هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران کەمی کردووە
رووداو - سۆران
گەشتیاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران کردووە؛ لەگەڵ دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی هاوینەهەواری بێخاڵ وێنەی یادگاری تۆمار دەکەن و کات بەسەردەبەن.
ناهید حەسەنی، گەشتیاری رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، "زۆر زۆر خۆشە، لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووین، جەژنێکی زۆر زۆر خۆشە، کوردستان زۆر زۆر خۆشە، جەژنی هەموو لایەک پیرۆز بێت."
زۆرترین ئەو گەشتیارانەی چوونەتە شوێنە گەشتیارییەکانی دەڤەری سۆران، لە شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە بووە، جوانیی شوێنە گەشتیارییەکانی ئەو دەڤەرە سەرنجی ئەوانی راکێشاوە.
لەنێو گەشتیارەکان، کوردی شارەکانی کوردستانیش هەن کە بە جلوبەرگ و پۆشاک دەناسرانەوە. رێناس حازم دەڵێت، "هەر جارێک دێم بۆ ئێرە، جلی کوردی دەپۆشم، بۆئەوەی دابونەریت و کولتووری خۆمان پێشانی ئەو بیانیانە بدەین کە دێن بۆ ئێرە."
بەراورد بە جەژنەکانی رابردوو ژمارەی هاتنی گەشتیاران کەم بوو، هۆکاریش ساردیی کەشوهەوا و لافاوی رۆژانی رابردوو بوون.
لاوین جەبار، خاوەن شوێنی گەشتیاری ئاماژە بەوە دەکات، "رێژەی گەشتیارەکان بەو ئاستە نەبوو کە چاوەڕێمان دەکرد، ئەوەش لەبەر دوو هۆکار، یەکێکیان هەبوونی تاقیکردنەوەکان لەبەر پرۆسەی خوێندن، ئەوە کەمێک ئاستەنگە؛ دووەمیش، هەبوونی لافاو و ئەوانە کە لە سۆشیال میدیا بڵاوبوونەوە، ئەوە دەوری خۆی دەبینێت، بەڵام ئێمە پێشبینی دەکەین هەم کەشوهەوا لەبارتر دەبێت، هەم رێژەی گەشتیاران زیاتر سەردانمان بکەن."
ناوچە گەشتیارییەکانی گەلی عەلی بەگ، بیخاڵ، جوندیان و چیای کۆڕەک پێناسەی جوانی و گەشتیاریی دەڤەری سۆرانن، ساڵانەش هەزاران گەشتیار بۆ بەسەربردنی کات روویان لێدەکەن.