نرخی کیلۆیەک ماسی لە هەرێمی کوردستان 2000 دینار گران دەبێت

22-03-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهای یەک کیلۆ ماسی نزیکەی دوو هەزار دینار گرانبووە و کیلۆیەک ماسی بووەتە هەشت هەزار دینار، خاوەن حەوزێکی ماسی هۆکارەکەی بۆ قەدەخەکردنی راوەماسی و کەمبوونەوەی ماسی دەگەڕێنێتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە ماسی فرۆشەکان و خاوەنی چەند شوێنێکەوە وەریگرتوون کە ماسی دەفرۆشن و دەبرژێنن، لە شارەکانی هەرێمی کوردستان لە دوو رۆژی رابردوو دا بەهای کیلۆیەک ماسی نزیکەی 1500 بۆ 2000 دینار زیادی کردووە، واتە کیلۆیەک ماسی لە شەش هەزار دینارەوە بۆ هەشت هەزار دینار گران بووە. 
 
محەممەد سەعید، خاوەنی شوێنێکی فرۆشتن و برژاندنی ماسییە لە شاری سلێمانی، بە رووداوی گوت: "ئێستا کیلۆیەک ماسی بە هەشت هەزار دینار دەگاتە دەستی ئێمە، لەکاتێکدا لە ماوەکانی رابردوو تەنیا شەش هەزار دینار بوو، ئەوەش وایکردووە خەڵک کەمتر ماسی بکڕن، بەتایبەت ئێستا کە رەمەزانە و مووچەش نەدراوە."
 
سەبارەت بە هۆکاری گرانبوونەکەش، محەممەد سەعید گوتی: "هۆکارەکەی نازانین، خاوەن حەوزەکان گرانیان کردووە، نە پەیوەندیی بە قەدەخەکردنی راوکردنی ماسییەوە هەیە، نە پەیوەندیی بە گرانیی بەهای ئالیکەوە هەیە، دەبێت خاوەن حەوزەکان هۆکارەکەی روون بکەنەوە."
 
هاوکات، جوامێر عارف، کە یەکێکە لە خاوەن حەوزەکانی ماسی فرۆشتن لە تەقتەق، بە رووداوی گوت، "ئەو بابەتە پەیوەندیی بە گرانیی ئالیکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە کەمی ماسی لە بازاڕدا."
 
هۆکاری کەمیی بڕی ماسیش دەگەڕێنێتەوە بۆ وەرزی ساڵ، ئەو دەڵێت: "هەموو ساڵێک لەم وەرزە و لەم یەک دوو مانگە بەهای ماسی گران دەبێت، چونکە ماسی کەمە، ئەو بڕەی بەردەستە بەشی پڕکردنەوەی پێداویستی نێوخۆ ناکات، ئەوەی ماسیی بەخێو کردووە لە پاییز فرۆشتوویەتی، بۆیە گەورەکردنی ماسیی کە پێویستی بە هەشت بۆ دە مانگێک دەبێت لەم وەرزە کەم دەبێتەوە، ئەوەش وا دەکات گران بێت."
 
جوامێر ئەوەشی بۆ رووداو باسکرد کە بەهای ئالیک وەکو رۆژانی پێش گرانبوونی نرخی ماسییە و هیچ نەگۆڕاوە، جگە لەوەی لەو وەرزەدا ماسی ئالیک ناخوات، بۆیە گەشە ناکات، بەڵام بە گوتەی ئەو لە دوو مانگی داهاتوودا ئەگەری هەرزانبوونی بەهای ماسی هەیە.
 
گرانبوونی ماسی لەکاتێکدایە رۆژی سێشەممە، 5ـی ئاداری 2024، قەدەخەی راوە ماسی لە دەریاچە و ئاوەکانی کوردستان قەدەخەکرا و تاوەکو رۆژی 15ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداریی داوەتە راوچییان لەوەی لەو کاتانەدا راوە ماسی نەکەن، چونکە رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
 
بەرهەمی ساڵانەی ماسی لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 7 بۆ 8 هەزار تۆن دەبێت، لەکاتێکدا ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 12 هەزار تۆن هەیە.
 
بەپێی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 60% بۆ 65%ی پێداویستی و خواستی نێوخۆیی پڕدەکاتەوە.
 
لە هەرێمی کوردستان جگە لەوەی نزیکەی 400 پرۆژەی بەرهەمهێنانی ماسی هەن، بەڵام زیاتر لە هەزار حەوزی بێ مۆڵەتیش هەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە