لە کاتی هەڵکەندنی بیرێکی نەوت لە کەرکووک فەرمانبەرێک گیان لەدەستدەدات

رووداو دیجیتاڵ 

کرێکارێکی کۆمپانیای هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکانی عێراق لە کێڵگەی نەوتیی بای حەسەن لە قەزای دووبزی پارێزگای کەرکووک گیانی لەدەستدا، یەکێک لە خزمەکانی دەڵێت: "لەسەر یەکێک لە ئامێرەکانی هەڵکەندنی بیر کەوتووەتە خوارەوە."
 
کاژێر 9:00ـی شەوی رابردوو لەکاتی هەڵکەندنی بیرێکی نەوتی لە سنووری کێڵگەی بای حەسەن لە پارێزگای کەرکووک، ئەمیر خەڵەف، تەمەن 49 ساڵ، کە کارمەندی کۆمپانیای هەڵکەندنی بیری نەوتی عێراقە لە کەرکووک، کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
 
عیماد هەرەم کە ئامۆزای کۆچکردووەکەیە رۆژی هەینی، 22ـی ئاداری 2024، بە رووداوی گوت: "ئەمیر لەسەر یەکێک لە ئامێرەکانی هەڵکەندنی بیر بووە و دوای تێکچوون و کەوتنەخوارەوەی بەشێک لە ئامێرەکە ئەمیریش کەوتووەتە خوارەوە و یەکسەر گیانی لەدەستداوە."
 
دوای گواستنەوەی بۆ فەرمانگەی دادپزیشکیی کەرکووک، تەرمی ئەمیر رادەستی کەسوکاری لە قەزای حەویجە کرایەوە.
 
کۆمپانیای هەڵکەندنی بیری نەوتیی عێراق، لە پرسەنامەیەکدا سەرەخۆشی خۆی لە کەسوکاری ئەو فەرمانبەرە کردووە و رایگەیاندووە ناوبراو فەرمانبەر بووە لە بەشی هەڵکەندنی بیر و چاکسازی (IDC 222).