فەرماندەیەکی پێشمەرگە: هێزی پێشمەرگە بەرەو پەلکانە جووڵەی پێکرا

22-04-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئاڵۆزییەکانی دوێنێی گوندی پەلکانە، ئەمڕۆ هێزێکی پێشمەرگە بەرەو گوندەکە جووڵەی پێکرا، فەرماندەی هێزەکە دەڵێت، بۆ پاراستنی هاونیشتمانییان دەچنە ئەوێ.

رۆژی شەممە 22ی نیسانی 2023، نووری حەمەعەلی، فەرماندەی میحوەری 5ی رۆژئاوای کەرکووکی هێزەکانی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هێزێکی پێشمەرگەیان بەرەو گوندی پەلکانە جووڵە پێکردووە.

فەرماندەی میحوەری 5ی رۆژئاوای کەرکووکی هێزەکانی پێشمەرگە گوتیشی، هێزەکە بۆ پاراستنی هاونیشتمانییان جووڵەی پێکراوە کە لەوێ رووبەڕووی "ستەم" دەبنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هێزی پێشمەرگە نەچووەتە گوندەکەوە و رەنگە لە نزیکی گوندەکە جێگیر بکرێن. نووری حەمە عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، "لەگەڵ هێزە عێراقییەکان لەسەر هێڵین بۆئەوەی هیچ گرژی و ئاڵۆزییەک روونەدات."

جووڵاندنی پێشمەرگە بۆ پەلکانە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان عەرەبی هاوردە و هاونیشتمانییانی ئەو گوندە دروستبوو.

لەبارەی ئاڵۆزی و شەڕەکەوە، دوێنێ عەبدولموتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بە وەکالەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە شەڕەکەدا سێ کەس بریندار بوون و لە نەخۆشخانە دەستبەسەرن.

عەبدولموتەلیب نەجمەدین گوتیشی، کاژێر 06:00ی ئێوارە شەڕەکە دروستبووە، کاتێک چەند گەنجێکی کورد لەنێو بازاڕدا وەستاون و لەگەڵ ئەو عەرەبانەی لەوێ نیشتەجێن دەمەقاڵێ و شەڕ لەنێوانیاندا دروستبووە. گوتیشی، "عەرەبەکان رۆیشتوون و دواتر بە خەڵکی زیاترەوە گەڕاونەتەوە؛ خەریک بوو شەڕەکە تەشەنە بسێنێت، بەڵام سوپای عێراق لە دۆخەکە ئاگادار کرانەوە و لەگەڵ پۆلیسدا دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کرد، ئێستا دۆخەکە بە تەواوی ئارام بووەتەوە."

گوندی پەلکانە دەکەوێتە رۆژئاوای کەرکووک و سەر بە شارۆچکەی سەرگەڕانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان

هێزەکانی کۆماندۆ: پێشمەرگەیەکی خۆمان بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی راپەڕین دەستگیر کرد

فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان رایگەیاند، بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی شەوی رابردووی گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبار فەیزوڵڵا فەتحوڵڵا محێدین، پێشمەرگە لە هێزەکانی کۆماندۆیان دەستگیر کردووە