سامانی ساڵانەی ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان 4 ملیار مەتر سێجایە

22-04-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
رووباری زێی بچووک. وێنە؛ هیوا نەجمەدین - رووداو
رووباری زێی بچووک. وێنە؛ هیوا نەجمەدین - رووداو
نیشانەکردن پسپۆڕێکی ئاو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 28 ملیار مەتر سێجا داهاتی ئاوی سەرزەوییە لە ساڵێکدا، ئەوەی کە لە بەنداوەکاندا کۆبووەتەوە 12 ملیار مەتر سێجایە، بەڵام سامانی ئاوی ژێرزەوی 4 ملیار مەتر سێجایە، واتە بە گشتی 44 ملیار مەتر سێجا داهات و سامانی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوییە لە هەرێمی کوردستان، هەرچەندە دکتۆر دارا فایەق، پسپۆڕی ئاوی ژێر زەوی و مامۆستای زانکۆ، پێیوایە کە بڕی ئاوی ژێر زەوی زیاتربێت لەو بڕەی کە راگەیێنراوە.
 
دوو جۆر ئاوی ژێر زەوی هەن، یەکێکیان ئەوانەن کە نزیکن لەسەر زەوی کە راستەوخۆ کاریگەرن بە بڕی دابارین، واتە دابارینی کەم و زۆر کاریگەریی خێرا دەکاتە سەر بڕەکانیان، بەڵام ئەوانەی کە لە قوڵاییدان کەمتر کاریگەر دەبن بە بڕی دابارینی ساڵانە، دکتۆر دارا ئەم بابەتە بە نموونەیەک رووندەکاتەوە و دەڵێت "ئەگەر کۆی رووبەری کوردستان بە 40 هەزار کیلۆمەتر ئەژمار بکەین، هەروەها تێکڕای بارانی ساڵانەش 500 ملیمەتر بێت، ئەوا ساڵانە نزیکەی 20 ملیار مەتر سێجا ئاو دەکات، لەو بڕەش 30-35٪ی دادەچۆڕێتە خوارەوە وکۆگا ئاوییەکان پاراو دەکات".
 
بەڵام ئەگەر ئەو بڕی بارانە کەمبکات بۆ نموونە ببێتە 400 ملیمەتر باران، ئەوا بڕی ئاو 4 ملیار مەتر سێجا کەمدەکات، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەکەی کەمتر ئاو بگاتە ژێر زەوی و کۆگاکانی ئاوی ژێر زەوی پاراو بکات.
 
 ئەم داچۆڕینەش بەپێی شوێن جیاوازە، ناوچەی شاخاوی 30-35٪ دادەچۆڕێتە خوارەوە، بەڵام ناوچەکانی نیشتەجێ و ناوچە پیشەسازییەکان 5-10٪ دادەچۆڕێتە خوارەوە.
 
لە هەرێمی کوردستان لەو شوێنانەی کە چالاکیی پیشەسازییان تێدایە، یان ئەو شوێنانەی کە ئاستی ئاوی ژێر زەوی نزیکە، یان نزیکی پرۆژەی کشتوکاڵین، یان بەهۆی تێکچوونی ئاوەڕۆی ماڵانەوە، ئاوی ژێرزەوی پیسبووە، بە تایبەت ئەو شوێنانەی کە پاڵاوگە و چالاکیی نەوتیی تێدان.
 
دکتۆر دارا، تێزی دکتۆراکەی لەسەر ناوچەی بازیانە، کە دەکەوێتە رۆژئاوای شاری سلێمانی و یەکێکە لە ئەمبارە گەورەکانی ئاوی ژێر زەوی، هاوکات قەرەباڵخترین شوێنی کوردستان و عێراقیشە بە چالاکییە پیشەسازییەکان، بەڵام هەڵسەنگاندن نەکراوە بۆ دامەزراندنی ئەو دامەزراوانە، بۆیە لەرێگەی وەرگرتنی نموونەوە هەندێک پیسبوون هەیە ، بەڵام هێشتا ئاوی بازیان بە گوتەی ئەو سەلامەتە.
 
ژمارەی ئەو بیرانەی کە لێدراون، کاردەکاتە سەر ئەو 4 ملیار مەتر سێجا ئاوی ژێر زەوییەی کە هەیە، بۆ نموونە لە سنووری  سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین ، نزیکەی 10 هەزار بیر بە یاسایی لێدراون، بەڵام ئەو پسپۆڕەی ئاوی ژێرزەوی پێشبینیدەکات 10-12 هەزار بیری دیکەش بە شێوازێکی نایاسایی لێدرابێتن، ئەوەش 3-5 مەتر ئاستی ئاوی ژێر زەوی هێناوەتە خوارەوە، بە تایبەت ناوچە دەشتاییەکان زیاتر کاریگەر دەبن بە لێدانی بیر بەراورد بە ناوچە شاخاوییەکان، چونکە هەر لە بنەڕەتدا دابارین لە ناوچە دەشتەکان کەمترە بەبەراورد بە ناوچەی شاخاویی، ئەوە سەرباری ئەوەی ئەو ئامێرانەی کە بیرەکانیان پێ لێدەدەن کاریگەرییەکی ئێجگار خراپیان لەسەر ئاوی ژێر زەوی دەبێت، چونکە ئەگەر بیرێک مۆڵەتی هەبێت ئەوا کوالێتیی ئامێرەکانیش جیاواز دەبن، چونکە ئامێرێک کە لە ناوچەی شاخاویی بیری پێ لێدەدەن جیاوازە لە ناوچەکانی دیکە.
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 49.5 هەزار بیر لێدراون، کە 23.6 هەزاریان مۆڵەتیان هەن ، ئەوانی دیکە کە 25.9 هەزارن بە نایاسایی لێدراون.
 
لەو بیرانەی کە یاسایین، 12.4 هەزار بۆ خواردنەوە، 10.4 کشتوکاڵ، هەروەها 929 بیریشیان بەمەبەستی پیشەسازیی لێدراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 گردبوونەوەی ناڕەزایی راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک.

راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد

راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپیشاندانیان کرد، دەڵێن شەش مانگ مەشق و راهێنانیان پێکردوون و بەڵێنی دامەزراندنیان پێدراوە، بەڵام چوار ساڵە کەسیان دانەمەزراون.