بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی سلێمانی: 4 بۆ 5 مەتر ئاو زیادی کردووە

23-03-2024
پێشەوا بەختیار
بیرهەڵکەنێک دەڵێت، ئەم ساڵ بەهۆی بارانبارینەوە 50% ئاوی ژێر زەوی زیادی کردووە. وێنە: رووداو
بیرهەڵکەنێک دەڵێت، ئەم ساڵ بەهۆی بارانبارینەوە 50% ئاوی ژێر زەوی زیادی کردووە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

هیوا رەزا بیرهەڵکەنە و 34 ساڵە ئەو کارە دەکات، بە ئامێرێکی سادە پشکنین بۆ دۆزینەوەی ئاوی ژێر زەوی دەکات؛ بە گوتەی ئەو، لە 10 ساڵی رابردوودا تەنیا یەک جار هاوشێوەی ئێستا ئاوی ژێر زەوی باش و بەرز بووە. بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی سلێمانییش دەڵێت، ئاوی ژێر زەوی 4 بۆ 5 مەتر زیادی کردووە.
 
هیوا رەزا، بیرهەڵکەن دەڵێت، "ئەم ساڵ بەهۆی بارانبارینەوە 50% ئاوی ژێر زەوی زیادی کردووە."
 
هەرچەندە ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەریدەخەن بەهۆی بارانبارینەوە ئاستی ئاوی سەر زەوی و بەنداوەکان بە رێژەی جیا جیا زیادیان کردووە، بەڵام کارێزەکانی سلێمانی بە گوتەی شایەتحاڵان، کەمیکردووە. کارێزەکەی مزگەوتی حاجی فەتاح لە گەڕەکی سەرشەقامی سلێمانی بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو، بە گوتەی پیاوە بەتەمەنەکانی ئەو گەڕەکە 80% کەمیکردووە و لە سێ مانگی وەرزی گەرماش وشک دەکات.
 
کەریم محەممەد، نوێژخوێن دەڵێت، "ئاوی کارێزی مزگەوتەکە کەمیکردووە، بەتایبەت لە مانگی تەممووز ئاوی کارێزی مزگەوتە زەردەکە وشک دەکات، دواتریش ئەمە وشک دەبێت؛ جاران یەک باوەش ئاوی هەبوو، ئێستا تۆزێکە."
 
لە سنووری پارێزگای سلێمانی چوار ئاوزێڵی سەرەکی و 12 ئاوزێڵی لاوەکی هەن؛ لە ساڵەکانی 2021 و 2022دا 12.4 مەتر ئاستی ئاوەکەیان دابەزیوە، بەڵام ساڵی 2022 بۆ 2023 بەهۆی زۆریی رێژەی بارانبارین 1.4 مەتر ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەرز بووەتەوە.
 
خومار حەمەنەجم، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی سلێمانی دەڵێت، "ساڵانە لە وەرزی باران نەبارین 10 بۆ 15 مەتر ئاوی ژێر زەوی کەم دەکات، بەڵام ئێستا بەهۆی بارانبارین 4 بۆ 5 مەتر ئاوەکە زیادی کردووە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بەهۆی هەڵکەندنی بیری نایاسایی و هەڕەمەکی و زۆر بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە شارەدێی سیتەک بۆ 280 مەتر دابەزیوە، لە ئاوزێڵی بازیان و سلێمانییش زۆرترین رێژەی کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".