023 لە رووداو سپەیس لە تویتەر کە بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ و نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ پێشکێشیان کرد، میوانداریی د. ئەحمەد کەرکووکی، مامۆستای ئایینی و پێشکێشکاری بەرنامەی "ئاکار" کرا.
 
بەرنامەی ئاکار بەرنامەیەکی ئایینی و کۆمەڵایەتیی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە ئێوارانی مانگی رەمەزان پەخش دەکرا. بەرنامەکە بووە رۆژەڤ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەتایبەتی دوای ئەوەی چەند بەرنامەیەکی لەسەر بابەتانێک بوون کە زیاتر لە کۆمەڵگەدا بە "هەستیار" دادەنرێت.
 
د. ئەحمەد کەرکووکی: موسڵمان ئاکاری باش نەبێت، سوود لە عیبادەتەکانی نابینێت
 
نێوەڕۆکی ناوی ئاکار لە خو و رەوشتەوە دێت. مامۆستا ئەحمەد کەرکووکی دەڵێت، بەشێکی زۆری ئایینی ئیسلام لە ئاکار و خو و رەوشتەوەیە، "موسڵمان ئەگەر ئاکاری باش نەبێت لەگەڵ دەوروبەریدا بە دەقی فەرموودەی پێغەمبەر (د. خ) سوود لە عیبادەتەکانی نابینێت، هەرچەندە پابەندیش بێت بە پرەنسیپە ئایینییەکانەوە."
 
د. ئەحمەد کەرکووکی: مەلام، بەڵام وەکو مەلای دیکە نیم
 
لە گوتەکانیدا، ئەو مامۆستا ئایینییە گوتی، "خۆم مەلام و شانازیشی پێوە دەکەم، بەڵام وەکو مەلای دیکە نا، ئەو مەلایەی ئێستا خەڵک بیری لێدەکەنەوە کە دەبێت تەنیا لە مزگەوت و لەسەر مینبەر بێت، لەوە زیاتر ئیشی دیکەت نییە و نابێت سەردانی کۆمەڵێک شوێن بکەیت. بەو جۆرە لە مەلایەتی تێنەگەیشتووم، لەو سۆنگەیەوە دەستمان برد بۆ کۆمەڵێک بابەت کە بە جیدی لەم کۆمەڵگەیەدا پێویستە قسەی لەسەر بکرێت. [لەپای ئەوەی کردوومە] مامۆستای ئایینی هەبووە بە نامە دەستخۆشیی لێکردووم، بەڵام گوتوویەتی، ناوێرم بە ئاشکرا دەستخۆشیت لێبکەم."
 
د. ئەحمەد کەرکووکی: کچ و کوڕ دوای شەش مانگ لە هاوسەرگیری لە یەکدی سارد دەبنەوە
 
یەکێک لە هۆکارەکانی جیابوونەوەی نێوان هاوژینان (تەڵاق)، وەکو د. ئەحمەد کەرکووکی دەڵێت، "ساردوسڕیی هاوژینانە لە سەرجێییدا." دەشڵێت، پێغەمبەر (د. خ) سەحابەکانی فێر کردووە کە "چۆن گەرموگوڕبن لە کاتی سەرجێییدا لەگەڵ خێزانەکانیان."
 
د. ئەحمەد کەرکووکی دەڵێت، "بە سەتان هاوژین هەن ئەمە دۆخیانە. نابێت بیشارینەوە لە کۆمەڵگەکەماندا کە کچ و کوڕ دوای شەش مانگ لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە یەکدی سارد دەبنەوە." گوتیشی، "ئێستا سەقافەتی موسڵمان و دینداریی گەنج بە شێوەیەکی گشتی تووندئاژووە کە هەرچی جیاوازیی هەیە لە بەردەمیدا لێی دەدات."
 
ئەو مامۆستا ئایینییە باسی لەو گرفتانە کرد کە لە پێشکێشکردنی بەرنامەکەیدا هاتووەتە بەردەمی، بەتایبەتی لەو بەرنامانەی بەشێک لە بینەران بە "هەستیار" ناویان دەهێنا.
 
د. ئەحمەد کەرکووکی دەڵێت، "قسەم لەگەڵ پزیشکدا کردووە کە تەنیا بڵێت، مامۆستایان و موسڵمانان هەر ئافرەتێک ئەگەر لە شەوی یەکەمی پێکهێنانی ژیانی هاوژینیدا ئاشکرا بوو کە کچ نییە و ژنە، مەرج نییە زینای کردبێت یان خراپ بێت، لەوانەیە لە منداڵیدا کۆمەڵێک بابەتی دیکەی بەسەردا هاتبێت، وەکو کەوتن و چەند هۆکارێکی دیکە، بەڵام پزیشکەکە ئامادە نەبووە لە رووە پزیشکییەکەوە باسی بکات."
 
"دەتوانین بڵێین ئەم بابەتانە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زووە، لەبەر ئەوەی ئاستی رۆشنبیری تاکەکانی ئێمە ئەوەنە پڕ کراوە لە تووندڕەوی و قبووڵنەکردنی بەرامبەر"، ئەمەش بە گوتەی د. ئەحمەد کەرکووکی.
 
ئەو مامۆستا ئایینییە باسی لەو کەسانە کرد کە قسەیان پێی گوتووە و دەڵێت، "موسڵمان هەرچییەک بێت، نابێت جنێو بدات."
 
"ئایین جێگیر نییە و دوو بەشە، جێگیرەکان و بگۆڕەکان هەن. جێگیرەکان بۆ نموونە بابەتەکانی عەقیدە، ئەوە نەگۆڕە تاوەکو رۆژی قیامەت. بەشێکی زۆری ئایین بگۆڕەکانە و فەتوا دەگۆڕدرێت، چەند تەفسیرمان هەن بۆ قورئان لە کاتێکدا کە گوتەی خودایە"، لە قسەکانیدا مامۆستا ئەحمەد کەرکووکی ئەمانەشی گوت.
 
بەرنامەیەکی ئاکار لەبارەی خوی نهێنی بوو. مامۆستا ئەحمەد کەرکووکی دەڵێت، "من نەمگوتووە خوی نهێنی باشە یان خراپە، بەڵام گوتوومە پزیشکەکان دەڵێن: ئەگەر ئالوودە بیت پێوەی، خراپە؛ کەواتە ئالوودە مەبە. مامۆستایانی ئایینی بەشێكیان دەڵێن، (حەرامە) بەشێکی دیکەیان دەڵێن، (موباحـ)ـە واتە کردن و نەکردنی وەکو یەک وایە، ئەگەر ئالوودە نەبیت."
 
د. ئەحمەد کەرکووکی بۆ گەنجان: ئالوودەی خوی نهێنی مەبن
 
ئەو مامۆستا ئایینییانەی کە خوی نهێنییان پێ حەرامە لە خاڵێکدا دەوەستن و دەڵێن، "ئەگەر کەسەکە دڵنیا بوو دەکەوێتە تاوانەوە، خوی نهێنییەکە بکات باشترە لەوەی بکەوێتە تاوانەوە." مامۆستا ئەحمەد کەرکووکی دەڵێت، "پەیامی من ئەوە بوو بە گەنجان بڵێم ئالوودەی خوی نهێنی مەبن، ئەمە کوێی خراپە؟"
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شوێنی کارگە کۆنکرێتییەکە؛ وێنە: رووداو

چوار ساڵە دانیشتووانی گەڕەکێکی هەڵەبجە داوای گواستنەوەی کارگەیەک دەکەن

کارگەی کۆنکرێتی ئامادەکراو لە هەڵەبجە شەو و رۆژ خۆڵی چیمەنتۆ بەسەر دانیشتووانی گەڕەکی ئەندازیاران بڵاودەکاتەوە. دانیشتووانی گەڕەکەکە چوار ساڵە داوای گواستنەوەی دەکەن.