خشتەی کاری موەلیدە ئەهلییەکان لە رەمەزاندا دەگۆڕدرێت

22-03-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە سلێمانی، هەڵەبجە و هەولێر کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانەوە دەگۆڕدرێت. لە هەولێر هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی نەبوو، پێویستە موەلیدەکان کاربکەن. لە سلێمانی لە کاژێر 1:00ی دوانیوەڕۆ بۆ 9:00ی بەیانی رۆژی دواتر کارەبای نیشتمانی نەبوو، پێویستە کارەبای موەلیدە هەبێت. لە دهۆکیش کارکردنی موەلیدە 24 کاژێرە. خشتەکە لە هەڵەبجەش جیاوازە. 
 
رۆژی چوارشەممە 22-03-2023، سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە رووداوی گوت، لەبەر هاتنی مانگی رەمەزان، خشتەی کارکردنی موەلیدەکانیان گۆڕیوە و گوتی: "تاوەکو ئێستا کاری موەلیدەکان بەو جۆرە بووە کە کاژێر 1:00ی دوانیوەڕۆ بۆ کاژێر 1:00ی شەو کار بکەن، بەڵام لە مانگی رەمەزاندا ئەگەر لەنێوان کاژێر 1:00ی دوانیوەڕۆ بۆ 9:00ی بەیانی رۆژی دواتر، کارەبای نیشتمانی نەبوو، دەبێت موەلیدەکان کاربکەن." 
 
ئێستا رۆژانە لە سلێمانی 18 کاژێر کارەبا بە هاونیشتمانییان دەدرێت. بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی، ئەو بەرنامە نوێیەی کارکردنی موەلیدەکانی سلێمانی لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 
 
23-03-2023، یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە؛ بەو بۆنەیەوە لە پارێزگای هەولێریش کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان دەگۆردرێت. ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی گوت: "رۆژانە لە هەولێر 16 بۆ 17 کاژێر کارەبا نیشتمانی هەیە؛ بۆیە بڕیارمانداوە هەر کاتێک کارەبا نەبوو، موەلیدەکان کاربکەن، واتە موەلیدەکان 24 کاژێر ئامادە دەبن." 
 
قارەمان مەولوود گوتیشی، رەمەزانە و خەڵک پێویستی بە کارەبایە؛ بۆیە ئەو بڕیارەیان داوە؛ دەشڵێت: "موەلیدەکان 24 کاژێر ئامادە دەبن، تەنیا مەگەر دانیشتووانی گەڕەکێک بڵێن، نامانەوێت."
 
پێشەوا حەیدەر، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەڵەبجەش ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە مانگی رەمەزاندا موەلیدەکان لە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ بۆ 1:00ی شەو کار دەکەن؛ هاوکات یەک کاژێر پێش بانگی بەیانی و نیو کاژێر دوای بانگیش کارەبای موەلیدە بە هاونیشتمانییان دەدرێت. ئەگەر هەر رۆژێکیش پشوو نەبوو، ئەوە کاژێر 7:00ی بەیانی بۆ 8:30 خولەکی بەیانی موەلیدەکان کاردەکەن. 
 
لە پارێزگای دهۆکیش کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان 24 کاژێرە. هەکار هرووری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە رووداوی گوت، هەر کاتێک لە دهۆک کارەبای نیشتمانی نەبێت موەلیدەکان کار دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە