لە ئیلام ورچ پەلاماری هاونیشتمانییەکی دا و برینداری کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ناوچەیەکی شاخاویی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ورچێک پەلاماری هاونیشتمانییەکی دا و برینداری کرد.
 
بەپێی زانیارییەکان، رووداوەکە رۆژی پێنجشەممە 21ی ئاداری 2024 لە ناوچەی شاخاویی زەرانگوشی سەر بە دەرەشار و لە شوێنێک بەناوی چل خرسان روویداوە.
 
سەیدنوور عەلیمورادی، بەرپرسی فریاکەوتنی پارێزگای ئیلام راگەیاند، کاژێر 13:25 بە کاتی خۆجێیی (12:55 بە کاتی هەولێر)، ئاگادار کراونەتەوە کە لە ناوچەی چل خرسانی زەرانگوش لە سنووری شاری دەرەشار، ورچێک پەلاماری کەسێکی داوە و برینداری کردووە.
 
سەیدنوور عەلیمورادی گوتی، دوای گەیشتنیان بۆ ناوچەکە، هاونیشتیمانییە بریندارەکە لەلایەن تیمەکانیانەوە گوازراوەتەوە نەخۆشخانەی وەلیعەسری دەرەشار.
 
بەپێی زانیارییەکان، هاونیشتمانییەکە کەسێکی تەمەن 51 ساڵە، برینەکانی زۆر قورس نین، تەندروستیی باشە و ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت.