لە ئیلام لافاو زیانی بە 11 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی گەیاندووە

22-03-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شاری دێلوڕانی سەر بە پارێزگای ئیلام رایگەیاند، لافاوی چەند رۆژی رابردوو زیانی بە زیاتر لە 11 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی گەیاندووە.
 
جەلال یوسفی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شاری دێلوڕان رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی لێزمەباران و تەرزەوە، لە سنووری ئەو شارە لافاو دروستبووە و زیانێکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵیی شارەکە گەیاندووە.
 
یوسفی گوتیشی، "بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانمان، لافاو زیانی بە زیاتر لە 11 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵیی سنووری دێلۆران گەیاندووە."
 
بە گوتەی یوسفی، بەهۆی لافاوەوە 10 هەزار و 650 هێکتار لە کێڵگەی گەنم و کولزا زیانیان بەرکەوتووە و 600 هێکتار زەوی دیکەش بە تەواوی ژێرئاو کەوتوون.
 
هەروەها زیان بەر بەشێک لە ژێرخانەکانی کەرتی کشتوکاڵیش کەوتووە، لەوانەش رێگەکانی نێوان کێڵگەکانی ئەم شارە زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە.
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شاری دێلوڕان دەشڵێت، ئەم خەمڵاندنەی زەرەر و زیانەکان، خەمڵاندنێکی سەرەتاییە و تیمەکانیان خەریکی لێکۆڵینەوەن بۆئەوەی قەبارەی راستەقینەی زیانەکان دەستنیشان بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە