رووداو دیجیتاڵ
جەودەت کۆناک، هاوبەربژێری دەم پارتی بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی دێرسم بە شێوەزاری زازاکی قسەی بۆ رووداو کرد و رایگەیاند، 500 ساڵ عوسمانییەکان ستەمیان لە خەڵکی دێرسم کرد و 100 ساڵیشە کۆماری تورکیا ستەم لە خەڵکی ئەو پارێزگایەی باکووری کوردستان دەکات.
هەر لە رووداوی ئەمڕۆدا ئەرکان ئەرئۆغڵو، بەربژێری ئاکپارتی بۆ سەرۆکی شارەوانیی دێرسم بەشدار بوو و گوتی، ئەگەر لە هەڵبژاردنی رۆژی 31-3-2024دا سەرکەوتن بەدەستبێنن، ئەوا خزمەتێکی گەورەی دێرسم دەکەن و کێشەکانی ناهێڵن.
بەربژێرەکەی ئاکپارتی لەبارەی شێوەزاری زازاکی و کولتووری تایبەتی دێرسمییەکان قسەی کرد و بە پێویستی زانی کاری جیدی بکرێت بۆ زیندووهێشتنەوەی ئەو شێوەزار و کولتوورە.
بەربژێری دەم پارتی: 10 ساڵە نەمانتوانیوە شارەوانی بەڕێوەببەین
بەربژێرەکەی دەم پارتی سەبارەت بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، لە شاری دێرسم بە نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ماوەی 10 ساڵە نەمانتوانیوە شارەوانی بەڕێوەببەین. سۆنگول ئەرۆڵ عابدیل لە نێوان ساڵانی 2004 و 2009 سەرۆکی شارەوانیمان بوو. لە ساڵانی 2009 تاوەکو 2014یش ئەدیبە شاهین سەرۆک شارەوانیمان بوو. لە نێوان ساڵانی 2014 و 2016 محەممەد عەلی بوڵ و نورهایات ئاڵتون هاوسەرۆکانی شارەوانی بوون کە ئێستا لە گرتووخانەن".
جەودەت کۆناک گوتی، دوای ساڵی 2016 قەییوم دانرا و ئەوەش "تەواوی رەنجی ئێمەی بە با دا. بەڵام ئەمجارە ئەو پرۆژانەمان تەواو دەکەین کە نیوەچڵ ماونەتەوە. هەلی کار بۆ گەنجانمان دەڕەخسێنین و دەست بە خزمەتگوزاریی دابینکردنی ژێرخانێکی بەهێز دەکەین".
بەربژێرەکەی دەم پارتی باس لەوە دەکات کە کەشێکی سەربازی لە دێرسم هەیە و و گوتی، "لە هەر گۆشەیەک بنکەیەکی پۆلیسیان داناوە و هەموو شوێنێکیان داگیرکردووە. لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا هەمان کەشوهەوا هەیە و ستەم دەکرێت".
جەودەت کۆناک گوتی، رۆژی 31ی ئادار سەردەکەون و رایگەیاند، "ئێمە نەوەی عەلی شەرەکان، زەریفەکان و سەید رەزاکانین و لەسەر رێباز و میراتی ئەوان هەنگاو دەنێین".
بەربژێری ئاکپارتی: هەوڵی جیدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نەدراوە
ئەرکان ئەرئۆغڵو، بەربژێری ئاکپارتی بۆ سەرۆکی شارەوانیی دێرسم قسەی بۆ رووداو کرد و دێرسمییەکانی بە خەڵکێکی پەراوێزخراو لە قەڵەم دا و گوتی، خەڵکی ئەو پارێزگایە ساڵانێکە لە نێو گیروگرفتدان و کارێکی ئەوتۆیان بۆ نەکراوە.
لەبارەی ئەوەی شارەوانییەکانی پێشوو چییان بۆ ئەو شارە کردووە، ئەرکان ئەرئۆغڵو گوتی، "لەم شارەدا هەوڵی جیدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نەدراوە، بەڵام ئێمە ئەمڕۆ هاتووین تاوەکو ئەوەی لەدەستمان بێت بیکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. لە ئەگەری دەرچوونمان، لەگەڵ حکومەت بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ دەست بە هەنگاوەکان دەکەین و ئەم شارە پیرۆزتر و واتادارتر دەکەین".
سەبارەت بەوەی ئاکپارتی چی کردووە تا خەڵک دەنگی پێبدات، ئەرکان ئەرئۆغڵو گوتی، "دەنگدەری دێرسم وریایە. بەڵێنی ئەوەمان بە خەڵکی دێرسم داوە کە بێ جیاوازی و لە هەموو بوارەکاندا کاری جیدی دەکەین و کەموکوڕییەکان ناهێڵین؛ هەوڵ دەدەین شوێنی خۆمان لە دڵی دێرسمییەکان بکەینەوە. ئێمە داوای دەنگی ئەوان دەکەین. ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ ئەوەی ئێرە باشتر و جوانتر بێت".
ئەرکان ئەرئۆغڵو هەروەها باسی لەوە کرد، "تەواوی ئەو خانوو و باڵەخانانەی لەرزۆکن و بەرگەی بوومەلەرزە ناگرن، دەبێت نۆژەن بکرێنەوە. نزیکەی 70٪ تاوەکو 80٪ی خانووەکانی ئێرە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە".
ئەرئۆغڵو ئاماژەی بەوەشکرد، پلانیان هەیە گرنگی بە کەرتی گەشتیاریی دێرسم بدەن و هەنگاوی جیدیش دەنێن بۆ رێگریکردن لە کۆچی گەنجانی پارێزگاکە.
ئەرئۆغڵو: دەبێت زازاکی زیندوو بمێنێتەوە
سەبارەت بە زمانی دایک و کولتوور، بەربژێرەکەی ئاکپارتی لە دێرسم گوتی، "پێویستە زازاکی زیندوو بمینێتەوە. خەڵکەکەش پێویستە لەگەڵ زمان و کولتووری خۆی بژی. هەنگاوی پێویست بۆ ئەو مەبەستە دەنرێت".
ئەرکان ئەرئۆغڵو رایگەیاند، خاوەنداری لە شێوەزاری زازاکی دەکەن و جەختی لە گرنگیدان بە کولتووری دێرسمییەکان کردەوە و رایگەیاند، "بە کولتووری خۆمانەوە دەمێنین. ئێستا تەواوی دێرسم لە زێڕ و زیو هەڵبکێشیت، ئەگەر ئەم خەڵکە نەبن، مانایەکی نییە. ئەوەی مانای بە ئێرە بەخشیوە، ئەم خەڵکەیە".
هەڵبژاردنی ساڵی 2014ی دێرسم
ئەم گوتانەی ئەرکان ئەرئۆغڵو، بەربژێری ئاکپارتی لەکاتێکدایە کە ئاکپارتی هیچ کاتێک نەیتوانیوە پۆستی سەرۆکی شارەوانیی دێرسیم بباتەوە.
ئەرکان ئەرئۆغڵو لە هەڵبژاردنەکەی 2014ش بەربژێری ئاکپارتی بوو بۆ هەمان پۆست. ئەوکات پلەی سێیەم بوو و تەنیا 9.3٪ی دەنگەکانی دێرسمی بەدەستهێنا.
لە هەڵبژاردنەکەی 2014دا پارتی هەرێمە دیموکراتەکان- بەدەپە 42.4٪ی دەنگەکانی دێرسمی بردەوە و پۆستی سەرۆکی شارەوانیی بەدەستهێنا.
هەڵبژاردنی ساڵی 2019ی دێرسم
لە هەڵبژاردنی شارەوانیی ساڵی 2019 لە پارێزگای دێرسم پارتی کۆمۆنیستی تورکیا- تەکەپە بە بردنەوەی 32.7٪ی دەنگەکان، سەرۆکی شارەوانیی دێرسمی بردەوە.
لەو هەڵبژاردنەدا هەدەپە 28.2٪، جەهەپە 20.5٪، ئاکپارتی 14٪ و مەهەپە 3.4٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
بە گوێرەی راپرسییەکان، دەم پارتی ئەگەری بردنەوەی لە دێرسم بەرزە بە جۆرێک نزیکەی 40٪ی دەنگەکان دەباتەوە و ئاکپارتیش نزیکەی 14٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ